وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا لە تەمەنی 100 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

‌هێنری کیسینجەر

وێستگه‌نیوزـ

هێنری کیسینجەر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا لە تەمەنی 100 ساڵی و لە ماڵەکەی خۆیدا کۆچی دوایی کرد.

کیسینجەر پێش رێککەوتنی جەزائیر کە لە نێوان محەمەد رەزا شای پەهڵەوی ئێران و سەرۆکی ئەو کاتی عێراق سەدام حسێندا لە ساڵی 1974 واژۆکرا، یارمەتی شۆڕشی کوردستانی داوە، بەڵام لە دانوسانەکەی جەزائیردا حکومەتی عێراق رازی بوو کە رێڕەوە ئاوییەکانی کەنداوی عەرەب بدات بە ئێران بەمەرجێک ئەو یارمەتیانەی کە ئەمریکا دەینێرێت بۆ کورد بووەستێنێت و پشتگیری شۆڕشی کورد نەکات.

کیسینجەر کە بەڕێوی سیاسەت ناسراوە، لە ساڵی 1923 لە ئەڵمانیا لە دایکبووە، بەڵام بەهۆى هەڕەشەى نازییەکان لەگەڵ خێزانەکەى ئاوارەى ئەمریکا بوون و لە ویلایەتی نیویۆرک نیشتەجێبوون، لە ساڵی 1943 رەگەزنامەى ئەمریکى وەرگرتووە.

خوێندنى باڵاى لە ئەمریکا تەواو کردووە و لە زانکۆی ھارڤارد وەک مامۆستا وانەى وتووەتەوە، دواتر دەستى کردووە بە کارى سیاسى و سەرەتا ئەندامی پارتی دیموکراتەکان بووە، پاشان وازیهێناوە و بووە بە ئەندامی پارتی کۆمارییەکان.

کیسینجەر لە ماوەى کارى سیاسییدا، چەندین پێگە و پۆستى دیپلۆماسی وەرگرتووە، لەوانەش راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، پاشان لە ساڵی 1973 تا 1977 و لە سەردەمی هەردوو سەرۆک ریچارد نیکسن و جیراڵد فۆرددا پۆستی وەزیری دەرەوە‌ی بەڕێوەبردووە. خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بووە بۆ ئاشتی.

کیسینجەر خەونی ئەوە بووە ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، هەرچەندە سیاسى و دیبلۆماتکارێکى سەرکەوتوو بووە و ناوبانگى لەسەر ئاستى ئەمریکا و جیهانیش هەبووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى لە ئەڵمانیا لە دایکبووە، بەپێى یاسا نەیتوانیوە خۆى کاندید بکات بۆ ئەو پۆستە و بەو هۆیەشەوە خەونەکەى بۆ نەهاتووەتە دى.

دوای خانە نیشینبوونی دامەزراوەی کیسینجەری پێکهێنا بۆ راوێژی نێودەوڵەتی و دوو پەرتووکی بەناوبانگی نووسی بەناوی مێژووی دیبلۆماتی و پەیوەندی نێودەوڵەتی.


AM:08:45:30/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 1320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت