كۆماندۆی كوردستان: پێكەوە له‌گه‌ڵ دژه‌تیرۆر دەبینە دەستێكی پۆڵاین بۆ ڕیسواكردنی بەكرێگیراوان و خاك فرۆشان


وێستگه‌ نیوز-

فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی فرۆكه‌خانه‌ی كشتوكاڵیی عه‌ربه‌ت رایگه‌یاند كه‌ ماوەیەكە هەر جارە و بە بیانویەك ئەم سنورە دەكرێتە ئامانج، ده‌شڵێت: لە ئایندەدا بۆ گەلی كوردستان ڕوون دەبێتەوە،كە بەكرێگیراوان لە پێناو چ مەرامێك  دەستیان داوەتە، نۆكەریكردن بۆ بێگانە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئه‌مشه‌و بڵاویكرده‌وه‌، فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان ده‌ڵێت: "پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 18ی 9ی 2023 هێرشێكی تیرۆرستی كرایە سەر فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت لە سلێمانی، كە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی شەش لە برا و هاوسەنگەرەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر."

"بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەكە دەكەین، كە لە چوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە، كە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە، ماوەیەكە هەر جارە و بە بیانویەك ئەم سنورە دەكرێتە ئامانج." كۆماندۆی كوردستان به‌مجۆره‌ ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی كردوه‌.

ده‌شڵێت: ‏‎وێڕای دەربڕینی پرسە و پەژارەی قووڵمان بۆ كەسوكار و خانەوادەی سەربەرزی هەر سێ شەهیدی قارەمانی دژەتیرۆر، كە شەهیدی ئارامیی كوردستانن، هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین، گەلی كوردستان.

"براكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر دڵنیا دەكەینەوە، كە پێكەوە دەبینە دەستێكی پۆڵاین بۆ ڕیسواكردنی بەكرێگیراوان و خاك فرۆشان و چاوساغانی بێگانە و ناهێڵین خوێنی گەشی شەهیدانمان بە هەدەر بڕوات، كە مەرامیان وەك ڕۆژی ڕووناك دیارە." راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كۆماندۆی كوردستان وای وتوه‌.

له‌كۆتاییشدا كۆماندۆی كوردستان وتویه‌تی: ئەم چاوساغی كردنە بۆ بێگانە، ئەوەندەی دیكە ڕووی ڕەشی جاسوس و نیشتیمان فرۆشان لای هاووڵاتیان بێزراوتر و ڕیسواتر دەكات، لە ئایندەدا بۆ گەلی كوردستان ڕوون دەبێتەوە، كە بەكرێگیراوان لە پێناو چ مەرامێك  دەستیان داوەتە، نۆكەریكردن بۆ بێگانە.


PM:10:18:18/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 1296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت