هێرشی‌ چه‌كداری‌ كرایه‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ دیاله‌ و ژمارەیەک كه‌س كوژران


 وێستگه‌نیوز-
له‌ ناوچه‌یه‌كی‌ پارێزگای‌ دیاله‌ هێرشی‌ چه‌كداری‌ ئه‌نجامدرا و به‌پێی‌ ئاماره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان 10 كه‌س كوژراون و ژماره‌یه‌كی‌ تر برینداربوون.

میدیا عێراقییه‌كان له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پارێزگای دیاله‌ بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ دوو هێرش كرایه‌سه‌ر سنووری‌ عیمرانییه‌ی ناحیه‌ی‌ وه‌جیهیه‌ له‌ پارێزگای‌ دیاله‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌منییه‌كه‌ ده‌ڵێت: "به‌هۆی‌ هێرشه‌كانه‌وه‌ 10 كوژران و نزیكه‌ی‌ 10ی‌ تر برینداربوون".

وتیشی‌: "به‌وهۆیه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ قه‌زای میقدادیه‌ له‌ سنوری پارێزگای دیاله‌ ڕاگه‌یه‌ندرا.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ به‌هۆی سه‌ختی برینی به‌شێك له‌ برینداره‌كانه‌وه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ زیادبكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ راشیگه‌یاند كه‌ هێرشه‌كه‌ ئه‌و هاوڵاتییه‌ مه‌ده‌نیانه‌ی كردۆته‌ ئامانج كه‌ له‌ گردبونه‌وه‌یه‌كی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ قه‌زای به‌له‌دروز ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ و له‌نێو كوژراو و برینداره‌كاندا كه‌سوكاری سه‌ڵاح زه‌ینی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌یه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، فه‌رمانده‌یی پۆلیسی دیاله‌ له‌ قه‌زای میقدادیه‌ له‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی به‌عقوبه‌ رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مشه‌و له‌ نزیك گوندی عیمرانییه‌ی ناحیه‌ی وه‌جیهیه‌، چه‌كدارانی داعش بۆمبێكی چێندراویان به‌ ئۆتۆمبێلێكدا ته‌قانده‌وه‌ و دوای كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی، به‌ نیشانشكێن (قه‌نناس) هێرشیان كرد و ژماره‌یه‌ك كه‌س كوژران و برینداربوون".

راشیگه‌یاند كه‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كانیان خراونه‌ته‌ ئه‌وپه‌ڕی حاڵه‌تی ئاماده‌باشیه‌وه‌ و به‌ ناوچه‌كاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.


PM:11:41:30/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 2140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت