رۆژنامەیەکی ئێرانی: تاران هەوڵدەدات تورکیا رازی بکات بەکشانەوەی سوپاکەی لە سوریا
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وهزیری دهرهوهی ئێران
وێستگەنیوز-
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ۆژنامەی (الوفاق)ـی ئێرانیی، کە لە ژمارەی (7331)ـی رۆژی یەکشەممە 17ی ئهیلولی 2023 ـدا بڵاو کراوەتەوە، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وهزیری دهرهوهی ئێران باس لە پلان و پێشنیازێکی وڵاتهكهی دەکات بۆ ئەوەی تورکیا رازیی بکات هێزەکانی لەسەر خاکی سوریا بکێشێتەوە، پشنیازەکەش بریتییە لەوەی سوپای سوریا بچێتەوە سەر سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێ بە هیچ گرووپ و هێزێک نەدات ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاساییشیی تورکیا.
عەبدوڵڵاهیان لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەکەدا دەڵێت: "سەبارەت بە پرسی سنووری هاوبەشی نێوان سوریا و تورکیا، دەسەڵاتدارانی سوریا دڵنیایان کردووینەتەوە کە توانا و ئامادەباشیی تەواویان هەیە بۆ پاراستنی ئاساییشی سنووری نێوان سوریا-تورکیا لەناو خاکی سوریاوە. لە دواهەمین کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی وەزیرانی دەرەوەی سوریا، تورکیا، ئێران و رووسیا لە مۆسکۆ، ئێمە بە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بیرۆکەیەکمان پێشنیاز کرد کە بریتییە لەوەی سوریا و تورکیا رێک بکەون لەسەر چوونەدەرەوەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە سوریا".
لە درێژەوەی وەڵامەکەیدا، عەبدوڵڵاهیان کۆی بیرۆکە پێشنیازکراوەکە روون دەکاتەوە: "سەرەنجام ئەم هاوکێشەیە دوولایەنەیە، لایەنی دووەم کە تورکیایە ئاساییشی سنوورە هاوبەشەکەی لەگەڵ سوریا بە لاوە گرنگە و نایەوێت رووبەڕووی هەڕەشە ببێتەوە لە لایەن ئەو گرووپانەوە کە هەڕەشە لە ئاساییشی هەموو ناوچەکە دەکەن، ئەمەش تەواو راستە و تورکیا مافی خۆیەتی، هەربۆیە ئێمە هەستاین بە پێشکەشکردنی ئەم پێشنیازە، کە هەر لەم کۆبوونەوە چوارقۆڵییەدا سەرەتا تورکیا پەیمان بدات هێزەکانی لەسەر خاکی سوریا بکێشێتەوە و دووەمیش سوریا بەڵێن بدات کە هێزەکانی سوپا بباتەوە بۆ سەر سنوور و رێ لە هەر هەڕەشەیەک بگرێت کە لە خاکی سوریاوە دەکرێتە سەر تورکیا، لەم پێشنیازەشدا رووسیا و ئێران گەرەنتیکەر و کەفیلی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە دەبن".
سەبارەت بەم پێشنیازەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەسەر زاری وەزیری دەرەوەی خستوویەتیە ڕوو، سوریا هیچ پەرچەکردار و وەڵامێکی نییە و هێشتا بێدەنگە، بەڵام رووسیاش پلانێکی دیکەی هەیە سەبارەت بە هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی سوریا، پێشنیازە رووسییەکە ئەوەیە تورکیا و سوریا رێک بکەون لەسەر رەوایەتییدان بە بوونی هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی سوریا بۆ لەناوبردنی ئەو گرووپانەی بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاساییشی تورکیا، ئەوەش بە گەڕانەوە و پشتبەستن بە (رێککەوتننامەی ئەدەنە-1998) کە کۆتاییەکانی سەدەی رابردوو لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا و ناوەڕۆکەکەی بریتیی بوو لە هەماهەنگیی سوریا و تورکیا لە شەڕی دژی تیرۆر و کۆتاییهێنان بە کۆمەکی سوریا بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان و مافی دەدا بە تورکیا بە قووڵایی پێنج کیلۆمەتر بچێتە ناو خاکی سوریا بۆ لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان.
سەبارەت بەم دوو پێشنیازە، هێشتا هەردوو وڵات (سوریا و تورکیا) سوورن لەسەر هەڵوێستەکانی پێشوویان ماونەتەوە، سوریا پێشتر رایگەیاندبوو، تا ئهوكاتهی تورکیا بە تەواوەتیی سوپاکەی لەسەر خاکی سوریا نەکێشێتەوە، ئامادەی هیچ گفتوگۆ و پەیوەندییەکی دیپلۆماتیی نین، تورکیاش رایگەیاندووە سوپای سوریا توانای دابینکردنی ئاساییشی سنوورکانی نییە و تا دۆخی سوریا تەواو ئاسایی نەبێتەوە و ئاوارەکان نەگەڕێنەوە و گرووپە چەکدارەکانی نەیار بە تورکیا لەناو نەبرێن کێشانەوەی هێزەکانی لەناو خاکی سوریا هێڵی سوورە و ئامادە نیین هەنگاوێکی لەو جۆرە بنێن.
AM:11:27:18/09/2023
ئهم بابهته 1028
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت