ئهحمهد حاجی رهشید: حکومەتی هەرێم زیاتر لە 43 ترلیۆن دینار قەرزدارە
ئەحمەد حاجی رەشید
وێستگهنیوزـ
ئهحمهد حاجی رهشید، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 43 ترلیۆن دینار قەرزدارە، کە دەکاتە بودجەی زیاتر لە سێ ساڵی پشکی حکومەتی هەرێم.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "بە پێی قسەکانی وەزیری دارایی عێراق لە ناو لیژنەی دارایی، هەرێم زیاد لە پشکی خۆی (لە سەروو پشکی خۆیەوە) پێنج ترلیۆن و 200 ملیاری وەرگرتووە".
دەشڵێت: "دوای سەردانی شاندی هەرێم بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی، سودانی موافەقەتی کردووە بۆ ماوەی سێ مانگ دوو ترلیۆن و 100 ملیارمان بدەنێ، لە رێگەی بانکەکانی (TBI، رافیدەین و رەشید) هەرچی بانکی TBIیە دوو ترلیۆن و نیوی لای حکومەتە، پێنج 400 ملیاریشمان پێشتر بە قەرز وەرگرتووە (پێنج کەڕەت 400 ملیار) کە دەکاتە دوو ترلیۆن دینار".
ئهحمهد حاجی رهشید ئهوهشی باسكرد: "پێشتریش سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە دانیشتێکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2021 رایگەیاندبوو، هەرێم 31 ملیار دۆلار قەرزدارە. بەپێی قسەی ئەم کابینەیەش بێت حکومەت دوو ملیار دۆلاری داوەتەوە، بەڵام هێشتا 29 ملیار دۆلارەکەی تر ماوە کە دەکاتە نزیکەی (43.500 ترلیۆن و پێنج سەد ملیار) دینار بە نرخی ئەمڕۆی دۆلار بەرامبەر بە دینار، کە کۆی گشتی دەکاتە زیاتر لە پێنج ترلیۆن دینار".
لە یاسای بودجەی عێراق، پشکی کورد بە رێژەی لە سەدا 12.67% دیاری کراوە، کە دەکاتە 16 ترلیۆن و 498 ملیار دینار لە ساڵێکدا.
بەپێی لێدوانی بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەو دوو ترلیۆن و 100 ملیارەی (کە دەکاتە سێ کەرەت 700 ملیارە)ی کە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە وەک قەرز بیداتە حکومەتی هەرێم، لە رێگەی هەریەکە لە بانکەکانی ,TBI) رافیدەین و رەشید) سوودی دەچێتە سەر، پێشتریش ئەو بانکەکانە بە سوودی لە 4% قەرزیان بە حکومەتی عێراق داوە.
ئەو پارانەی کە حکومەتی هەرێم قەرزدارە، پێکهاتووە لە پشکی کۆمپانیاکان، پارەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران، و ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەتی هەرێم لە حكومهتی ناوەندی وەرگرتووە وەک قەرز.
سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتیش لە وەزارەتی دارایی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، سەرەڕای ئەوەی نەیشاردەوە حکومەت قەرزدارە وتی: "ئەنجامی کۆبوونەوەکان بە دڵی ئێمە نەبوون وەک شاندی هەرێم".
سەرچاوەکە ئهوهشی زیاد كرد: "راستە حکومەت قەرزار بووە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەمساڵ هەرچۆن بێت موازەنە تێپەڕێت، خەرجی فعلی لە یاسای بودجە زۆر بە زەرەری ئێمەیە، دەمانەوێت مووچەی فەرمانبەران لە خەرجی فعلی جیا بکەینەوە، دەچینەوە دانوستانێکی درێژخایەنەوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا".
سهرچاوهكه دەڵێت: "دەمانەوێت، کێشەکان بە سیاسی حل بکەین چونک کێشەکان سیاسین. لە ساڵی تازەدا گفتوگۆ دەستپێدەکەین، چونکە لەیاسای بودجەدا، بۆمبی زۆر بۆ کورد دانراوە".
دوای سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆكایهتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، حکومەتی عێراق بڕیاری دا مانگانە 700 ملیار قەرز بداتە حکومەتی هەرێم و هەرێمیش دەڵێت "ئێمە داوای قەرزی شەش مانگمان کردووە".
هەرچەندە ئەحمەد حاجی رەشید، دۆخەکەی بە مەترسی لەسەر حکومەتی هەرێم ناو برد، بەڵام رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق داوای قەرزەکانیشی بکاتەوە، پێدەچێت بەشێوەی قیست و مانگانە بێت، نەک هەموو بەشە پشکی هەرێم ببڕێت.
راشیگەیاند: "ئەگەر محاسەبەی هەرێم بکەن لەسەر ئەوەی قەرزی وەرگرتووە، دەبێت پاکتاو بکرێت، پێدەچێت بە قیست وەری بگرنەوە".
ئهمه لهكاتێكدایه دوێنێ یهكشهممه 24ی ئهیلولی 2023، بڕی 250 ملیار دینار خرایه سهر ههژماری وهزارهتی دارایی ههرێم و وهزارهتی داراییش لیستی مووچهی مانگی تهمموزی بڵاوكردهوه و بهپێی خشتهكه، ئهمڕۆ وهزارهتی تهندروستی مووچهی مانگی تهمموز وهردهگرن.
AM:09:26:25/09/2023
ئهم بابهته 2624
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت