لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران: بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لەسەر سنورەكان بەیەکجاری چۆڵكرا


وێستگە نیوز-

لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران رایگەیاند، بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لەسەر سنورەكان بەیەکجاری چۆڵكرا و ئاڵای عێراق لەسەر سنورەکان هەڵکرا.

ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمیی عێراق به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی لیژنه‌كه‌ بڵاویكرده‌وه‌: له‌سه‌ر بنه‌مای پابه‌ندبونی هه‌ردوو كۆماری عێراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ به‌نده‌كانی رێككه‌وتنی ئه‌منیی هاوبه‌ش و به‌ هه‌وڵی هاوبه‌شی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵات، باره‌گا گروپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ئێران كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نزیك سنوری ئێران، به‌ یه‌كجاری چۆڵکران.

به‌یاننامه‌كه‌ ده‌ڵێت كه‌ ئه‌و هێزانه‌ی رۆژهه‌ڵات له‌ سنور دوورخراونه‌ته‌وه‌و چه‌كیش كراون، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك په‌نابه‌ر هه‌ژمار بكرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزه‌كانی پۆلیسی سنوری حكومه‌تی فیدڕاڵ له‌و ناوچانه‌ بۆ هه‌میشه‌یی جێگیر كراون و ئاڵای عێراقیش له‌ شوێنه‌كانیان به‌رزكراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌، نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیش له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بووه‌ كه‌ له‌ هه‌ولێر و به‌غدا سازكراون پشتیوانیی ته‌واوی خۆی بۆ حكومه‌تی عێراق دووپاتكردوه‌ته‌وه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی رێككه‌وتننامه‌كه‌ی نێوان به‌غدا و تاران به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌ندامانی هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ئێران به‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی هه‌ژمار بكرێن.

"عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پاراستی ئاسایشی سنوره‌كان، به‌رپرسیارێتییه‌كی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵاته‌ و ئه‌م رێككه‌وتنه‌ش مه‌رجه‌عه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر ناكۆكی یان دزه‌كردنێك كه‌ روو بدات، گفتوگۆش باشترین رێگایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ركێشه‌یه‌ك و بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات"، به‌یاننامه‌كه‌ وای وتوه‌.

له‌ كۆتاییشدا لیژنه‌ ده‌ڵێت: ده‌رهێنانی ئه‌و گروپانه‌ له‌ تونێل و ئه‌شكه‌وت و مۆڵگه‌كانی نزیك سنور و گواستنه‌وه‌یان بۆ شوێنێكی دوورتر، هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ و گرنگه‌ و به‌رپرسیارێتیی لیژنه‌كه‌یه‌ بیانپارێزێت و قۆناغه‌كانی دیكه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ بكات.

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 19ی ئه‌یلولی 203، دوا وادەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق – ئێران بوو و چەککردنی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستان و چۆڵكردنی باره‌گاكانیان یەکێك بوو لە خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە.

ئێران و عێراق لە 19-03-2023 رێککەوتنێکی ئەمنییان لە بەغدا واژۆ کرد بۆ بەهێزکردنی هه‌ماهه‌نگیی ئەمنی و پاراستنی ئاسایشی سنوری هاوبەشی نێوان دوو وڵات.
 
رێککەوتنەکە دوای ئەوە واژۆ کرا کە ئێران داوای لە حکومەتی عێراق کرد، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەک بکات و رێگە نەدات لە خاکی ئەو وڵاتەدا چالاکییان هەبێت و دوا وادەش بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو رێککەوتنەکە، 19ـی ئەیلوولی 2023ـیە.


PM:04:29:19/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت