ئه‌پڵیكه‌یشنێك كچان رووت ده‌كاته‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

له‌ سه‌كۆی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ته‌له‌گرام به‌رنامه‌یه‌ك بڵاوبوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌توانێت مرۆڤ رووت بكاته‌وه‌، ناوه‌ندێكی عێراقیش هۆشداری له‌ به‌كارهێنانی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌دات به‌تایبه‌تیش كچان ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌كه‌ونه‌ داوی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ تا به‌هۆیه‌وه‌ "تاوانه‌كانی كوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف" زیاد نه‌كات.

تیمی "ته‌كنیك له‌ پێناو ئاشتی" كه‌ گروپێكی ته‌كنه‌لۆجیای عێراقییه‌، بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ به‌رنامه‌كه‌ به‌ كوالیتییه‌كی زۆر به‌رز و به‌ یارمه‌تیی ته‌كنه‌لۆجیای ژیریی ده‌ستكرد، ده‌توانێت وێنه‌ی هه‌ر كه‌سێك كه‌ پێی بگات، رووتی بكاته‌وه‌و جلی له‌به‌ردا نه‌هێڵێت.

تمیه‌كه‌ ده‌ڵێت: دوای به‌دواداچوون بۆمان ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ ( Bots)ێك له‌ ته‌له‌گرام بڵاوبوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ ژیریی ده‌ستكرد به‌مجۆره‌ كار ده‌كات: هه‌ركاتێك وێنه‌ی هه‌ر كه‌سێك بخرێته‌  ئه‌م به‌رنامه‌یه‌وه‌، به‌رنامه‌كه‌ زۆر به‌ وردی و به‌ كوالیتییه‌كی به‌رز بۆ وێنه‌یه‌كی رووتی ناڕاست ده‌گه‌ڕێت كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بوونی نییه‌ تا بیخاته‌ سه‌ر وێنه‌كه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ و دواجار وا ده‌ریده‌خات كه‌ خاوه‌ن وێنه‌كه‌یه‌ و وێنه‌ی رووتی خۆی ناردووه‌.

به‌وته‌ی تیمه‌كه‌، به‌نامه‌كه‌ كه‌ ژیریی ده‌ستكرد هاوكاریی ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ به‌ وردی و به‌ كوالیتییه‌كه‌ی به‌رز بۆ وێنه‌یه‌كی ناڕاستی رووت ده‌گه‌ڕێت كه‌ كتومت له‌ شێوه‌ و جه‌سته‌ و كێش و باڵا و ره‌نگی پێست و زۆر سیفاتی دیكه‌ی وێنه‌ی كه‌سه‌كه‌ بچێت و له‌كۆتاییدا هه‌ر كه‌س بیبینێت وا ده‌زانێت كه‌ هیچ ده‌ستكارییه‌ك نه‌كراوه‌.

 تیمی "ته‌كنیك له‌ پێناو ئاشتی" ئامۆژگاریی هاوڵاتیان به‌تایبوت  كچان ده‌كات ئه‌و به‌نامه‌یه‌ تێست نه‌كه‌ن تا تووشی كێشه‌ی خێزانی و گێچه‌ڵی ئه‌لیكترۆنی نه‌بن و ئاگاداری وێنه‌ و پرۆفایله‌كانی خۆیان بن بۆ ئه‌وه‌ی "تاوانی كوشتن له‌پێناو شه‌ره‌ف" ته‌شه‌نه‌ی زیاتر نه‌سه‌نێت.
تیمه‌كه‌ ئامۆژگاریی دایك و باوك و كه‌سوكاری ئه‌وانه‌شی كردوه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ داوی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌، پێش گرتنه‌به‌ری هه‌ر توندوتیژییه‌ك له‌م لینكه‌وه‌ https://onelink.to/tech4peace  فۆرمێك پڕ بكه‌نه‌وه‌و سكاڵایه‌ك تۆمار بكه‌ن تا هاوكارییان بكرێت بۆ گه‌یشتن به‌ راستییه‌كان.

پاشان دوای تۆماركرنی سكاڵاكه‌ ده‌توانن له‌م لینكه‌شه‌وه‌ Stopncii.org (شوێن په‌نجه‌ی ژماره‌یی) راسته‌وخۆ له‌سه‌ر وێنه‌كانی ناو مۆبایله‌كانیان دابنێن وه‌ك په‌نجه‌مۆر تا وێنه‌ راسته‌قینه‌كانیان پشترٍاست بكرێته‌وه‌، ده‌شڵێت ئه‌م مه‌له‌فانه‌ تاكه‌ مه‌له‌فن كه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌وره‌كانی وه‌ك فه‌یسبوك و تیكتۆك و ئینستاگرام و رێدیت هاوبه‌شییان پێ ده‌كرێت و توانای پاراستنی وێنه‌ و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیان هه‌یه‌.


PM:04:34:19/08/2023


ئه‌م بابه‌ته 9652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت