له‌ توركمانستان ژیان به‌بێ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌


وێستگه‌ نیوزـ

وڵاتی توركمانستان، یه‌كێكه‌ له‌ داخراوترین وڵاتانی جیهان، به‌ جۆرێك ده‌وڵه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی نیمچه‌ ته‌واوه‌تی، كۆنترۆڵی ئینته‌رنێتی كردووه‌. بیاشیم ئیشانگۆلییڤ، هاوڵاتییه‌كی ئه‌و وڵاته‌یه‌ و سه‌وزه‌ و میوه‌ ده‌فرۆشێت و ده‌ڵێت: "ئێمه‌ ده‌زانین فه‌یسبوك و ئینستگرام  یوتوب هه‌یه‌، به‌ڵام ناتوانین بیانگه‌ینێ، لێره‌ هه‌مو شتێك قه‌ده‌غه‌یه‌".

ئه‌م گه‌نجه‌ ته‌مه‌ن 19 ساڵه‌، له‌ یه‌كێك له‌ بازاڕه‌كانی عشقئابادی پایته‌ختی وڵاته‌كه‌، قسه‌ی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس كردووه‌ و ده‌ڵێت: "هه‌ندێك كه‌س ده‌ستیان ده‌گاته‌ به‌ تۆڕی VPN كه‌ تۆڕێكی تایبه‌تی مه‌جازییه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش كاتییه‌ و ئه‌و تۆڕه‌ش قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئینته‌رنێت خاوه‌، لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سیك توانی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی یان فیلمێكی سه‌رنج راكێش دابه‌زێنێت، ئه‌وا هه‌مومان پێكه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ یه‌ك سه‌یری ده‌كه‌ین".

له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مو قه‌ده‌غه‌كردنه‌دا، كه‌چی وا دیاره‌ سه‌ردار بێردی مه‌حمه‌دۆف، سه‌رۆكی ئه‌م كۆماره‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئاسیای ناوه‌ڕاست و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ مه‌وادی هایدرۆكاربۆنی، هێشتا به‌وه‌ رازی نییه‌ و له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی كانونی دووه‌می رابردوو، مه‌حمه‌دۆف رایگه‌یاند: "ده‌یه‌وێت ئاسایشی ئه‌لیكترۆنی له‌ وڵاتدا به‌هێزتر بكات"، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی هاوشانی ئه‌و قه‌ده‌غه‌كردن و كۆت و به‌نده‌بێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی پێش خۆی سه‌پاندبوویان، له‌وانه‌ باوكی "قوربان قولی بردی مه‌حمه‌دۆف" و "سابیر موراد نیازۆف" كه‌ به‌ سه‌ركوتكردنه‌ دڕندانه‌كه‌ی بۆ هه‌ر جۆره‌ ئۆپۆزسیۆن بوونێك، ناسراو بوو.

له‌ وڵاتی توركمانستان، به‌كارهێنانی خزمه‌تگوزاری نامه‌گۆڕینه‌وه‌ له‌سه‌ر تۆڕه‌ گه‌وره‌كانی واتسئاپ و ڤایبه‌ر و تیلیگرام قه‌ده‌غه‌یه‌. له‌ بری ئه‌وانه‌، حكومه‌ت تۆڕێكی دروستكردووه‌ و له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیدایه‌ و ناوی لێناوه‌: "بێزبارد".

هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتداران، وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ یوتوب، تۆڕێكی دیكه‌یان به‌ ناوی "بیلیت" به‌گه‌ڕخستووه‌ و هه‌مو ئه‌و ناوه‌رۆكه‌یان لێ لابردووه‌؛ كه‌ له‌وانه‌یه‌ جیهانی ده‌ره‌كی، بۆ هاوڵاتیانی  توركمانستان ئاشكرا بكات.

واقعێكی هاوته‌ریب
ره‌سلان میاتییڤ، سه‌رنووسه‌ری ماڵپه‌ری هه‌واڵی "توركمان نیوز" كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیدا قه‌ده‌غه‌كراوه‌، به‌ ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاندووه‌: "هیچ دیمه‌نێكی میدایی بوونی نییه‌"، ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ كه‌ له‌ هۆڵه‌نده‌ كارده‌كات، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ هاوڵاتیانی توركمانستان، هیچ شتێك نابینن ته‌نها "ریكلام نه‌بێت بۆ به‌هێزكردنی بنه‌ماڵه‌ی بیردی مه‌حمه‌دۆف".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م واقیعه‌ هاوته‌ریبه‌ نه‌ڕوخێت و هه‌ره‌س نه‌هێنیت كه‌ میدیاكان دروستیان كردووه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌ ئینته‌رنێتیان قه‌ده‌غه‌ كردووه‌".

میدیاكانی توركمانستان كه‌ خاوه‌ندارییه‌كه‌ی بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ته‌نها زانیاری فه‌رمی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و راپۆرتێكی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو، رێز و سوپاس پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكه‌كانی وڵات ده‌كه‌ن و ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌ن.

یوسوب باخشاییف، فه‌رمانبه‌رێكی حكومی ته‌مه‌ن 38 ساڵه‌ و له‌ پایته‌خی وڵاته‌كه‌ ده‌ژی و پێیوایه‌: "ته‌له‌فزیۆنی توركمانستان زۆر بێزاركه‌ره‌ و هیچ زانیارییه‌ك پێشكه‌ش ناكات و هه‌میشه‌ هه‌مان به‌رنامه‌ی دووباره‌ په‌خشده‌كات".

باخشاییف پێشترده‌یتوانی له‌ رێگه‌ی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه‌، بگات به‌ كه‌ناڵه‌ بیانییه‌كان، به‌ڵام له‌مڕۆدا ئه‌وه‌ بووه‌ به‌ مه‌حاڵ و ده‌ڵێت: "فه‌رمانبه‌رانی شاره‌وانی هاتن بۆ ماڵه‌كه‌م، داوایان لێكردم سه‌حنی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان لاببه‌م و وتیان ئه‌و سه‌حنانه‌ هه‌نده‌سه‌ی ته‌لارسازیی شاره‌كه‌ تێكده‌دات".

هه‌ندێك له‌ كه‌ناڵه‌ خۆرئاواییه‌كانی وه‌ك فرانس 24، بی بی سی، یۆرۆ نیوز، مۆڵه‌تی په‌خشكردنیان له‌ وڵاته‌كه‌دا هه‌یه‌. به‌ڵام جه‌ماوه‌رێكی زۆر كه‌میان هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ توركمانستان ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م له‌ دانیشتوان، به‌ زمانی ئینگلیزی قسه‌ ده‌كه‌ن.

خراپترین وڵاتی خراپ
لێره‌وه‌ هاوڵاتیانی توركمانستان، رۆژانه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌، هه‌ندێك به‌رنامه‌ ده‌بینن، تێیدا سه‌ردار بیردی مه‌حمه‌دۆف،  یا ئه‌وه‌تا قسه‌ی ناشرین به‌ وه‌زیره‌كان ده‌ڵێت، یان له‌ بیابان سه‌رقاڵی دره‌خت چاندنه،‌ یاخود به‌ گه‌رمی چه‌پڵه‌ رێزانی ده‌كه‌ن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، باوكی كه‌ نازناوی "پاڵه‌وانی پارێزه‌ری" هه‌ڵگرتووه‌ یان ئه‌وه‌ی به‌ توركمانی پێیده‌وترێت (ئاركه‌داغ)، كۆمه‌ڵێ ئیمتیازی  گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و هێشتا له‌ رووداوه‌ وه‌زرشییه‌كان یاخود له‌ ئاهه‌نگه‌ مۆسیقییه‌كان، هه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت.
به‌ڵام له‌پشت مانشێت و هه‌واڵی رۆژنامه‌كانه‌وه‌ كه‌ زۆر به‌ وردی داده‌ڕێژرێت، وڵاتێك بوونی هه‌یه‌ تۆمارێكی ره‌شی له‌ بواری مافه‌كانی مرۆڤدا هه‌یه‌.

فریدیۆم هاوس، رێكخراوێكی ئه‌مریكی ناحكومییه‌ و به‌دواداچوون بۆ بارودۆخی ئازادییه‌ مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان له‌ وڵاتانی جیهانی ده‌كات، توركمانستانی له‌ ریزی "خراپترین وڵاتی خراپ" پۆلێن كردووه‌. هه‌روه‌ها رێخراوی رۆژنامه‌نوسانی بێ سنوور، توركمانستان له‌ پله‌ی خواره‌وه‌ی ریزبه‌ندی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری داده‌نێت.

به‌ڵام هیچ شتێك له‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌، خاتو ئۆكسانا تشۆمیلۆڤای ته‌مه‌ن 40 ساڵ، بێزار ناكات كه‌ له پایته‌ختی وڵاته‌كه‌، فه‌رمانبه‌ری كۆمپانیایه‌كی بیناسازییه‌ و خۆشحاڵه‌ به‌ سه‌قامگیری وڵاته‌كه‌ی.

ئه‌و خانمه‌ له‌ كاتێكدا رۆژنامه‌ی (توركمانستانی بێلایه‌ن)ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی سه‌رۆكی وڵات له‌ یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌یدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌ ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاندووه‌: "له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ی رۆژنامه‌كه‌، هه‌ست به‌ سه‌قامگیر و هێمنی ده‌كات، چونكه‌ نه‌ وتاری ره‌خنه‌ئامێزی تێدایه‌ نه‌ زانیاری نه‌رێنی".


PM:09:14:12/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو