ئەحمەد جبووری لە كاندیدی بۆ پۆستى پارێزگارى سەلاحەدین کشایەوە

‌ئەحمەد جبوری

وێستگه‌نیوزـ

ئەحمەد جبوورى لە كاندیدى پۆستى پارێزگارى سەلاحەدین کشایەوە، لەدواى ئەوەى سەرۆک کۆمارى عێراق مەرسوومى دەستبەکاربوونی بۆ دەرنەکرد.
 

ئەحمەد جبوورى، كاندیدى پارتى جەماوەرى نیشتیمانى، 25ی شوباتى 2024 لە راگەیه‌ندراوێکدا کشانەوەى لە كاندیدبوونی بۆ پۆستى پارێزگارى سەلاحەدین راگەیاند و، بەبێ ئەوەى پەنا بۆ دادگاى کارگێڕى ببات، كاندیدێکى دیکە لە پارتەکەى بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکات.
 
لە 15ی شوباتی 2024، لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق نووسراوێکی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین نارد و ئاماژەى بەوە کرد، ئەحمەد جبووری، کە لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە وەک پارێزگار هەڵبژێردرا، کۆت و بەندی تاوانی لەسەرە، بۆیە مەرسوومى کۆمارى بۆ دەستبەکاربوونى دەرنەکردووە.
 
ئەحمەد جبوورى بە "ئەبو مازن" ناسراوە، هیواى خواستووە ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین پەلە بکات لە پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی.
 
رۆژی 4ی شوباتی 2024 ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەحمەد جبووری وەک تاکە كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری سەلاحەدین هەڵبژارد.
 
لە هەڵبژاردنى 18ـی کانوونى یەکەمى 2023ـى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، لیستى پارتى جەماوەریى نیشتمانی، لە کۆى 15 کورسیی ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، چوار کورسیی بەدەستهێنا.
 
ئەحمەد جبووری، ئاماژەى بەوە داوە کاتێک بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە لە رێگەى زۆرینەوە متمانەیەکى "گەورە"ـی بەدەستهێناوە.
 


AM:09:03:26/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت