سودانی ئەرکی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان کۆڕەک تێلێکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی بە لیژنەیەکی پهرلهمان سپارد
وێستگه نیوزـ
لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەرکی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، بە لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق سپێدرا و"بڕیارە لە ماوەی 15 رۆژدا کێشەکان چارەسەربکرێن."
له لێدوانێكدا بۆ كهناڵی رووداو، کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق، وتی: "لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەکەی ئێمە راسپێردراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی لەنێوان هەردوو لایەنی کێشەکە هەیە، ئێمەش دۆسیەمان بۆ کردوونەتەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ نوێنەرانی هەردوولا کۆبوینەوە و گوێمان لێگرتن، ژمارەیەک راسپاردەشمان بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیە ئاراستەی سەرۆک وەزیران کردووە."
کاروان یاروەیس ئاشكراشیكرد "وا بڕیارە لە ماوەی 15 رۆژدا، هەردوولا بگەنە رێککەوتن و بەپێی ئەو راسپاردانەی ئێمە بەرزمانکردووەتەوە دەبێت قەرزەکانی سەر کۆڕەک بەپێی خشتەیەک بدرێتەوە، لەبەرامبەردا مافەکانی کۆمپانیاکە بدرێتەوە و سزاکانی لەسەر هەڵبگیرێت."
وتیشی: "تەنیا ئەو 7 ملیۆن و 500 هەزار هاوبەشی کۆڕەک تێلێکۆم زیانیان بەرنەکەوتووە، بەڵکو راگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو کۆمپانیایە و کۆمپانیاکانی دیکە، زیانی بە کۆمپانیاکانی دیکەش وەکو ئاسیاسێل و زەینیش گەیاندووە."
رۆژی یەکشەممە، 22-10-2023، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆمەوە بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە "بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگە، کە لە دادگە تایبەتمەندەکان دەرچووە، لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن و ئەو بڕە پارانەی لەسەر کۆمپانیاکە هەیە و تائێستا نەدراوە، سەرباری هەموو گوتوێژ و دانوستاندنەکان لەگەڵ کۆمپانیاکە چوار خاڵ دەخەینەڕوو کە ئەمانەن:
- دەستەکە فەرمانی کرد بە راگرتنی کڕین و مامەڵەکردنی سیمکارتی نوێی تایبەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم.
- داوا لە هاووڵاتیان دەکەین هیچ سیمکارتێکی نوێی کۆمپانیای کۆڕەک نەکڕن.
- دەستەکە جەختدەکاتەوە پێویستە بریکار و نووسینگەکانی فرۆشتن، هیچ سیمکارتێکی نوێی کۆمپانیاکە نەفرۆشن و مامەڵەی پێوەنەکەن، چونکە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبنەوە.
- دەستەکە بەنیازە لەماوەی 10 رۆژدا پەیوەندییەکان لەنێوان کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکانی دیکەی مۆبایل لە وڵات ببڕێت، لە رۆژی دەرچوونی ئەم راگەیێندراوەوە تاوەکو ئەو کاتەی کۆمپانیاکە پابەندبوونە داراییەکانی بەجێدەگەیەنێت.
رۆژێك دوای ئهو بڕیارهش کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوهو وتی: سەرەڕای "ئەو نادادپەروەرییەی کۆمپانیاکەمان رووبەڕووی بووەتەوە و بەرامبەری کراوە و بەردەوامیشە، هەروەها ئەو هەنگاوە نایاسایییانەی کە لەلایەن کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیاوە بەرامبەرمان گیراوەتەبەر بە نەخستنە رووی راستیی تەواو و پێدانی زانیاری ناتەواو بە دەسەڵاتی دادوەری."
سهرهڕای ناڕهزاییهكانی كۆڕهك تێلێكۆم، له 1-11-2023یش دهستهكه داوای له کۆمپانیاکانی ئەسیر و ئاسیاسێڵیش کرد بەپێی فەرمانی ژمارە 65ی ساڵی 2004ی بەرکار و گرێبەستەکانی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تۆڕی پەیوەندییەکانی نێوخۆیی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم بپچڕێنن.
PM:09:09:20/11/2023
ئهم بابهته 2096
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت