زيلينسكی: تا ئێستا 31 هه‌زار سه‌ربازی ئۆكرانی له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا كوژراون


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئاشكرایكرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ پلانێكی بۆ هێرشی پێچه‌وانه‌، بۆ سه‌ر روسیا ئاماده‌كردووه‌، راشیگه‌یاند كه‌ تا ئێستا 31 هه‌زار سه‌ربازی ئۆكرانی له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا كوژراون.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25ی شوباتی 2024، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا، رایگه‌یاند ئۆكرانیا پلانێكی "روون"ی بۆ هێرشێكی نوێی پێچه‌وانه‌، بۆ سه‌ر هێزه‌كانی روسیا ئاماده‌كردووه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ناتوانێت، ورده‌كارییه‌كانی ئاشكرا بكات.

زیلینسكی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌ كیێڤی پایته‌خت رایگه‌یاند، ئاڵوگۆڕكردنی هێزه‌كان بۆ رێخستنه‌وه‌ی توانا سه‌ربازییه‌كان، كارێكی زۆر گرنگ و بایه‌خداره‌ و ئۆكرانیا، پێویستی به‌وه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر، هێزی یه‌ده‌گ ئاماده‌بكات.

سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا پلانی دژه‌ هێرشه‌كه‌ی ساڵی پار كه‌ هێزه‌كانیان ئه‌نجامیاندا، به‌ر له‌وه‌ی ده‌ستپێبكات، روسیا به‌ پلانه‌كه‌ی زانیبوو و ده‌ڵێت: "پلانی هێرشی پێچه‌وانه‌مان، به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كه‌، له‌سه‌ر مێزی كرێملین دانرابوو".

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی، بۆ ئه‌م ساڵی شه‌ڕه‌كه‌، "به‌هۆی دزه‌ كردنی زانیارییه‌كانه‌وه‌" سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی "چه‌ندین پلانی" ستراتیژین.

31 هه‌زار كوژراو
سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئاشكرای كرد له‌ میانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی روسیا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان؛ كه‌ دوو ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌، 31 هه‌زار سه‌ربازی ئۆكرانی كوژراون. له‌ ماوه‌ی چه‌ندین مانگی رابردوودا، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م ئاشكراكرنی فه‌رمی ژماره‌ی سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كانه‌.

زیلینسكی باسی ئه‌وه‌شده‌كات ناتوانێت ژماره‌ی برینداره‌كانی شه‌ڕه‌كه‌ ئاشكرا بكات، چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ پاڵپشتییه‌ك بۆ پرۆسه‌ی داڕشتنی پلانه‌ سه‌ربازییه‌كانی روسیا و ده‌ڵێت: "له‌م شه‌ڕه‌دا 31 هه‌زار سه‌ربازی ئۆكرانی كوژراون، نه‌ك 300 هه‌زار یان 150 هه‌زار... ڤلادیمێر بوتین سه‌رۆكی روسیا، له‌وێوه‌ درۆ ده‌به‌خشێته‌وه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و 31 هه‌زار كوژراوه‌، بۆ ئێمه‌ خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌یه‌".

ئۆكرانیا له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی 2022وه‌وه‌، زیانه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئاشكرا نه‌كردووه‌، له‌و كاته‌دا میخایلۆ بۆدۆلیاك راویژكاری سه‌رۆكایه‌تی، رایگه‌یاند له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕكه‌وه‌ له‌ 24 مانگی شوباتی، 13 هه‌زار سه‌ربازی ئۆكرانی كوژراون. هه‌رچی روسیایه‌، زیانه‌ سه‌ربازییه‌كانی خۆی ئاشكرا ناكات و به‌ كارێكی نهێنی داده‌نێت.

پلانی ئاشتی

سه‌رۆكی ئۆكرانیا ده‌ڵێت وڵاته‌كه‌ی ئومێده‌واره‌ سه‌ركرده‌كانی جیهان، له‌ میانه‌ی ئه‌و لوتكه‌یه‌ی له‌ چه‌ند مانگی داهاتوودا، له‌ سویسرا ده‌به‌سترێت، گفتوگۆ له‌سه‌ر دید و تیڕوانینی كییڤ بۆ ئاشتی، بكه‌ن. دوای ئه‌وه‌ پلانێكی ئاشتی بخه‌نه‌ به‌رده‌م روسیا.

زیلینسكی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا وتی: "ئومێده‌وارم ئه‌وه‌ له‌ به‌هاردا رووبدات و پێویسته‌ ئه‌م ده‌ستپیشخه‌رییه‌ دیبلۆماسییه‌ له‌ده‌ست نه‌ده‌ین".

ئاشكرایه‌ روسیا له‌ 24 شوباتی ساڵی 2022، ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌ست پێكردووه‌. له‌و كاته‌وه‌ وڵاتانی خۆرئاوا، له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه‌ ئه‌مریكا، چ به‌ پاره‌ و چ به‌ كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگی و به‌رگریی، كۆمه‌ك و هاوكاری پێشكه‌ش به‌ ئۆكرانیا ده‌كه‌ن.


PM:09:58:25/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت