میدیای توركیا: دوای 43 ساڵ له جه‌نگ، ئێران ھه‌ژموونی خۆی له سه‌ر عێراق زیاد كردووه
وێستگه‌نیوز-
میدیای توركیا رایگه‌یاند كه دوای 43 ساڵ له‌ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ھه‌شت ساڵه‌ی نێوانیان كه به جه‌نگێكی خوێناوی و دوور و درێژ ناو ده‌برێت، چونكه بۆ ھه‌شت ساڵ به‌رده‌وامبوو و چه‌كی كیمیاییشی تیایدا به‌كار هات، ئێران ھه‌ژموونی خۆی له سه‌ر عێراق زیاد كردووه.
ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی له راپۆرتێكیدا رایگه‌یاند كه "ئه‌مڕۆ ھه‌ینی 22ی ئه‌یلوولی 2023، 43 ساڵ به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ھه‌شت ساڵه‌ی نێوان ئێران و عێراق تێپه‌ڕده‌بێت كه له 22ی ئه‌یلولی 1980 ھه‌ڵگیرسا و له ھه‌شتی ئابی 1988 كۆتایی ھات".
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه كه "جه‌نگه‌كه‌ی نێوان عێراق و ئێران، به جه‌نگێكی خوێناوی و دوور و درێژ ناو ده‌برێت، چونكه بۆ ھه‌شت ساڵ به‌رده‌وامبوو، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی چه‌كی كیمیاییشی تیایدا به‌كاربھێندرێت، به‌ڵام ھیچ كام له‌و دوو وڵاته به سه‌ركه‌وتووی جه‌نگه‌كه له‌قه‌ڵه‌م نه‌دران".
ئاژانسه توركییه‌كه ده‌ڵێت: "دوای رووخاندنی رژێمی پێشووی عێراق، سه‌دام حسێن، ئێران ھه‌ژموونی خۆی به‌ته‌واوی له عێراقدا سه‌پاند، به‌جۆرێك ھیچ حكوومه‌تێك له دوای ساڵی 2003وه له عێراق به‌بێ خواست و ڕه‌زامه‌ندی ئێران پێكنه‌ھێنراوه".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه به‌پێی ئاماره نافه‌رمییه‌كان، به‌ھۆی جه‌نگی ھه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران، یه‌ك ملیۆن و 70 ھه‌زار سه‌رباز كوژراون، ھه‌روه‌ھا زیانێكی زۆری ئابووریی به‌ر ھه‌ردوو وڵات كه‌وت كه به 400 ملیار دۆلار ده‌خه‌ملێندرێت.
ھۆكاری ھه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ھه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران
به بۆچوونی شرۆڤه‌كاران و شاره‌زایانی بواری سیاسی و سه‌ربازیی، ھه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ھه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران بۆ دوو ھۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه كه یه‌كه‌میان ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیره كه له ساڵی 1975دا له نێوان عێراق و ئێران‌دا واژوو كرابوو، ھۆكاره‌كه‌ی دیكه‌یش ئه‌وه بووه كه عێراق ترسی ھه‌بوو، شۆڕشی ئیسلامی ئێران به‌ھێزبێت و ته‌شه‌نه بكاته ناو عێراق.
جه‌نگه‌كه سه‌ره‌تا به پێكدادانی پچڕپچڕی سه‌ر سنوور ده‌ستی پێ كرد، كاتێك عێراق، ئێرانی به بۆردومانكردنی ناوچه سنوورییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی و ھه‌وڵدان بۆ كۆشتنی تارق عه‌زیز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی ڕژێمی پێشووی عێراق تۆمه‌تبار كرد، جگه له‌وه‌یش له 17ی ئه‌یلولی 1980دا، سه‌رۆكی ڕژێمی پێشووی عێراق، سه‌دام حسێن ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری ساڵی 1975ی له‌گه‌ڵ ئێران ھه‌ڵوه‌شانده‌وه و ڕایگه‌یاند كه "ئاوی شه‌تولعه‌ره‌ب به‌ته‌واوی به‌شێكه له ئاوه ھه‌رێمییه‌كانی عێراق".
ھه‌روه‌ھا عێراق ترسی ھه‌بوو، شۆڕشی ئیسلامی ئێران به‌ھێزبێت و ته‌شه‌نه بكات و له‌گه‌ڵ لایه‌نه شیعه‌كاندا كۆنترۆڵی عێراق بكات، به‌تایبه‌تی كه ئێران دروشمی ھه‌نارده‌كردنی شۆڕشی بۆ وڵاتانی ده‌ورووبه‌ری به‌رزكردبووه .
له‌و كاته‌دا ڕه‌وشی ئێران ئاڵۆزبوو، بۆیه سه‌دام حسێن ھه‌وڵیدا سوود له‌م ده‌رفه‌ته وه‌ربگرێت و ببێته ھێزی باڵاده‌ستی كه‌نداو، له‌به‌ر ئه‌وه سوپای عێراق ھێرشی بۆ سه‌ر ئێران ده‌ست پێ كرد و به‌خێرایی چووه نێو خاكی ئێران، به‌ڵام دواتر ئێران ڕیزه‌كانی خۆی ڕێكخسته‌وه و له ساڵی 1982دا دژه‌ھێرشی ده‌ست پێكرد، ھێزه‌كانی سوپای عێراقی له خاكه‌كه‌ی وه‌ده‌رنا و عێراق كه‌وته دۆخی به‌رگرییه‌وه.
جه‌نگه‌كه له‌لایه‌ن ڕژێمی پێشووی عێراقه‌وه ناوی لێنرابوو قادسییه‌ی سه‌دام و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه به به‌رگریی پیرۆز ناوده‌برا
جه‌نگی یه‌كه‌می كه‌نداو، یان جه‌نگی نێوان عێراق- ئێران كه له‌لایه‌ن ڕژێمی پێشووی عێراق ناوی لێنرابوو قادسییه‌ی سه‌دام و له‌لایه‌ن ئێرانیش به به‌رگری پیرۆز ناوده‌برا له 22ی ئه‌یلولی ساڵی 1980 ده‌ستی پێكرد له ھه‌شتی ئابی ساڵی 1988 كۆتایی ھات.
سه‌دام حسێن سه‌رۆكی رژێمی پێشووی عێراق، كه ده‌ستپێشخه‌ربوو بۆ ھه‌ڵگیرسانی جه‌نگه‌كه، جه‌نگه‌كه‌ی ناونا قادسیه‌ی سه‌دام و بیانووی بۆ جه‌نگه‌كه‌یش، به‌رگرییكردن بوو له نیشتمانیی عه‌ره‌ب، به‌رامبه‌ر چاوچنۆكییه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر كه‌نداوی "عه‌ره‌بی"، ئه‌مه‌یش وای كرد وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ڕووی ئابووریی و سه‌ربازییه‌وه پاڵپشتیی له عێراق بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بتوانێت سه‌ركه‌وتنی خۆی له جه‌نگه‌كه‌دا مسۆگه‌ر بكات.
لای خۆیه‌وه ئێران، جه‌نگه‌كه‌ی ناونابوو جه‌نگی سه‌پێنراو و به‌رگریی پیرۆز له كاتێكدا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییدا به جه‌نگی كه‌نداو ناسراوبوو.
قۆناغه‌كانی جه‌نگه‌كه
شاره‌زایانی بواری سه‌ربازیی ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه جه‌نگی ھه‌شت ساڵی نێوان عێراق و ئێران به‌سه‌ر چوار قۆناغدا دابه‌شبووه كه له قۆناغی یه‌كه‌مدا سوپای عێراق له 22ی ئه‌یلوولی 1980 ھێرشی بۆسه‌ر ئێران ده‌ست پێ كرد و له قۆناغی دووه‌مدا له ساڵی 1982دا، سوپای عێراق بۆ سنووری نێوده‌وڵه‌تیی نێوان عێراق و ئێران كشایه‌وه و له قۆناغی سێیه‌مدا، شه‌ڕی تاقه‌تپڕۆكێن له نێوان سوپای عێراق و سوپای ئێران‌دا روویدا، به‌ڵام له قۆناغی چواره‌مدا، جه‌نگه‌كه سه‌ختتر بوو، چونكه له‌و قۆناغه‌كه‌دا، سوپای ھه‌ردوو وڵات به ئاراسته‌كردنی مووشه‌ك ده‌ستیان به بۆردومانكردنی یه‌كتر كرد و دواتر نیچمه دوورگه‌ی فاو له‌لایه‌ن ھێزه‌كانی ئێرانه‌وه كۆنترۆڵكرا.
به‌ڵام له 17ی نیسانی 1988 سوپای عێراق دژه‌ھێرشی بۆسه‌ر سوپای ئێران ده‌ست پێكرد و توانی فاو كۆنترۆڵ بكاته‌وه.
زیانه گیانی و ماددییه‌كانی جه‌نگی ھه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران
به‌پێی ئاماره نافه‌رمییه‌كان، به‌ھۆی جه‌نگه‌كه‌وه، یه‌ك میلۆن سه‌ربازی عێراق و ئێران كوژراون، ھه‌روه‌ھا زیانی زۆری ماددیش به‌ر ھه‌ردوو وڵات كه‌وتووه كه به 400 ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت.
ھه‌ر به‌پێی ئاماره نافه‌رمییه‌كان له جه‌نگه‌كه‌دا، 730 ھه‌زار سه‌ربازی ئێرانی كوژراون و یه‌ك ملیۆن سه‌ربازیی دیكه‌یش برینداربوون، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی 45 ھه‌زار سه‌ربازیش به دیل گیرابوون.
ھاوكات له جه‌نگه‌كه‌دا، 340 ھه‌زار سه‌ربازی عێراق كوژراون، 700 ھه‌زار سه‌ربازی دیكه‌یش برینداربوون و 40 ھه‌زار سه‌ربازیش به دیل گیرابوون.
ھه‌روه‌ھا به‌ھۆی جه‌نگه‌كه‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌ربازی دیكه بێسه‌روشوێنبوون كه تا ئێستا چاره‌نووسیان نادیاره، جگه له‌وه‌یش ژماره‌یه‌ك زۆر كه‌سی مه‌ده‌نیش بوونه قوربانی.
كۆتایی ھاتنی جه‌نگه‌كه و ئاڵوگۆڕی دیله‌كانی نێوان عێراق و ئێران
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیی سه‌ربه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داوای وه‌ستاندنی جه‌نگه‌كه‌ی كردبوو، به‌ڵام جه‌نگه‌كه بۆ ماوه‌ی ھه‌شت ساڵ به‌رده‌وامبوو له ھه‌شتی ئابی ساڵی 1988 كۆتایی ھات، دواتر به بڕیاری ژماره 598ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، ئایه‌توڵا خومه‌ینی رابه‌ری پێشووی كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌ژێر گوشاردا ناچار كرا ئاگربه‌ست ڕابگه‌یه‌نێت و كۆتاییش به جه‌نگه‌كه بھێنێت كه به "خواردنه‌وه‌ی ژه‌ھر" ناوی برد.
دوای ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست و كۆتایی ھاتنی جه‌نگه‌كه، پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی دیله‌كانی نێوان ھه‌ردوولا ده‌ستی پێ كرد دوایین پڕۆسه‌ی ئاڵوگۆڕكردنی دیله‌كان ڕووفاتی سه‌ربازه كوژراوه‌كانی نێوان ھه‌ردوو وڵات له ساڵی 2021 ئه‌نجامدرا.
ھه‌ر چه‌نده تا ئێستا عێراق و ئێران ھیچ ئامارێكی فه‌رمییان له‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی سه‌ربازه دیله‌كان بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له ماوه‌كانی ڕابردوودا، كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور ڕایگه‌یاندبوو كه به‌سه‌رپه‌رشتی كۆمیته‌كه‌یان، 97 ھه‌زار سه‌ربازی به‌دیلگیراو له‌نێوان عێراق و ئێران ئاڵوگۆڕكراون، ھه‌روه‌ھا تا ئێستا 53 ھه‌زار سه‌ربازی عێراقی بێ سه‌روشوێنن، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی تا ئێستا زیاتر له 100 رووفاتی سه‌ربازی كوژراو له نێوان عێراق و ئێران ئاڵوگۆڕكراون.
جه‌نگی ھه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران جگه له كاولكاریی و ماڵوێرانی ھێچی دیكه‌ی لێ نه‌كه‌وته‌وه
دوای ھه‌شت ساڵ له پێكدادانی به‌رده‌وام، ھێرش و به‌رگری، خۆپڕچه‌ككردن و قه‌رزی ده‌ره‌كی و په‌نابردنه به‌ر ھاوكاریی وڵاتان، شه‌ڕی خوێناوی نێوان ھه‌ردوو وڵات به‌بێ دیاریكردنی سه‌ركه‌وتوو و دۆڕاو كۆتایی ھات، بۆیه جه‌نگه‌كه جگه له كاولكاریی و ماڵوێرانی بۆ ھه‌ردوو وڵات ھێچی دیكه‌ی لێ نه‌كه‌وته‌وه.
جه‌نگه‌كه بۆ ھه‌شت ساڵ كه به جه‌نگێكی خوێناوی و دوور درێژ ناو ده‌برێت له نێوان عێراق و ئێران به‌رده‌وامبوو كه ھیچ كام له‌و دوو وڵاته به سه‌ركه‌وتوو و دۆڕاو له‌قه‌ڵه‌م نه‌دران، به‌ڵام دوای ڕووخاندنی ڕژێمی پێشووی عێراق، سه‌دام حسێن، ئێران ھه‌ژموونی خۆی له‌سه‌ر عێراق زیاتر كردووه، به‌جۆرێك ھیچ حكوومه‌تێك له دوای ساڵی 2003وه له عێراق به‌بێ خواست و ڕه‌زامه‌ندی ئێران پێكنه‌ھێنراوه.
PM:05:31:22/09/2023
ئه‌م بابه‌ته 1568
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت