قوباد تاڵه‌بانی بۆ باڵیۆزی تورکیا: هیوادارم بە زوویی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە


وێستگه‌ نیوزـ

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی کرد لە عەلی رەزا گونەی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێک تاوتوێ کران و قوباد تاڵه‌بانی هیوای خواست به‌ زوویی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌رێگه‌ی توركیاوه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌، سەبارەت بە دۆخی کەرکوکیش رایگەیاند: "لە شێوازی بەڕێوەبردنی كه‌ركوك بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەکانی سەرۆک مام جەلال".

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە، لە هەولێر بەڕێوەچوو و مەولود یاکوت، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم و دابان شەدەڵە، جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، باسی دۆخی عێراق بە گشتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە تایبەتی کرا.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نوسینگەی قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەڕێی گفتوگۆوە.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌، قوباد تاڵه‌بانی وتویه‌تی:" یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان کاریگەری دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ".

جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ پێویستە رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن له‌نێوان هه‌ردوولادا بکرێت کە تیایدا بەشی زۆری کێشەکان و تایبەت کێشەی بودجەی هەرێم بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت "، سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش، وه‌ك راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ده‌ڵێت، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران "هیوای خواست بە زوویی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە".

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و بە تایبەتیش هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک کرا، راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ده‌ڵێت: "هەردوولا هیوایان خواست هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی ئارام و بێ کێشەدا بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقدا تەواو ببێت".

سەبارەت بە دۆخی کەرکوکیش، قوباد تاڵەبانی رایگه‌یاندوه‌: لەم ساڵانەی دواییدا جیاوازی زۆر دەکرێت لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو شارەدا و چارەسەر ئەوەیە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە شێوازی بەڕێوەبردنی شارەکە بگەڕێینەوە بۆ پرەنسیپەکانی سەرۆک مام جەلال، بۆ ئەوەی کەرکوک ببێتە شارێکی نمونەیی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکاندا و هیچ لایەنێک هەست بە ستەم و نادادپەروەری و پەراوێزخراوی نەکات.


PM:04:57:28/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 1424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت