جگه له ئاڵۆگۆڕی دیله‌كان، ره‌گه‌زێكی نوێ دێته نێو دانوستانه‌كانی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس
بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو فەلەستینیانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون
وێستگه‌نیوزـ
له دانووستانی ئاڵۆگۆڕی دیله‌كانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، له به‌رامبه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربه‌سته‌كه یان راگرتنی شه‌ڕه‌كه، ئه‌گه‌ری هاتنه ناوه‌وه‌ی ره‌گه‌زێكی نوێ هه‌یه كه بریتییه له ته‌رمی كوژراوانی ئیسرائیل و فه‌له‌ستین، هه‌ردوولا ئه‌م ته‌رمانه‌یان لای خۆیان هێشتووه‌ته‌وه.
نوێترین ئه‌و ته‌رمانه‌ی كه له لایه‌ن حه‌ماسه‌وه ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه، ته‌رمی سێ سه‌ربازی ئیسرائیلییه. به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی سوپای ئیسرائیل، رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو ئاشكرای كرد، حه‌ماس له هێرشه‌كه‌ی حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو، بۆ سه‌ر ئۆردوگانشینه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كه‌رتی غه‌ززه، ئه‌و سێ سه‌ربازه‌ی كوشتووه و ته‌رمه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه‌ته‌وه بۆ ناو كه‌رتی غه‌ززه.
سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، رۆژنامه‌ی "یه‌دیعوت ئه‌حره‌نۆت" له هه‌مان رۆژدا- واته سێشه‌ممه‌ی رابردوو- رایگه‌یاند سێ سه‌ربازه كوژراوه‌كه بریتین له "رائید تۆمه‌ر یاكۆڤ ئه‌حیماس ته‌مه‌ن 20 ساڵ، رائید كیریل برۆدسكی ته‌مه‌ن 19 ساڵ، شاكد داهان ته‌مه‌ن 19 ساڵ".
تا حاڵی حازر و دوای تێپه‌ڕبوونی ئاگربه‌سته مرۆییه‌كه كه رۆژی هه‌ینی رابردوو، چووه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، بابه‌تی ئاڵوگۆڕی دیله‌كانی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس، ته‌نها تایبه‌ت بووه به ژنان و منداڵان و ئه‌وانه‌ی خزمه‌تی سه‌ربازییان نه‌كردووه. ئاڵوگۆڕه‌كه هیچ ته‌رمێك یان چه‌كداری هیچ لایه‌نێكی له‌خۆنه‌گرتووه.
دوو شرۆڤه‌كاری سیاسی كه قسه‌یان بۆ پێگه‌ی سكای نیوزی عه‌ره‌بی كردووه، باس له‌وه ده‌كه‌ن حه‌ماس، به مه‌به‌ست ته‌رمی سه‌ربازه كوژراوه‌كانی ئیسرائیلی هێناوه‌ته‌وه بۆ غه‌ززه، تا دواتر له‌گه‌ڵ ته‌رمی ئه‌و فه‌له‌ستینیانه ئاڵوگۆڕی پێبكات كه لای ئیسرائیله و به گوێره‌ی ئاماره‌كانی فه‌له‌ستین ژماره‌یان به 370 ته‌رم مه‌زه‌نده ده‌كرێت.
گۆڕستانی ژماره‌كان
هه‌ڵمه‌تی نیشتیمانی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی فه‌له‌ستینییه‌كان، ده‌ڵێت ئیسرائیل نزیكه‌ی 117 ته‌رمی له ساردكه‌ره‌وه‌ی مردووه‌كاندا هه‌ڵگرتووه و نزیكه‌ی 250 ته‌رمی دیكه‌ی، له گۆڕستانی ژماره‌كان ناشتووه. ئه‌مانه جۆره گۆڕستانێكن، ئیسرائیل به تایبه‌ت بۆ ناشتی ئه‌و فه‌له‌ستینیانه‌ی ئاماده‌كردووه كه له لایه‌ن سوپای ئیسرائیله‌وه ده‌كوژرێن.
ئه‌م گۆڕستانانه پێیانده‌وترێت گۆڕستانی ژماره‌كان، چونكه هه‌ر فه‌له‌ستینییه‌ك له‌وێدا بنێژرێت، له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی ژماره‌ی دۆسێكه‌ی داده‌نرێت كه لای ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ئیسرائیله.
ئاڵوگۆڕی ته‌رمه‌كان
سه‌باره‌ت به گرنگی ته‌رمی سه‌ربازه ئیسرائیلییه‌كان، وه‌ك كارتێك له دانوستانه‌كاندا، جه‌مال ره‌فاعی پسپۆڕ و شاره‌زای سه‌ربازی، ده‌ڵێت: "ئیسرائیل دیله‌كانی یان مردووه‌كانی له ده‌ستی دوژمنه‌كانیدا به‌جێناهێڵێت، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه له پێگه‌یه‌كی لاواز ده‌رنه‌كه‌وێت، یان بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌م ته‌رمانه له رووی راگه‌یاندنه‌وه ئیستیغلال نه‌كرێن. هه‌ر بۆیه ئیسرائیل له هه‌موو شه‌ڕه‌كاندا، فشارێكی تووند ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان وه‌ربگرێته‌وه".
ئه‌و پسپۆڕه سه‌ربازییه نموونه بۆ ئه‌و حاڵه‌ته ده‌هێنێته‌وه و باس له‌وه ده‌كات دوابه‌دوای واژۆكردنی رێكه‌وتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و میسر له ساڵی 1979 و دوای جه‌نگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1973، ئیسرائیل داوای له میسر كردووه به شوێن ته‌رمی كوژراوه‌كانیدا بگه‌ڕێت. هه‌روه‌ها ئیسرائیل له سوریا و لوبنان به دوای ته‌رمی كوژراوه‌كانیدا گه‌ڕاوه.
جه‌مال ره‌فاعی، له‌و بڕوایه‌دایه كه "به‌دڵنیاییه‌وه ئیسرائیل داوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كانی ده‌كات، به‌تایبه‌ت ته‌رمی سه‌ربازه‌كان، چونكه مانه‌وه‌ی ته‌رمی سه‌ربازه‌كان لای دوژمن، له عورفی سه‌ربازیدا به سوكایه‌تی داده‌نرێت. هه‌ر بۆیه ره‌نگه پرۆسه‌ی ئاڵۆگۆڕی ته‌رمه‌كان رووبدات، به‌تایبه‌ت فه‌له‌ستینییه‌كان زۆرجار داوای ئه‌وه‌یانكردووه ته‌رمی كوڕه‌كانیان وه‌رگرنه‌وه كه له وێ، له ئیسرائیل، ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه".
ژماره‌ی ته‌رمه‌كانی ئیسرائیل
نزار جه‌بر شرۆڤه‌كاری سیاسی فه‌له‌ستینی، ده‌ڵێت ئیسرائیل هه‌میشه ته‌رمی ئه‌و فه‌له‌ستینیانه لای خۆی ده‌هێڵێته‌وه كه دژ به ئیسرائیل ئۆپه‌راسیۆنیان ئه‌نجامداوه، یان هه‌وڵده‌دات به نه‌دانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان "سزای خێزانه‌كانیان" بدات. ته‌نانه‌ت چه‌ندین ته‌رمی لایه زیاد له 40 ساڵ به‌سه‌ر كوشتنیاندا تێپه‌ڕیوه، كه‌چی رازینابێت راده‌ستیان بكاته‌وه. حاڵی حازر ئیسرائیل سێ گۆڕستانی ژماره‌كانی هه‌یه.
ئه‌و شرۆڤه‌كاره فه‌له‌ستینییه، سه‌باره‌ت به ته‌رمی ئیسرائیلییه‌كان كه‌لای گروپه فه‌له‌ستینییه‌كانه، ده‌ڵێت له ئێستادا حه‌ماس، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌كه بڵاویكردووه‌ته‌وه، زیاد له 20 ته‌رمی ئیسرائیلی لایه. هه‌ندێكیان ته‌رمی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ن له هێرشه‌كه‌ی 7ی تشرینی یه‌كه‌م كوژراون، هه‌ندێكی دیكه‌یان له ئه‌نجامی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئه‌و له كۆتایدا ده‌ڵێت، پێشبینی ده‌كات حه‌ماس ئه‌م كارته به‌كاربێنێت، بۆ ئاڵوگۆڕكردنی ته‌رمه‌كان و وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌و فه‌له‌ستینیانه‌ی كه لای ئیسرائیله.
PM:04:31:30/11/2023
ئه‌م بابه‌ته 17760
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت