ئیبراهیم ره‌ئیسی: هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بێ وه‌ڵام نامێنێته‌وه‌

‌ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران

وێستگه‌نیوزـ

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق رایگەیاند، دەبێت ئیسرائیلییەکان بزانن بەم کردەوە نامرۆڤانەیان هەرگیز بە ئامانجەکانیان ناگەن و رۆژ دوای رۆژیش بەرەی موقاوەمە بە هێزتر دەبێ و ئەو تاوانەشیان بێ وەڵام نامێنێتەوە.


رەئیسی لە بەیاننامەیەکدا هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق و کوشتنی راوێژکارە سەربازییەکانی وڵاتەکەی ئیدانەکرد و رایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی کونسوڵگەریی ئێران لە دیمەشق کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە و پێشێلکردنێکی ئاشکرای بڕیارنامە نێوەدوڵەتییەکانە.

دەشڵێت: ئەو فەرماندانەی سوپای پاسداران کراونەتە ئامانج، جەنگاوەرانی سەردەمی بەرگری پیرۆز بوون و ئێستاش بە ئەرکی پاسەوانی لە شوێنە بەرز و پیرۆزەکانی ئیسلام و مرۆڤایەتی لە سوریا بوون.

سەرۆکی کۆماری ئێران لە راگەیەندراوەکە دەڵێت: رژێمی رق لە دڵی ئیسرائیل بۆ خۆ رزگارکردنی لە شکست و هەوڵە بێ ئەنجامەکانی لە بەرانبەر بڕواداران و مۆراڵی موجاهیدانی بەرەی موقاوەمە، کوێرانە کەوتووەتە تیرۆرکردن و بڕیاربدان، بەڵام پێویستە بزانێت ئەو کارە نامرۆییەی هەرگیز بە ئامانج ناگات و رۆژ دوای رۆژ شایەتی بینی بەهێزبوونی بەرەی موقاوەمە و نەفرەت و توڕەیی نەتەوە ئازادیخوازەکان دەبێت بەرانبەر بە پرۆژە نا شەرعییەکانی.

هەروەها ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی قوربانیانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئێوارەی دوێنێ دووشەممە دەکات و دەڵێت، "ئەو کردەوە تاوانکاریی و نا مەردانەی ئیسرائیل بێ وەڵام نامێنێتەوە".


AM:11:23:02/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت