ده‌نگدان له‌ باكووری كوردستان و توركیا كۆتاییهات


وێستگه‌نیوز-
وه‌ك پێشتر بڕیاری‌ لێدرابوو، ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ شاره‌وانییه‌كانی‌ باكووری كوردستان و توركیا كۆتاییهات.


ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا وتی‌: "پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ 32 پارێزگای توركیا و باكووری كوردستان كۆتاییهات".

وتیشی‌: "پرۆسه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان له‌و 32 پارێزگایه‌ ده‌ستی پێكرد".

كاتژمێر 7:00ی به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 31ی ئاداری 2024 هاووڵاتییانی باكووری كوردستان و خه‌ڵكی توركیا بۆ دیاریكردنی نوێنه‌ره‌كانیان بۆ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانییه‌كان روویان له‌ سندووقه‌كانی ده‌نگدان كرد.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، 34 پارتی سیاسیی بۆ مسۆگه‌ركردنی سه‌رۆكایه‌تییكردنی 81 شاره‌وانیی كه‌ 30یان گه‌وره‌ شاره‌وانین ركابه‌رییان كرد.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا 61 ملیۆن و 441 هه‌زار و 882 هاووڵاتی باكووری كوردستان و خه‌ڵكی توركیا مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو كه‌ 1 ملیۆن و 610 هه‌زار و 32 كه‌سیان یه‌كه‌مجاره‌ مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌یه‌.

له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هاووڵاتییانی باكووری كوردستان و پارته‌ سیاسییه‌كان ده‌یانه‌وێت كۆتایی به‌ بڕیاری قه‌یووم بێنن كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ له‌ پێنج ساڵی ڕابردوو زۆرینه‌ی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ كورده‌كان له‌ پۆسته‌كانیان دوورخرانه‌وه‌ و به‌ بڕیاری دادگا سه‌رۆك شاره‌وانیی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ پۆسته‌كانیان به‌ قه‌یووم دانران.


PM:05:33:31/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت