مه‌رجی حه‌ماس بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی سه‌ربازه‌ دیله‌كانی ئیسرائیل


وێستگه‌ نیوز-

گفتوگۆكان بۆ درێژكردنه‌وه‌ی سێیه‌م ئاگربه‌ستی كاتی مرۆیی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، به‌رده‌وامی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو ئاڵۆگۆڕكردنی زیاتری دیله‌كانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و گه‌یشتن به‌ ئاگربه‌ستی هه‌میشه‌یی.

له‌ رۆژی پێنجه‌می ئاگربه‌سته‌ كاتییه‌كه‌دا كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ قه‌ته‌ر و میسر و ئه‌مریكا، له‌ جێگیركردن و چه‌سپاندنی رۆڵی گه‌وره‌یان گێڕا، ئیسرائیل له‌ زیندانه‌كانیدا، 30 ده‌ستگیركراوی فه‌له‌ستینی (له‌ ژن و منداڵ) ئازادكرد، له‌ به‌رامبه‌ردا بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس 10 زیندانی ئیسرائیلی راده‌ستی خاچی سور كرد.

هه‌موو دیله‌كان
ئوسامه‌ حه‌مدان یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس به‌ ماڵپه‌ڕی "ئه‌لعه‌ربییه‌ نێت"ی راگه‌یاندووه‌: "درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربه‌ستی كاتی بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكی دی، ئه‌گه‌رێكی به‌رچاوه‌ و پرۆسه‌ی دانوستانه‌كه‌ به‌ دوو ئاراسته‌دا ده‌ڕوات: ئاراسته‌ی یه‌كه‌م مرۆییه‌ و بریتییه‌ له‌ ئازادكردنی زۆرترین ژماره‌ی گیراوه‌كان. ئاراسته‌ی دووه‌م سیاسییه‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ چۆنیه‌تی كۆتایهێنانه‌ به‌ له‌شكركێشی ئیسرائیل و هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی سه‌ر كه‌رتی عه‌ززه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ده‌رگا له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌دا ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ روویانداوه‌ و ئه‌نجامدانی رێكه‌وتنێك كه‌ تێیدا سه‌رجه‌م گیراوه‌كان له‌خۆبگرێت".

به‌ڵام ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی حه‌ماس ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌: "تا ئه‌م چركه‌ساته‌ی ئێستا، هیچ یه‌كێك له‌و دوو ئاراسته‌یه‌ بۆ دانوستان، وه‌ك پێویست نه‌خه‌مڵیوه‌".

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ربازه‌ دیله‌كان
ئوسامه‌ حه‌مدان سه‌باره‌ت به‌ ئازادكردنی سه‌ربازه‌ دیله‌كانی ئیسرائیل ده‌ڵێت: "له‌ ئێستادا، هێشتا زووه‌ یان جارێ زه‌حمه‌ته‌ له‌ سایه‌ی به‌رده‌وامبوونی نه‌هامه‌تی و ئیش و ئازاری گه‌لی فه‌له‌ستینی و ده‌ستدرێژییه‌كانی ئیسرائیل، قسه‌ له‌سه‌ر  دانوستانی ئاڵۆگۆڕی سه‌ربازه‌ دیله‌كانی ئیسرائیل بكرێت."

به‌ڵام باسی له‌و مه‌رجه‌ كرد كه‌ ده‌كرێت ده‌رگای گفتوگۆ له‌به‌رده‌م ئه‌و بابه‌ته‌دا بكاته‌وه‌ و بریتییه‌ له‌: "راگرتنی شه‌ڕه‌كه‌، ته‌نها له‌و كاته‌دا ده‌رفه‌تی گونجاو بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئازادكردنی سه‌ربازه‌كان، دێته‌ئاراوه‌".
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئیسرائیل چه‌ندینجار جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ راناگرێت، تا ئه‌و كاته‌ی حه‌ماس له‌ناوده‌بات. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ حوكمڕانی له‌ غه‌ززه‌، پێداگریی ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌حاڵه‌ دۆخه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌م.

مه‌رجه‌كان جیاوازن
حه‌مدان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كات: "مه‌رجه‌كان و بنه‌ماكانی دانوستانی ئاڵۆگۆڕی سه‌ربازه‌ دیله‌كانی ئیسرائیل، ته‌واو جیاوازه‌ له‌ مه‌رجه‌كان و بنه‌ماكانی دانوستانی ئه‌و ئاگربه‌سته‌ی هه‌نووكه‌ له‌ ئارادایه‌". جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ حه‌ماس ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی ئیسرائیلی لایه‌، وه‌لێ رازینه‌بوو ژماره‌كه‌یان ئاشكرا بكات، چونكه‌ ئه‌وه‌ به‌شێك ده‌بێت‌ له‌ دانوستانه‌كه‌.

تیرۆركردنه‌كان
ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی حه‌ماس كه‌ زۆرجار له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیانه‌دا قسه‌ ده‌كات كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌، له‌ لوبنان سازیان ده‌كات و تێیدا باس له‌ گه‌شه‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی كه‌رتی غه‌ززه‌ و رێڕه‌وی ئاگربه‌سته‌كه‌ و ئاڵۆگۆڕی دیله‌كان ده‌كات، ده‌ڵێت: "هیچ زانیارییه‌كی لا نییه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ سه‌رچاوه‌ خۆرئاواییه‌كان باسی لێوه‌ ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی قه‌ته‌ر كه‌ ئه‌ركی دانوستانی ئاڵوگۆڕی دیله‌كانی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، داوای له‌ ته‌لئه‌بیب كردووه‌ گرنتی ئه‌وه‌ بدات، سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌، چ له‌ ناوه‌وه‌ی غه‌ززه‌ یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی غه‌ززه‌، نه‌كاته‌ ئامانج، ئه‌وه‌شی وه‌ك مه‌رجێكی سه‌ره‌كی داناوه‌ بۆ چاودێریكردنی دانوستانه‌كان و سه‌ركه‌وتنی".

رازینه‌بوونی ئیسرائیل
سه‌باره‌ت به‌ ئاڵوگۆڕی پێشووی ده‌ستگیركراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا، ده‌ڵێت: "بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی چوار رۆژی ئاگربه‌سته‌كه‌، 50 دیلی ئیسرائیلی ئازادكردووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا 150 ژن و منداڵی فه‌له‌ستینی وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌ سه‌ره‌تای دانوستانه‌كه‌دا، پێشنیارمانكرد به‌ساڵاچووان و به‌ ته‌مه‌نه‌كان ئازادبكرێن، له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌ستگیركراوه‌ به‌ساڵاچوه‌كان و به‌ ته‌مه‌نه‌كانی فه‌له‌ستین ئازادبكرێن. به‌ڵام لایه‌نی ئیسرائیل ئه‌و پێشنیاره‌ی ره‌تكرده‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕكردنی دیله‌كان، ته‌نها ژنان و منداڵانی له‌خۆگرتووه‌".

ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی دیله‌كان له‌ ئارادایه‌
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، روونیكرده‌وه‌: "رێكه‌وتنی ئه‌م دواییه‌ بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ئاگربه‌سته‌كه‌، ئازادكردنی 60 فه‌له‌ستینی له‌ به‌رامبه‌ر ئازادكردنی 20 ئیسرائیلی له‌خۆگرتبوو". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌م ژمارانه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌، تا كۆتایی ئاگربه‌سته‌كه‌ له‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌، ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌".

جێگای بیرهێنانه‌وه‌یه‌ حه‌ماس له‌ هێرشه‌ غافڵگیره‌كه‌ی حه‌وتی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو، بۆ سه‌ر ده‌ره‌وه‌ی كه‌رتی غه‌ززه‌، نزیكه‌ی 240 كه‌سی ده‌ستگیركرد. ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی به‌رپابوونی جه‌نگه‌كه‌ كه‌ به‌هۆی بۆردومانه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه‌، تا ئێستا كوژرانی زیاد له‌ 15 هه‌زار فه‌له‌ستینی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و به‌شی هه‌ره‌ زۆریان منداڵ و ئافره‌تن و نزیكه‌ی هه‌زار و 200 كه‌سیش له‌ ئیسرائیل كوژراون.


PM:03:21:29/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 4112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو