لیمۆیه‌ك به هه‌زار و 800 دۆلار فرۆشرا
وێستگه‌نیوزـ
له حاڵه‌تێكی سه‌یر و ده‌گمه‌نی مه‌زاد دا، لیمۆیه‌ك كه ته‌مه‌نی 285 ساڵه، له مه‌زادێكی ئاشكرا له به‌ریتانیا، به هه‌زار و 800 دۆلار فرۆشرا.
ئه‌م لیمۆ وشككراوه كه ته‌مه‌نی نزیكه‌ی سێ سه‌ده‌یه، سه‌لماندی گه‌نجینه‌یه‌كی كه‌له‌پوری گرانبه‌هایه، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی له مه‌زادێكی ئاشكرا به‌رامبه‌ر به زیاد له 1400 جونێهی ئیسته‌رلینی "1800 دۆلار" فرۆشرا.
هه‌رچه‌نده ئامانج له مه‌زادكردنی لیمۆكه، ته‌نها بۆ خۆشی و وه‌ك گاڵه‌ته‌یه‌ك وابووه، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گڕی به‌ردایه به‌شدارانی مه‌زاده‌كه كه خوازیاری كڕینی بوون. قه‌باره‌ی لیمۆ وشككراوه‌كه پێنج سانتیمه‌تره و له كاتی پرۆسه‌ی پاكردنه‌وه و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ماڵێك، له ناو دۆڵابێكی كۆندا دۆزراوه‌ته‌وه.
دۆڵابێكی سه‌ده‌ی نۆزده
ئه‌ندامانی خاوه‌نی ماڵه‌كه، سه‌رقاڵی جیاكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانی مامیان بوون، كاتێك ئه‌و دۆڵابه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه كه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی نۆزده و له‌و بڕوایه‌دابوون پاره‌یه‌كی باش ده‌كات، بۆیه داویانه به یه‌كێك له‌و بازرگانانه‌ی كاری مه‌زادكردنی ده‌كات. كابرای بازرگان كاتێك له سه‌روبه‌ندی وێنه‌گرتنی دۆڵابه‌كه بۆ فرۆشتنی، له به‌شی پشته‌وه‌ی یه‌كێك له چه‌كمه‌جه‌كان، لیمۆكه ده‌دۆزێته‌وه، شۆك ده‌بێت.
ئه‌و نه‌خشه‌ی له‌سه‌ر توێكڵی لیمۆكه هه‌ڵكۆڵراوه، ده‌ریدخات لیمۆكه: "له به‌ڕێز پی لی فرانچینی له 4ی تشرینی دووه‌می 1739 پێشكه‌ش به خاتوو ئی. باكسته‌ر كراوه". پێده‌چێت لیمۆكه، وه‌ك دیارییه‌كی رۆمانسی، له هیندستانه‌وه هێنرابێت بۆ ئینگلته‌ره.
دێڤید بریتیل، بازرگانی مه‌زاده‌كه ده‌ڵێت: "ئێمه ویستمان له مه‌زاده‌كه‌دا كاتێكی خۆش به‌سه‌ربه‌رین و وه‌ك شۆخی تۆزێك پێبكه‌نین و له‌وبڕوایه‌دابووین نرخی لیمۆكه له نێوان 40 بۆ 60 جونه‌یهی ئیسترلینی ده‌بێت. به‌ڵام به 1416 جونه‌یهی ئیسترلینی فرۆشرا".
كه‌چی خودی دۆڵابه‌كه، ته‌نها به 32 جونه‌یهی ئیسترلینی "40" دۆلار فرۆشرا. ئه‌و بازرگانه پێیوایه لیمۆكه پاره‌یه‌كی زۆری كردووه، چونكه ئه‌گه‌ری فرۆشتنی شتێكی دیكه‌ی له‌م جۆره، له مه‌زادێكی دیكه‌دا، ئه‌گه‌رێكی زۆر كه‌م و ده‌گمه‌نه. رۆژنامه‌ی سه‌نی به‌ریتانی وا ده‌ڵێت.
PM:10:31:31/01/2024
ئه‌م بابه‌ته 3192
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت