وته‌بێژی‌ پارتی‌ ده‌نگۆیه‌ك ره‌تده‌كاته‌وه‌ و مه‌رجیان بۆ به‌شداریكردنی‌ هه‌ڵبژاردن راده‌گه‌یه‌نێت


وێستگه‌نیوز-
وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ پارتی له‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆی پێداگره‌ و هیچ جۆره‌ ده‌ستوه‌ردانێكی نایاسایی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان قبوڵ ناكات.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 1ی‌ نیسانی‌ 2024 مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ده‌زگایه‌كی میدیایی هه‌واڵێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ پارتی داوای دواخستنی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی بۆ كاتێكی تر كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌مان مه‌رج و ڕێوشوێن و یاساكانی ئێستا، به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن بكات".

مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی‌ پارتی ده‌ڵێت: "لێره‌دا ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی نیه‌ و پارتی له‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆی پێداگره‌ و هیچ جۆره‌ ده‌ستوه‌ردانێكی نایاسایی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان قبوڵ ناكات".

ده‌شڵێت: "پارتی‌ به‌ پێویستی ده‌زانێ هه‌موو كه‌موكوڕییه‌ ته‌كنیكی و پێشێلكارییه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كان له‌ شێوازی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن چاره‌سه‌ر بكرێن و ڕاست بكرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و ئازاد و ده‌ستووری به‌ڕێوه‌ بچێت و سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌ مافی ده‌نگدانیان هه‌بێت و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش ده‌ستكاری نه‌كرێن".

وته‌بێژه‌كه‌ی‌ پارتی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "دواخستنی هه‌ڵبژاردن وه‌ك بژارده‌یه‌ك له‌گه‌ڵ پارتی باس كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پارتی به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكات و لێره‌وه‌ دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پارتی هه‌میشه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنێكی ده‌ستووری و شه‌فاف و بێگه‌رده‌".

مه‌حمود محه‌مه‌د راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بۆ كاتێكی تریش دوابخرێت ده‌بێ ئه‌و ڕاستكردنه‌وه‌ ده‌ستووری و یاسایی و ته‌كنیكیانه‌ ئه‌نجام بدرێن كه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد پێویسته‌".

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ شه‌وی‌ رابردوو واده‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ ناوی‌ كاندیدانی‌ حزب و هاوپه‌یمانییه‌تیه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ كۆتایی هات، به‌ڵام پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ناوی‌ كاندیده‌كانی‌ راده‌ست نه‌كرد.



PM:10:43:01/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 3156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو