شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا چوار به‌رپرسی بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی‌ دیاریكرد


وێستگه‌نیوز-
به‌ چوار نووسراوی‌ جیاواز و له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌دا، لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، چوار به‌رپرسی بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی‌ دیاریكرد.

به‌گوێره‌ی‌ چوار نووسراو كه‌ ده‌ست وێستگه‌نیوز كه‌وتوون، شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا و به‌ دیاریكراوی‌ له‌ 1ی‌ شوباتدا به‌ چوار نوسراو چوار به‌رپرسی بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی دیاریكردووه‌.

ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ وه‌ك به‌رپرس له‌ ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دانراون، بریتین له‌:

1-ئاوات مسته‌فا حه‌مه‌ڕه‌ش وه‌كو لێپرسراوی نوسینگه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان (جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا) و هاوكات وه‌كو لێپرسراوی كارگێڕی و دارایی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی.

2-موسا ره‌ئوف كاكه‌ حه‌مه‌ وه‌كو راوێژكاری لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له‌ نووسینگه‌ی (جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا).

3-سمكۆ ئه‌سعه‌د ئه‌دهه‌م وه‌كو به‌رپرسی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی.

4-سوبحی محه‌مه‌د ره‌شید "حاكم سوبحی" وه‌كو به‌رپرسی به‌شی یاسا له‌ ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان.

كۆتاییه‌كانی ئه‌یلولی 2023، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆنگره‌ی پێنجه‌می خۆی به‌ست و تیایدا بافڵ تاڵه‌بانی وه‌كو سه‌رۆكی یه‌كێتیی هه‌ڵبژێردرا.

له‌ كۆنگره‌كه‌دا ناوی (ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی) گۆڕدرا بۆ (ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وه‌ك سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ دیاریكرا.

دوای پێنج مانگ له‌ كۆنگره‌، هێشتا ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ته‌نیا سه‌رۆكی هه‌یه‌ كه‌ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا و ئه‌ندامه‌كانی دانه‌نراون و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ئه‌كتیڤ نه‌كراوه‌.

به‌پێی ماده‌ی (54)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتیی، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی یه‌كێتی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی یه‌كێتیه‌وه‌ دیاری ده‌كرێن.

بڕیاره‌ به‌مزوانه‌ بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی ئه‌ندامه‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ دیاری بكات.

به‌پێی ماده‌ی (54)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتیی، ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی یه‌كێتیی ئۆرگانێكی باڵای یه‌كێتییه‌و ئه‌ركی رێنماییكردنی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ئۆرگانه‌كانی تری یه‌كێتییه‌ بۆ پرسه‌ سیاسی و ستراتیژییه‌كان.

له‌ ماوه‌كانی‌ دواییدا باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی له‌ سلێمانی به‌ ره‌سمی كرا به‌ باره‌گای ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی.


PM:05:28:26/02/2024










ئه‌م بابه‌ته 14736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت