كوڕی حه‌مید نوری ئێرانی كه‌ له‌ ستۆكهۆڵم زیندانیكراوه‌ ده‌ستگیر ده‌كات

‌حه‌مید نوری

وێستگه‌نیوزـ

حه‌مید نوری، هاووڵاتییه‌كی ئێرانییه‌ و یاریده‌ده‌ری دادوه‌ره‌ و له‌ ستۆكهۆڵم زیندانی كراوه‌، كچه‌كه‌ی رایگه‌یاند ده‌سه‌ڵاتدارانی سوید، مه‌جید نوری برای، كه‌ هاتبوو بۆ سوید تا سه‌ردانی باوكی بكات، ده‌ستگیر ده‌كه‌ن.

عه‌تیه‌ نوری، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نووسیویه‌تی: "دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ نه‌مانی هه‌واڵی براكه‌م كه‌ رۆشتبوو سه‌ردانی باوكم بكات، زانیمان مه‌جیدی برام له‌لایه‌ن پۆلیسی سویدییه‌وه‌، ده‌ستگیركراوه‌".

ئاشكرایه‌ حه‌مید نوری، له‌ به‌رواری 9ی تشرینی دووه‌می ساڵی 2019، كاتێك ده‌ڕواته‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ستۆكۆڵم، ده‌ستگیر ده‌كرێت و له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا له‌ زینداندایه‌.

ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی له‌ سوید، تۆمه‌تی تێوه‌گلان له‌ سێداره‌دانی به‌ كۆمه‌ڵی زیندانیانی سیاسی، له‌ هاوینی ساڵی 1988، ئاراسته‌ی حه‌مید نوری كردووه‌. دادگا له‌ به‌رواری 10 ئابی ساڵی 2021 و له‌ ماوه‌ی 92 دانیشتندا، ده‌ستیكرد به‌ دادگایی كردنی نوری و دواجار له‌ 3ی مایسی ساڵی 2022، سزای زیندانیكردنی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ردا سه‌پاند.

ده‌ستگیركردنی حه‌مید نوری و دادگایكردنه‌كه‌ی، بووه‌ هۆی تووڕه‌بوونی حكومه‌تی ئێرانی و زیندانیكردنی حه‌مید نوری به‌ "بارمته‌" وه‌سفكرد و داوای قه‌ره‌بوو له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی سوید ده‌كات.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی سوید له‌ مانگی كانونی دووه‌می ساڵی رابردوودا، پشتگیری خۆی بۆ بڕیاره‌كه‌ دادگا، ده‌رحه‌ق به‌ حه‌مید نوری ده‌ربڕی، به‌مه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان تاران و ستۆكهۆڵم، گرژی و ئاڵۆزی زیاتری به‌خۆیه‌وه‌ بینی.

له‌ لایه‌كه‌وه‌، تاران وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له‌سه‌ر "سوتاندنی قورئان" رازی نه‌بوو باڵیۆزی خۆی بنێرێت بۆ سوید. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ لانی كه‌م دوو هاووڵاتی سویدی له‌ زیندانه‌كانی ئێراندا ده‌ستبه‌سه‌رن، یه‌كه‌میان بریتییه‌ له‌ ئه‌حمه‌د ره‌زا جه‌لالی كه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچووه‌، دووه‌میان یۆهان فلۆدرۆس كه‌ فه‌رمانبه‌رێكی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌.

هه‌روه‌ها پێشتر ئێران سكرتێری گشتی پێشووی "بزووتنه‌وه‌ی تێكۆشانی عه‌ره‌ب بۆ رزگاركردنی ئه‌هواز" حه‌بیب ئه‌سیود-ی له‌سێداره‌ دا كه‌ هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی سویدی بوو.


PM:02:07:31/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 1064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو