وتهبێژی بزوتنهوهی گۆڕان: ئەم ڕوداو و پێشهاتانە زەنگێکی مەترسیدارن بۆ تێکدانی سەقامگیری هەرێمی کوردستان
وێستگه نیوزـ
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی فرۆکەخانەی مەدەنی عەربەت لە سلێمانی و بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کورد "کەنەکە"ی لە هەولێر كردو دەڵێت: ئەم ڕوداو و پێشهاتانە، زەنگێکی مەترسیدارن بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان.
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند؛ بەداخەوە، ئەمڕۆ لە یەککاتدا و لە دو ڕوداوی هاوشێوەدا، فرۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی و بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کەنەکە لە هەولێر، لە ڕێگەی فرۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرانە ئامانج، وتیشی: سەرباری سەرکۆنەکردنی ئەو کردە دەستدرێژیکارانە بۆ سەر سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەکان و هیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
"ئەم ڕوداو و پێشهاتانە، زەنگێکی مەترسیدارن بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوە ئەرکی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادییە، لێکۆڵینەوەی ڕژد بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی هێرشەکان و سنوردانان بۆ ئەم جۆرە دەستدرێژییە بکەن، بێئەوەی تەنیا وەک ڕوداوێکی ئاسایی و دوبارەوەبو وەربگیرێت و تێپەڕێت." وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان وای وت.
PM:11:25:18/09/2023
ئهم بابهته 504
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت