وه‌فدێكی‌ باڵای‌ عێراق بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ 3 دۆسێ‌ ده‌چێته‌ توركیا


وێستگه‌نیوز-
وه‌فدێكی باڵای‌ حكومی عێراق سه‌ردانی‌ توركیا ده‌كه‌ن به‌ئامانجی‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ 3 دۆسێی‌ په‌یوه‌ست به‌ بازرگانی و دۆلار.

 
رۆژنامه‌ی‌ "سه‌باح"ی‌ نیمچه‌فه‌رمی‌ عێراق بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ سبه‌ینێ‌ دووشه‌ممه‌ 27ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2023 وه‌فدێكی‌ فه‌رمی سه‌ردانێك بۆ توركیا ده‌ستپێده‌كات.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ سه‌ردانی‌ وه‌فده‌كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی گفتووگۆیه‌ له‌گه‌ڵ بانكه‌كانی توركیا سه‌باره‌ت به‌ سێ‌ دۆسێ كه‌ بریتین له‌:

1-كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری ناردن بۆ بانكه‌ عێراقییه‌كان و به‌ دراوی جۆراوجۆری بیانی.

2-ئاسانكاری بۆ به‌كارهێنانی كارتی بانكیی بۆ گه‌شتیاران و ئه‌و عێراقییانه‌ی‌ له‌ توركیا نیشته‌جێن له‌ بازاڕی بانكی توركیا.

3-ڕێكخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا له‌ ڕێگه‌ی سه‌كۆی‌ فرۆشتن و كڕینی دراوی بیانی.

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئاژانسی‌ به‌غداد ئه‌لیه‌وم له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ حكومی ئاگاداره‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ سبه‌ینێ‌ دووشه‌ممه‌ شاندێكی به‌رپرسانی دارایی عێراق و به‌ڕێوه‌به‌رانی بانكه‌كان ده‌چنه‌ توركیا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی 3 دۆسێی‌ په‌یوه‌ست به‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری نامه‌نووسی بۆ بانكه‌كانی عێراق و كارئاسانی به‌كارهێنانی كارتی بانكیی بۆ دانیشتوانی عێراق و گه‌شتیاران له‌ توركیا.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: "وه‌فده‌كه‌ له‌ راوێژكاری دارایی سه‌رۆكی حكومه‌ت و سێ به‌رپرسی بانكی ناوه‌ندی عێراق و به‌ڕێوه‌به‌ری 12 بانكی عێراقی پێكدێت".

وتیشی‌: "له‌ سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ توركیا وه‌فده‌كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك له‌ دامه‌زراوه‌ دارایی و بانكییه‌كانی توركیا وتووێژ ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش بانكی ناوه‌ندی توركیا و كۆمه‌ڵه‌ی بانكه‌كان، جگه‌ له‌ ئاژانسی‌ رێكخستن و چاودێری بانكی توركیا".

راشیگه‌یاند كه‌ وتووێژه‌كان كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ر له‌خۆده‌گرێت، له‌وانه‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ بانكه‌كانی توركیا به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری په‌یوه‌ندیدار بۆ بانكه‌كانی عێراق به‌ دراوی جۆراوجۆری بیانی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی حیسابه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌كاربهێنرێت و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئاسانكاری به‌كارهێنانی كارتی بانكیی بۆ گه‌شتیاران و ئه‌و عێراقییانه‌ی‌ له‌و وڵاته‌ ده‌مێننه‌وه‌ له‌ بازاڕی بانكی توركیا.


PM:11:02:26/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 2744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت