هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن داواكارییه‌ك ده‌خاته‌ڕوو
وێستگه‌نیوز-
له نوێترین په‌یامیدا بۆ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی خوێندن، پارێزگاری سلێمانی داواكاره به‌زوترینكات به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران، به‌به‌شداریی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیره په‌یوه‌ندیداره‌كان و نوێنه‌رانی لایه‌نه سیاسییه‌كان له په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی مامۆستایان و وانه‌بێژانی ناڕازیی كوردستاندا كۆببنه‌وه و ڕون و ڕاست و ڕاشكاوانه؛ داهاتی گشتیی و مافی دارایی و مووچه و پرۆسه‌ی خوێندن؛ تاووتوێ بكه‌ن و چاره‌سه‌ربكه‌ن.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 20ی تشرینی دووه‌می 2023، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ژێر ناوی (بخوێنن؛ چونكه خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتان؛ هه‌مو ئان و زامانێ؛ عه‌ینی قه‌ڵغان و سوپه‌رتانه) نوسیویه‌تی، "له خزمه‌ت و خوێندندا؛ شه‌ڕی ئیراده نییه، شه‌ڕی ئیداره هه‌یه، ده‌بێت هه‌مومان پێكه‌وه ئه‌م شه‌ڕه بكه‌ین و كاربكه‌ین، تێ‌بكۆشین؛ باری كه‌چ و كه‌وتو خواری به‌ڕێوه‌بردن و دراو دارایی و ئابووریی؛ ڕاستبكه‌ینه‌وه".
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر باس له‌وه ده‌كات كه "چۆن خوێندن و خزمه‌ت نابێت بوه‌ستن، به‌هه‌مان شێوه‌ش؛ نابێت ژیان و بژێویی و ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی و سه‌روه‌ریی یاسا‌و دادپه‌روه‌ریی و ده‌رفه‌تی یه‌كسان و خستنه سه‌ركاری توانست و هه‌ناسه‌و خوێنی نوێ بۆ جه‌سته‌ی ده‌وڵه‌تداریی و دامه‌زراوه گشتییه‌كانیش؛ بوه‌ستن، ئیراده‌ی هاوبه‌ش، ئیداره ڕێكده‌خات و یه‌كده‌خات، زامنی مافه‌كانمان ده‌كات، خۆسه‌پێنیی و بێباكیی و گه‌نده‌ڵیی؛ په‌كده‌خات".
ده‌شڵێت: "لێره‌وه؛ بۆ ئه‌وه‌ی له وتاره‌وه بۆ كردار بچین، پێویسته به زوترینكات به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌به‌شداریی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیره په‌یوه‌ندیداره‌كان و نوێنه‌رانی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی مامۆستایان و وانه‌بێژانی ناڕازیی كوردستاندا كۆببنه‌وه و ڕون و ڕاست و ڕاشكاوانه؛ داهاتی گشتیی و مافی دارایی و موچه و پرۆسه‌ی خوێندن؛ تاووتوێبكه‌ن و چاره‌سه‌ربكه‌ن".
ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕوو كه "ماف و مووچه و خوێندن نه‌كرێنه كارتی هه‌ڵبژاردن و سازشی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان، ڕاوێژ و ڕاگۆڕینه‌وه و به‌شداریكردنی ڕاسته‌وخۆی هاوڵاتیان و نوێنه‌رانی هاوڵاتیان له گه‌ڵاڵه‌كردنی بڕیار و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفت و قه‌یرانه‌كاندا، (به تایبه‌تیی كه له ئێستادا په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان؛ ڕاگیراون)، مانا به هاوڵاتیبوون و به حكومڕانییه‌كی ڕه‌وا ده‌به‌خشێته‌وه، ڕێگا به چاره‌سه‌ره‌كان و هێز به بڕیاره‌كان ده‌داته‌وه".
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر راشیگه‌یاندووه كه "بۆ هه‌میشه شوێنی كار و هۆڵه‌كانی خوێندن پیرۆزترین شوێنن كه تیایاندا، هه‌مومان به‌یه‌كبگه‌ین، ئیراده‌مان بۆ گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی یه‌كبخه‌ین".
ئه‌م په‌یامه له كاتێكدایه كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان، له 2023/9/13ه‌وه ده‌بوایه ساڵی نوێی خوێندن ده‌ستی پێبكردایه، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ كه زیاتر له دوو مانگ تێپه‌ڕیوه، ده‌رگای قوتابخانه‌كان له سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین نه‌كراونه‌ته‌وه و مامۆستایان داوای پێدانی دوو مووچه و دامه‌زراندنی وانه‌بێژان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پله به‌رزكردنه‌وه ده‌كه‌ن كه نزیكه‌ی 10 ساڵه راگیراوه.
PM:04:41:20/11/2023
ئه‌م بابه‌ته 19596
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت