قوباد تاڵەبانی: هەوڵەکانمان بەو ئاراستەیه‌ن هەموو کێشەکانی هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن


وێستگه‌ نیوزـ

جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان سەردانی کونسوڵخانەی ئیماراتی له‌ هه‌ولێر کرد و لەلایەن ئەحمەد ئیبراهیم ئەلزاهیری، کونسوڵی گشتیی ئیماراتەوە پێشوازی لێکرا، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا جێگری سه‌رۆك وه‌زیران باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هەرێم و ئیمارات و هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد.

کۆبوونەوەکە ئه‌مرۆ چوارشەممە بەڕێوەچووه‌و به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێك، قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم ئاماژەی بە ئەزمونی سەرکەوتووی گەشەسەندنی ئیمارات کردوه‌و خواستی هەرێمی کوردستانی دەربڕیوه‌ بۆ سودوەرگرتن لە ئەزمونی گەشەسەندنی ئەو وڵاتە لە بوارە جیاوازەکاندا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە چۆنییەتی کاری پێکەوەیی کراوه‌ بۆ هاندانی وەبەرهێنەرانی ئیماراتی تا ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن و جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاندوه‌: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەموو جۆرە کارئاسانییەک پێشکەشی وەبەرهێنەرانی ئیماراتی بکات بە تایبەتیش لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا. 

تەوەرەێکی دیکەی گۆبونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆ بووه‌ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دواین پێشهاتەکان و قوباد تاڵەبانی وتویه‌تی: هەوڵەکانمان بەو ئاراستەیەدان کە هەموو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی بەپێی دەستور چارەسەر بکرێن.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاندوه‌: نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوا بکەوێت و پێویستە لەو وادەیەی کە بڕیارە بەم نزیکانە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاری بکرێت، هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت.


PM:12:52:28/02/2024








ئه‌م بابه‌ته 1064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت