پێشه‌وا هه‌ورامانی: سبه‌ینێ لیستی مووچه‌ی مانگی دوو بڵاوده‌كرێته‌وه‌

‌پێشه‌وا هه‌ورامانی

وێستگه‌نیوزـ

پێشه‌وا هه‌ورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی دوو سبەینێ بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.

پێشەوا هەورامانی، لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵ8 رایگه‌یاند: بڕیاردان لە دابەشنەکردنی مووچەی مانگی دوو بەو پارەیەی بەغدا ناردبووی بە کۆی دەنگی سەرجەم لایەنەکانی ناو پێکهاتەی حکومەت بووەو پێیان باش بووە بەوپارەیە مووچە دابەشنەکرێت.

باسی له‌وه‌شكرد، هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بەردەوامە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوام لەسەر هێڵن و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڵێن دراوە مووچەی سەرجەم هێزە ئەمنییەکانیش بنێردرێت.

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، "بڕیارەکانی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێم بڕیاری سوودبەخشن بۆ هاووڵاتیان و دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئابووری و بازاڕ، و بڕیارەکانی ئەمڕۆش لە ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگی سەرجەم لایەنەکان بووە و هەمووان دەنگییان لەسەر داوە".

راشیگەیاند، لیستی مووچە سبەینێ بڵاودەکرێتەوە و دەستبەدابەشکدنی مووچەی مانگی دوو دەکرێت، و هەر سبەینێش لیستی مووچەی مانگی سێ بە پلە بەرزکردنەوەوە رەوانەی بەغدا دەکرێت، سەرجەم پلە وەزیفییەکانی فەرمانبەران گۆڕانکارییان تیادا دەکرێت و بە پلە بەرزکردنەوەوە بۆ بەغدا دەنێردرێت.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، گرنگترینیان دابەشکردنی مووچە و دابەشکردنی زەوی و داشکاندنی قەرزی هاووڵاتیان بوو.


PM:11:27:27/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 5212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت