زیلینسكی: پشتیوانی خۆرئاوا بووه‌ستێت، ناچارده‌بین پاشه‌كشه بكه‌ین
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی ئۆكرانیا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ناچار به پاشه‌كشه‌كردن له به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ روسیا ده‌بن، گه‌ر وڵاتانی خۆرئاوا پشتیوانییه سه‌ربازییه‌كانیان رابگرن.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه "ئه‌گه‌ر وڵاتانی خۆرئاوا، له پێشكه‌شكردنی پشتیوانیه سه‌ربازییه‌كانیان بۆ وڵاته‌كه‌م بووه‌ستن، ئه‌وا هێزه چه‌كداره‌كانی ئۆكرانیا، ناچارده‌بێت پاشه‌كشه بكات".
زیلینسكی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌گه‌ریدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ده‌زگا میدیاییه‌كان، وتی: "له كاتی ئێستادا، سه‌رنجم له‌سه‌ر وه‌رگرتنی یارمه‌تییه له خۆرئاوا".
وتیشی: "به‌هۆی بارودۆخی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كۆمه‌ڵێ هۆكاری دیكه‌وه، خۆرئاوا سه‌رنجیان گۆڕاوه و گواستوویانه‌ته‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه. بێ كۆمه‌ك و پشتگیری ئه‌وان، ئێمه ناچار به پاشه‌كشه ده‌بین".
هه‌فته‌یه‌كه زیلینسكی، هه‌وڵده‌دات بڕوا به هاوپه‌یمانانی خۆرئاوا بكات كه هێزه‌كانی ده‌توانن له‌م زستانه‌دا خۆیان بۆ شه‌ڕه‌كان ئاماده بكه‌ن.
به‌م دواییانه، میدیاكانی خۆرئاوا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو باس له‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌مریكا و یه‌كێتی ئه‌وروپا، ده‌رحه‌ق به جه‌نگی ئۆكرانیا، هه‌ست به ماندووبوون ده‌كه‌ن و كۆمه‌ك و یارمه‌تییه‌كانیان بۆ رژێمی زیلینسكی به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌چێت.
به‌گوێره‌ی تۆڕی هه‌واڵی NBC، به‌رپرسه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا به كردار له‌گه‌ڵ كیێڤ، گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه ده‌كه‌ن كه ره‌نگه له ئه‌نجامی دانوستانی ئاشتی له‌گه‌ڵ روسیا بێته‌ئاراوه. له‌وانه‌ش دیاریكردنی ئه‌و هێڵه گشتیانه‌ی كه له‌وانه‌یه ئۆكرانیا ناچاربێت له پێناو گه‌یشتن به رێكه‌وتن، ده‌ستبه‌رداری ببێت.
PM:01:10:18/11/2023
ئه‌م بابه‌ته 2936
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت