حاكم قادرحه‌مه‌جان: دۆخی هه‌رێم له‌ زۆر رووه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی كردووه‌


وێستگه‌نیوز-
حاكم قادر حه‌مه‌جان رایگه‌یاند كه‌ ناكرێت حكومه‌تی هه‌رێم هێنده‌ بێباك بێت به‌رامبه‌ر توێژێكی زیندوو و ھۆشیاری وه‌ك مامۆستایان و مووچه‌خۆران و له‌ جیاتی به‌ده‌مه‌وه‌چوونی داواكارییه‌كانیان، به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ره‌تی داوایان لێبكات كۆتایی به‌ خۆپیشاندانی مه‌ده‌نییان بھێنن، هۆشداریشی‌ دا له‌وه‌ی‌ دۆخی هه‌رێم له‌ زۆر رووه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی كردووه‌.

حاكم قادر حه‌مه‌جان، ئه‌ندامی پێشوی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی یه‌كێتی (ئێستا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ نه‌ماوه‌) له‌ میانی لە میانی بەشداریکردنی لە خولێکدا کە بۆ ژمارەیەک خوێندکار و دەرچووی بەشە پزیشکییەکان و گەنجان و لاوان سازكرابوو، رایگه‌یاند كه‌ "خوێندكارانی به‌شه‌ پزیشكییه‌كان به‌شێكی گرنگن له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان و پێویسته‌ ده‌رفه‌تی گونجاو و پێداویستی تایبه‌تیان بۆ دابین بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ركه‌وتوویی خوێندنه‌كه‌یان ته‌واو بكه‌ن، نه‌ك خه‌مساردانه‌ له‌ هه‌وڵ و ماندوبونی خوێندكاران بنواڕدرێت".

حاكم قادر وتی‌: " "ئەوەی لە ئێستادا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەژیان و تەندروستی ھاوڵاتیانەوە ھەیە و مەترسی دروست كردووە، هاوردەکردنی دەرمانی خراپ و بێ کوالێتی و خۆراكی ماوە بەسەرچووە بۆ ناو هەرێمی کوردستان".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كە "هەندێ جار دەرمان و خۆراكی ماوەبەسەرچوو بەبێ پشکنین لە کوالێتی کۆنتڕۆڵ لە لایەن ژمارەیەک کۆمپانیای مشەخۆرەوە هاوردە دەکرێت كە ئەو کارە زۆر مەترسیدارە و ھەركەس و لایەنێك دەستی ھەبێت تیایدا پێویستە سزای یاسایی بدرێت".

هاوكات  باسی لە دۆخی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد و وتی‌: "بەداخەوە هه‌ست به‌هه‌ڵكشانی نیگه‌رانییه‌كانی ھاوڵاتیان ده‌كرێت، نیگه‌رانییه‌ك سه‌رتاپای ره‌وا و له‌جێی خۆیدایه بە تایبەت کە تا ئێستا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان مەدەنیانەن و دوورن لە توندوتیژی".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ناکرێت حکومەتی هەرێم هێندە بێباک بێت بەرامبەر چینێکی زیندووی وەک مامۆستایان و مووچەخۆران و لە جیاتی بەدەمەوەچوونی داواکارییەکانیان، بەبێ چارەسەركردنی كێشەكانیان بەشێوەیەكی بنەرەتی داوایان لێبكات كۆتایی بە خۆپیشاندانی مەدەنییان بھێنن."

وتیشی: "خه‌ڵك هه‌میشه‌و له‌هه‌موو قۆناغه‌كاندا به‌ئێستاشه‌وه‌، خۆبه‌ختكه‌ر و فیداكار و قوربانیده‌ر بوون، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین، كه‌ دواجار نیگه‌رانی ‌و خۆڕاگریش سنووریان هه‌یه‌، بۆیه‌ نابێت حكومه‌ت بێ باك بێت له‌ئاست چاوه‌ڕوانی خه‌ڵك‌ و چاره‌سه‌ركردنی پێداویستی‌ و داواكان ‌و مووچه‌."

لە كۆتایی وتارەكەیشیدا حاكم قادر رایگه‌یاند كه‌ "ئەگەر بارودۆخی ھەرێمی كوردستان بەم ئاڕاستەیەی ئێستا لەسەری دەڕۆین بەردەوام بێت و سەرجەم لایەنە سیاسیەكان بە تایبەت یەكێتی و پارتی یەک دەنگ و یەك ھەڵوێست نەبن لەڕووی حكومڕانی و سیاسییەوە، ئەوا بێگومان نەیارەكانمان دەیانەوێت رێگەیان بۆ خۆش ببێت بڕیار لەسەر چارەنوس و سڕینەوەی رابردوومان بدەن."


PM:10:12:28/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 2136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت