حزبی شیوعی: شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌ كاندیده‌كانمان ببنه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق


وێستگه‌نیوزـ

حزبی شیوعی كوردستان رایگه‌یاند، بوون بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە نیسبەت پاڵێوراوانی حزبی شیوعی کوردستانەوە وەک نوێنەری داکۆکیکەر و دەڕبڕ لە بەرژەوەندی نەتەوە و ئایین و ئایینزا و پێکهاتە جۆراجۆرەکان، شانازییەکی گەورەیە و وەرگرتنی شەرعیەتی دیموکراسییە لەلایەن جەماوەری خەڵکەوە.

له‌ سه‌روتاری ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ی تشرینی دووه‌می 2023ـی هه‌فته‌نامه‌ی رێگای كوردستان كه‌ زمانحاڵی حزبی شیوعی كوردستانه‌، تایبه‌ت كراوه‌ به‌ په‌یامی كاندیدانی حزبه‌كه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزكاكانی عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ 18ی كانوونی یه‌كه‌می 2023، ده‌ستپێ بكات.

حزبی شیوعی ده‌ڵێت: "ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی دیکەی تێکۆشانە بۆ بالێوراوانی حزبمان لە کاروانی پاراستنی شوناسی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە، کە لەم هەلومەرجەدا ڕەوشێکی نائاسایی بەسەریاندا سەپێنراوە و، بە درێژایی چەند ساڵی ڕابووردوودا سیاسەتی جیاکاری و گۆڕانکاری دیموگرافی و ماوەنەدان بە ئاسایکردنەوە ڕەوشی گشتی و دانانی مۆڵگەی میلشیایی لە لایەن حکومەتی ناوەند و دەوڵەتی قوڵەوە تیایاندا پەیڕەوکراوە".

ده‌قی سه‌روتاره‌كه‌:

گەشەپێدان..کوردستانیبوون..ئاشتی کۆمەڵایەتی.. هاووڵاتیبوون
پەیامی پاڵێوراوانی حزبمانە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

لە 18ی دیسەمبەری ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێڕاق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە کەرکووک و خانەقین و دوز و شەنگال و دەشتی موسڵ و مەخموور و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی ماددەی 140 دەستووری عێڕاق دەگرێتەوە، ئەنجام دەدرێت.

ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی دیکەی تێکۆشانە بۆ بالێوراوانی حزبمان لە کاروانی پاراستنی شوناسی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە، کە لەم هەلومەرجەدا ڕەوشێکی نائاسایی بەسەریاندا سەپێنراوە و، بە درێژایی چەند ساڵی ڕابووردوودا سیاسەتی جیاکاری و گۆڕانکاری دیموگرافی و ماوەنەدان بە ئاسایکردنەوە ڕەوشی گشتی و دانانی مۆڵگەی میلشیایی لە لایەن حکومەتی ناوەند و دەوڵەتی قوڵەوە تیایاندا پەیڕەوکراوە.

لە هەمان کاتدا بوونی نوێنەرانی حزبی شیوعی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو لیستە هاوبەشانەی لە پارێزگاکانی نینەوا و کەرکوک و دیالا و سەلاحەدین تیایدا بەشدارە، دەرفەتێکی دیکەیە بۆ پێشکەشکردنی نموونەیەکی دیکە بۆ کارکردن لە چوارچێوەی چەمکی حوکمرانی باش لە ئاستی ناوخۆیدا، لەسەر بنەمای حوکمی قانون و ڕێزگرتن لە دامەزراوەکان و جێبەجێکردنی دەستوور و بەیەکەوە ژیانی هاوبەشی نەتەوە و ئایین و ئاینزا و پێکهاتە جۆراجۆرەکان لە ڕوانگەی پاراستنی مافی هاووڵاتیبوون و وەدیهێنانی ئاشتی کۆمەلایەتی و گرتنەبەری سیاسەتێکی ئەوتۆ، کە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردن و گەشەپێدان دابین بکات و ڕێگا لە گەندەڵی و بەفیرودانی سامانی گشتی بگرێت.

پاڵێوراوانی حزبمان لەو هەڵبژاردنانەدا بە ڕچاوکردنی ڕەوشی تایبەتی هەر پارێزگایەک بەڵێن بە جەماوەری دەنگدەر دەدەن، کە ئەرکەکانی خۆیان لە چوارچێوەی پێداویستییە هەنووکەییەکانی خەڵک دابرێژن و، بە پشتبەستن بە وەرگرتنی متمانەی جەماوەر لە ئەنجامدانی کاری ئایندەیان لە پێکهاتەی ئەو ئەنجوومەنانەدا، سەرجەم هەنگاوەکانیان و داڕشتنی ئەرکەکانیان بە گفتوگۆکردن و ڕاوێژکاریکردنی توێژی مەبەست و کەسانی پسپۆر ئەنجام بدەن و، نموونەیەکی نوێ لە حوکمرانی گەل بە سوود وەرگرتن لە کەموکوڕی و هەڵەکانی پێشووی کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجام بدەن.

بوون بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە نیسبەت پاڵێوراوانی حزبی شیوعی کوردستانەوە وەک نوێنەری داکۆکیکەر و دەڕبڕ لە بەرژەوەندی نەتەوە و ئایین و ئایینزا و پێکهاتە جۆراجۆرەکان، شانازییەکی گەورەیە و وەرگرتنی شەرعیەتی دیموکراسییە لەلایەن جەماوەری خەڵکەوە و، هەر لە ئێستاشەوە بەڵێنی پاڵێوراوانی حزبمان کارکردنە لە ژێر چاودێری جەماوەر و پاراستنی ئەو متمانەیەیە، کە لەلایەن خەڵکەوە پێیان دەدرێت.

دەنگدان بە پاڵێوراوانی حزبمان دەنگدانە بە کاروانی تێکۆشان بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و پێشکەشکردنی نموونەیەکی نوێ لە حوکمرانی گەلدا.


PM:01:02:21/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو