پێنتاگۆن: له‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ 58 هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌كانمان له‌ عێراق و سوریا


وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا پێنتاگۆن  رایگه‌یاند كه‌ له‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ تا ئێستا، 58 هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌كانی وڵاته‌كه‌یان له‌ عێراق و سوریا.


سابرینا سینگ یاریده‌ده‌ری وته‌بێژی پێنتاگۆن، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیی ڕۆژانه‌یدا، زانیاری سه‌باره‌ت به‌و هێرشانه‌ خسته‌ڕوو كه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌كانی ئه‌مریكا.

سینگ وتی‌: "له‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌ تا ئێستا، 58 هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر سه‌ربازانمان، كه‌ هه‌موویان شكستیانهێناوه‌".

وتیشی‌: "زیانی به‌رچاو به‌ر ژێرخان نه‌كه‌وتووه‌ و هیچ سه‌ربازێكیشمان به‌ شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر بریندار نه‌بووه‌. ته‌واوی سه‌ربازه‌ برینداره‌كان چوونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌ركه‌كانیان".

گوتیشی: "تا ئه‌مڕۆ 58 هێرش كراوه‌ و له‌وانه‌یش 27 هێرشیان له‌ عێراق و 31یان له‌ سووریا بووه‌".

سینگ ئه‌و بانگه‌شانه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن به‌رپه‌رچی ئه‌و هێرشانه‌ نه‌دراوه‌ته‌وه‌ و وتی: "وابزانم كاردانه‌وه‌كانی كۆتا سێ هێرشتان بینی. كه‌ یه‌كێكیان خانوویه‌ك بوو وه‌ك یه‌كه‌ی كۆنترۆڵ و فه‌رمانده‌یی به‌كار ده‌هات، دووانه‌كه‌ی دیكه‌ش كردنه‌ ئامانجی كۆگای چه‌ك و دامه‌زراوه‌ی مه‌شق و ڕاهێنان بوو".

یاریده‌ده‌ری وته‌بێژی پێنتاگۆن هۆشداریشی‌ دا له‌وه‌ی‌ "ئه‌گه‌ر هێرشی زیاتر ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وا بێگومان بژارده‌ی خۆمان ده‌بێت و به‌رپه‌رچیان ده‌ده‌ینه‌وه‌".

راشیگه‌یاند كه‌ هێرشی سه‌ر بنكه‌كانی ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میكردووه‌.

له‌ دوای‌ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕی‌ نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، به‌شێك له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ نزیك له‌ ئێران ده‌ستیان كردووه‌ به‌ هێرشكردنه‌سه‌ر بنكه‌ و سه‌ربازانی‌ ئه‌مریكا له‌ عێراق و سوریا.


PM:03:32:17/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 976 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت