دانیشتوانی خه‌رتوم ژه‌مه خۆراكی هه‌ژارانه ده‌خۆن و به عاره‌بانه هاتوچۆ ده‌كه‌ن كه ئاژه‌ڵ رایده‌كێشێت
وێستگه نیوزـ
سلاڤه ئه‌حمه‌د ژنی ماڵه‌وه‌یه، هه‌ندێك سه‌لكه پیاز به ئاگری دار ده‌كوڵێنێت، پاشان تۆزێك ئاو و دۆشاوی ته‌ماته و نه‌ختێك به‌هاراتی به‌سه‌ردا ده‌كات، به‌م شێوه‌یه ژه‌می به‌یانیان بۆ خۆی و سێ منداڵه‌كه‌ی و هاوسه‌ره‌كه‌ی دروست ده‌كات. ئه‌وه تاقه ژه‌مێكی هه‌ژارانه‌ی خراپه كه له ماوه‌ی رۆژه‌كه‌دا ده‌یخۆن، ئه‌وان گه‌ده‌یان له‌سه‌ر نه‌بوونی ژه‌می نیوه‌ڕۆ و ئێواره راهێناوه، وه‌ك چۆن له ساته‌وه‌ختی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگه‌كه‌وه له مانگی نیسانی رابردووه‌وه، راهاتوون له‌سه‌ر تۆپبارانی چڕ و موشه‌كی چه‌كه قورسه‌كان كه له ده‌وروبه‌ریاندا ده‌كه‌ونه خواره‌وه.
سلاڤه كه له سییه‌كانی ته‌مه‌نیدایه، به رۆژنامه‌ی الشرق الاوسگ ده‌ڵێت: "پاره‌مان نییه گۆشت بكڕێن، له‌به‌ر ئه‌وه وه‌ك ده‌بینن، ئه‌م ژه‌مه خراپ و هه‌ژارانه‌یه ئاماده ده‌كه‌م. جار هه‌یه تۆزێك نیسك یان له‌وانه‌یه بڕێك لۆبیای كوڵاومان ده‌ست بكه‌وێت".
ئه‌م خانمه له درێژه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: "هه‌ندێكجار منداڵه‌كانم ئه‌م ژه‌مه خواردنه ناخۆن و داوای جۆری دیكه‌ی خواردن ده‌كه‌ن. ئه‌وان بێزاربوون له‌وه‌ی به درێژایی شه‌ش مانگ، ئه‌م تاقه ژه‌مه بخۆن. هه‌مو ئه‌وه‌ی له توانای مندایه بیكه‌م، ئه‌وه‌یه بۆ گۆڕانكاری له ژه‌مه‌كه‌دا، زه‌ڵاته‌ی سه‌وزه‌یان پێده‌ده‌م".
له نێوان فیشه‌ك و برسییه‌تی
هاوڵاتیانی سودان له ناوچه‌ی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان، سه‌لامه‌ت نین و به‌شی زۆریان، له‌ته نانێكیان ده‌ست ناكه‌وێت سكی برسیانی پێتێركه‌ن. تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و میدیاكان، باس له‌وه ده‌كه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتییان، دوای ئه‌وه‌ی فیشه‌ك و موشه‌ك و تۆپبارانی هه‌ڕه‌مه‌كی، زه‌فه‌ری پێنه‌بردن و نه‌یكوشتن و له ژیاندا ماونه‌ته‌وه، كه‌چی به‌هۆی نه‌بوونی خۆراك و برسییه‌تییه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئه‌لجزولی دفع الله سه‌رۆك وه‌زیارانی پێشووی سودان، له لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی ناوبراو، ده‌ڵێت: "بارودۆخه‌كه له سودان زۆر ئاڵۆزه، جه‌نگ له‌و شوێنانه‌ی به‌رپابووه، رۆحی ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتیانی له‌ناوبردووه و زه‌ره‌ر و زیانێكی گه‌وره‌ی به ژێرخانی وڵاته‌كه گه‌یاندووه. ئا له‌به‌ر ئه‌وه، راگرتنی جه‌نگه‌كه زه‌روره‌تێكی زۆر گرنگه. پێویسته بۆ كۆتاییهێنان به هۆكاره‌كانی جه‌نگه‌كه، ڕێكاریی ریشه‌یی بگیرێته‌به‌ر. نه‌ك رێكاریی لاوه‌كی و كاتی كه خۆی نادات له قه‌ره‌ی هۆكاره راسته‌قینه‌كانی هه‌ڵگیرساندی جه‌نگه‌كه".
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان، نه‌هامه‌تی هاوڵاتیانی سودان زیاتر ده‌بێت، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی له خه‌رتومدا ماونه‌ته‌وه و شاره‌كه‌یان به‌جێنه‌هێشتووه و به‌رده‌وام هه‌وڵده‌ده‌ن له رێگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری به‌دیل، خۆیان له‌گه‌ڵ واقیعی جه‌نگه‌كه و دۆخی خراپی ژیانیان رابێنن.
له‌م رووه‌وه هه‌ندێكیان له بری نان، پشت به برنج ده‌به‌ستن، چونكه ده‌ستكه‌وتنی نان تا بڵێی زه‌حمه‌ت بووه. ئاخر زۆر درێژه ریزی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی له‌به‌رده‌م ئه‌و ژماره كه‌مه‌ی نانه‌واخانه‌كان كه ئیش ده‌كات، راوه‌ستاون. له كۆتاییه‌كه‌شیدا ئه‌و بڕه نانه‌ی له‌وێدا ده‌ست مرۆڤ ده‌كه‌وێت، به‌شی ته‌نها یه‌ك رۆژی ناكات.
نه غاز هه‌یه و نه كاره‌با
له سودان پێش جه‌نگه‌كه، سوتاندنی دار بۆ چێشتلێنان، مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر ده‌گمه‌ن بوو. به‌ڵام دوای جه‌نگه‌كه، بووه‌ته حاڵه‌تێكی به‌ربڵاو، چونكه غاز بۆ چیشتلێنان نییه و ته‌زووی كاره‌باش زوو زوو ده‌پچڕێت. له‌به‌ر ئه‌وه، خه‌ڵكه‌كه هه‌وڵێكی زۆر ده‌ده‌ن دار و ته‌خته و گژوگیا كۆبكه‌نه‌وه. له‌و پێناوه‌شدا روبه‌ڕووی مه‌ترسی فیشه‌كی وێڵ و موشه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی ده‌بنه‌وه.
له‌و ناوچانه‌ی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی تێدایه، هاوڵاتیان ته‌نها به‌ده‌ست نه‌بوونی خۆراكه‌وه ناناڵێنن. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌و دانیشتوانه‌ی له خه‌رتوم ماونه‌ته‌وه و ژماره‌یان نزیكه‌ی 9 ملیۆن كه‌سه، هه‌وڵده‌ده‌ن رێوشوێنی ئابوری بدۆزنه‌وه. وه‌لێ ئه‌وان به‌ده‌ست نه‌بوونی ده‌رمان و نه‌بوونی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌وه ده‌ناڵێنن. زۆرێك له‌و هاوڵاتیانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رمانیان ده‌ست نه‌كه‌وتووه یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌توانراوه بگه‌یه‌نرێنه نه‌خۆشخانه‌كان، گیانیان له‌ده‌ستداوه.
گژوگیا له بری ده‌رمان
حسێن ئاده‌م كه ته‌مه‌نی 67 ساڵه، به‌ده‌ست "میكرۆبی گه‌ده"وه ده‌ناڵێنێت، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری پزیشكی و چاره‌سه‌ركردن نییه، په‌نای بردووه‌ته به‌ر چاره‌سه‌ر به گژوگیا و گیراوه‌ی تۆكڵی هه‌نار ده‌خوات. هه‌روه‌ها هاوسه‌ره‌كه‌ی هاڕاوه‌ی گه‌ڵای دره‌ختی (النیم- له عێراق پێیده‌وترێت سه‌به‌حبه‌ح)، له‌سه‌ر قاچی چه‌پی حسێنی هاوسه‌ر‌ی داده‌نێت، چونكه تووشی نه‌خۆشی رۆماتیزمیش بووه.
هاوڵاتییه‌كی زۆر له‌به‌ر كه‌می و نه‌بوونی شه‌كر، ناچارن چا به خورماوه بخۆنه‌وه. هه‌ندێك له‌و هاوڵاتیانه بۆ ئه‌وه‌ی دڵی خۆیان بده‌نه‌وه ده‌ڵێن: "به ناچاری وازمان له خواردنی شه‌كر و خواردنه‌وه گازییه‌كان هێناوه، بۆیه بارودۆخێكی ته‌ندروستی باشترمان هه‌یه".
هاوڵاتییه‌كه‌ی دیكه ده‌ڵێت: "ئێمه بێ ویستی خۆمان، وازمان له‌و ژه‌مانه هێناوه كه شه‌كر و خواردنه‌وه گازییه‌كان و مادده‌ی خۆراكی زیانبه‌خشی تێدایه، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا، ئه‌وه وایكرد ته‌ندروستیمان باشتربێت".
سابونی ماڵه‌وه
زۆرێك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ی پاكردنه‌وه‌یان (سابون) ده‌ستكه‌وێت، فێری ئه‌وه بوون له ماڵه‌وه دروستی بكه‌ن. بگره هه‌ندێك له گه‌نجه‌كان، له ماڵه‌وه دروستی ده‌كه‌ن و له ده‌ره‌وه به پاره‌یه‌كی كه‌م ده‌یفرۆشنه‌وه به خه‌ڵكی. هه‌رچی هۆیه‌كانی گواستنه‌وه‌یه، ئه‌وا ژماره‌یه‌كی زۆری ئۆتۆمۆبێله‌كان، له ترسی دزینی یان سوتاندنی، براونه‌ته ده‌ره‌وه‌ی خه‌رتوم. له‌به‌ر ئه‌وه له‌و شوێنانه‌ی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی تێدایه، ماتۆڕ یان عاره‌بانه كه ئاژه‌ڵ رایده‌كێشێت، بوونه‌ته ئامرازی گواستنه‌وه. ئه‌گه‌ر عاره‌بانه‌كه‌ت بجووڵێنیت له‌وانه‌یه به‌ر فیشه‌كی قه‌ناسی یه‌كێك له دوو لایه‌نی شه‌ڕه‌كه بكه‌ویت. یان به زۆری زۆرداری و به تۆپزی ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ت لێوه‌ربگرن و تاڵانی بكه‌ن. له هه‌مو حاڵه‌ته‌كاندا، چوونه ده‌ره‌وه‌ی له ماڵ، سه‌لامه‌ت نییه.
PM:04:45:17/09/2023
ئه‌م بابه‌ته 1396
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت