دوای بیست ساڵ، DNA سەلماندی بێتاوانە


وێستگەنیوز- زە گاردیەن

کوڕێکی گەنج، کە تەمەنی 37 ساڵە، لەپڕ تۆمەتبار دەکرێت بەوەی ژنێکی لاقە کردووە، دادگایی دەکرێت، هەرچەندە بەڵگەی پێویستیش لەئاردا نییە بۆ ساغکردنەوەی تاوانەکە بەسەریدا، بەڵام سەرنجام فەرمانی 17 ساڵ بەندکردنی بەسەردا دەدرێت، دوای بیست ساڵ ئینجا بە تەواوەتیی ئازادیی بەدەست دەهێنێتەوە و دەریش دەکەوێت کە بێتاوانە، بەڵام پاش چیی کە ئێستا تەمەنی 57 ساڵە‌!.

ڕۆژی چوارشەممە (26-7-2023)، دادگایەکی بەریتانیا بڕیاری بێتاوانیی ئاندرۆ مالکینسن-ی 57 ساڵی دەرکرد، دادوەرەکە پێی وت: "دەتوانیت بڕۆیت، تۆ پیاوێکی ئازادیت"، مالکینسن بە پەیامنێرەکەی (زەگاردیەن)ـی وت: "کاتێک دادوەر وتی تۆ ئازادیت و دەتوانیت بڕۆیت، هەموو گیانم کەوتە لەرزین".

هەروەها وتیشی: "چاوانم سەرڕێژبوون لە ئاو، بەڵام هێشتا ئامادە نەبووم بگریم. یەکێک لەو شتانەی بە زەینمدا هات ئەوە بوو کە ئەم ئازادکردنەم مانای ئەوەیە دەتوانم گەشت بکەم بۆ شوێنێکی دوور".

مالکینسن، پیاوێکی گەڕیدە بووە و زۆر عاشقی گەشتکردن و گەڕان بووە بە جوگرافیا و وڵاتە جیاوازەکاندا، ساڵی 2004، لە میانەی سەردانێکیدا بۆ بەریتانیا و بەدیارییکراوی بۆ شاری مانچستەری گەورە (Greater Manchester)، دەبێت بە تەڵەی پۆلیسەوە و تۆمەتبار دەکرێت بەوەی ژنێکی لاقە کردووە، بەو هۆیەشەوە بڕیاری زیندانییکردنی بۆ ماوەی 17 ساڵ لە دژی دەردەکرێت.

دوای ئەوەی ئەو ماوەیەی لە زیندان بەڕێ کرد و بە هۆی جوانڕەفتاریی و نەبوونی هیچ لادانێک ساڵی 2020 ئازاد کرا، بەڵام هێشتاش وەکو پیاوێکی لاقەکار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرا و نەیدەتوانی لە سنووری بەریتانیا بچێتە دەرەوە، چونکە زۆر دەگمەنن ئەو وڵاتانەی ڤیزا دەدەنە پیاوێک کە تۆمەتبارە بە لاقەکردنی سێکسیی، بەڵام ئەمساڵ (2023) دوای ئاشکرابوونی بەڵگەی یەکلاکەرەوە، بێتاوانیی سەلمێنرا و لە دادگای تێهەڵچوونەوەی مانچستەر تاوانەکەی لەسەر لادرا.

کاتێک لە دادگا هاتە دەر، زۆر بە توندی دژی پۆلیسی ئەو شارە لێدوانی دا، بە درۆزن ناودێری کردن، چونکە ڕۆڵیان هەبوو لە ئاشکرانەکردنی کۆمەڵیک وردەکاریی بۆ دادگای شارەکە و بەلاڕێدابردنی کەیسەکەی و سەرەنجام تۆمەتبارکردن و زیندانییکردنی.

دادگای تێهەڵچوونەوەی مانچستەر، چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە بەرنامەی شوێنپێهەڵگرتنی جیهانی (GMP)، بە ئاستێکی مەترسییدار شکستی هێناوە لە یەکلاییکردنەوەی دۆسێکەی مالکینسندا.

ڕاشیگەیاند کە دادگاکەیان بە هۆی ئەوەی لە کاتی داگاییکردنی مالکینسن لە ساڵی 2004، گەواهیدەرێکی سەرەکیی کەیسەکە نەهێنراوەتە بەردەم دادگا؛ بڕیارێکی هەڵەی داوە و کەسێکی بێتاوانی تاوانبار کردووە، دوای ماوەیەکی زۆر کاتێک ئەو گەواهیدەرە سەرەکییەی کەیسەکەی مالکینسن لە تاوانێکی دیکەدا دەستگیر دەکرێت؛ دەردەکەوێت کە تاوانبارێکی پێشینەدار، ئالوودەی هیرۆیین و چەندین دۆسێی تاوانی هەبووە، بەڵام پۆلیسی شارەکە ئەو تاوانبارەی نەبردۆتە بەردەم دادوەران و سەرەنجام حوکمێکی هەڵەیان دەرکردووە.

هەرچەندە مالکینسن و هەموو ئەوانەی دەیانناسیی بە پێداگرییەوە جەختیان لەوە دەکردەوە ئەو پیاوە گەنجە بە هیچ جۆرێک تاوانی وای لێ چاوەڕێ ناکرێت، هەروەها سەرباری ئەوەی هیچ نموونەیەکی (DNA)ـی مالکینسن لەسەر جەستە و جلوبەرگ و کەلوپەلەکانی ژنە قوربانییەکە و ئەو شوێنەی تاوانەکەی تێدا کراوە نەدۆزرایەوە، بەڵام دواجار هەر تاوانبار کرا و زیندانیی کرا (2004)، بەڵام دوای بیست ساڵ (2023)؛ دوای ئەوەی پشکنینەکانی پزیشکدادی شاری مانچستەری گەورە، نموونەی (DNA)ـی پیاوێکی دیکەیان لەسەر جلەکانی قوربانییەکە دۆزییەوە، دادگا بێتاوانی مالکینسنی سەلماند.

مالکینسن بە (زەگاردیەن)ـی وت: "دواجار پشکنینی (دی.ئێن.ئەی) بێتاوانیی منی سەلماند، بەڵام وردەکارییەکانی پێش ئەوە بەلای منەوە گرنگترن، بەتایبەتی شکستخواردنی بەرنامەی شوێنپێهەڵگرتنی جیهانی (GMP)، ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لەوەدا کە من دادگاییەکی دادپەروەرانە نەکرێم.

دەربارەی ئەو ستەمەی لە مالکینسن کراوە و شێوازی قەرەبووکردنەوەی، ئێمیلی بۆڵتن، پارێزەری مالکینسن و بەڕێوەبەری پێداچوونەی یاسای قەرەبووکردنەوە، پێی وایە ساڵانێکی زۆری دەوێت هەتا مالکینسن قەرەبووی تەواوەتیی دەکرێتەوە.

پێش بیست ساڵ، مالکینسنی گەڕیدە و عاشقی سەفەر و گەشتکردن، چووە بەریتانیا و بڕیار بوو چەند ڕۆژێکی کەم بمێنێتەوە، ئەو ژیانێکی سادەی هەبووە و خاوەنی موڵک و ماڵێکی وا نەبووە شایانی باس بێت، بە نیاز بووە دوای بەریتانیا بۆ ڤێتنام یان کەمبۆدیا گەشت بکات. بەڵام زۆر نابات دەبێت بە تەڵەی پۆلیسەوە و تۆمەتبار دەکرێت، لەو بارەیەوە مالکینسن دەڵێت: "من گۆڕام، بە هۆی شۆکی ئەو ڕفاندنە زۆرەملێیەی دەوڵەتەوە گۆڕانێکی گەورە ڕووی تێکردم". کاتێکیش ئازاد کرا گرنگترین شتی ئاماژە پێ دا: "یەکسەر ناوم لە لیستی لاقەکاراندا بسڕنەوە".

هەمووان دەزانن کە تازە زیانەکە بە مالکینسن گەیشتووە و ناگەڕێتەوە، پێش ئەوەی زیندانیی بکرێت؛ گەنجێکی تەندرووستی قۆز و شیکی37 ساڵە بوو، ئێستا پیاوێکی کامڵبووی 57 ساڵە کە بەدەست نەخۆشیی شەکرەوە دەناڵێنێت و ژیانی تەواو جیاوازە لەوەی پێش دەستگیرکردنی لێی سەنرا.

مالکینسن، هاوڵاتییەکی بەریتانییە، ساڵی 1993، دەچێتە هۆڵەندا و لەوێ کار دەکات و دەبێتە نیشتەجێی هەمیشەیی ئەو وڵاتە، ئەو دەڵێت: "کاتێک ئاوڕ لە دواوە دەدەمەوە دەبینم تا ئاستێک ژیانێکی خۆشنوودانە و هاکەزاییم هەبوو، من عاشقی گەشت و گەڕان و ژیانی ناو سرووشت بووم، بایی ئەوەش ئەزموونم هەبوو کە بە دونیادا بگەڕێم و هەمیشەش هەست بکەم لەو وڵاتی خۆمدام".

مالکینسن دەیەوێت کۆتایی ئەم هەفتەیە، بەریتانیا جێ بهێڵێت و بەرەو شوێنێکی دیکە گەشت بکات، "هەر شوێنێک بێت جگە لە بەریتانیا" وەکو خۆی بە لاقرتێوە وتی.

تریش مالکینسن-ی دایکی، یەکێک بووە لە پشتگیرییکەرە سەرسەختەکانی کوڕەکەی، هەمیشەش باوەڕی بەوە بووە کوڕەکەی کارێکی لەو جۆرەی لێ ناوەشێتەوە، ئەو ژنە (77) ساڵە، ڕۆژی چوارشەممە لەبەردەم دەروازەی دادگای تێهەڵچوونەوەی مانچستەر بوو، بە ڕواڵەت هێمن و کاتێکیش قسەی کرد جامی تووڕەیی خۆی بەسەر دادگا ڕشت: "سێیەکی ژیانی بەفیڕۆ ڕۆیشت، بە هیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوە، وا نییە؟ نە دەرەنجامەکە و نە قەرەبووکردنەوەش هیچیان گرنگ نیین".

کاتێکیش کوڕەکەی لە دادگاکە هاتە دەرەوە، تریش باوەشی پێدا کرد و مالکینسن چەند قسەیەکی بە گوێدا چپاند... "بە دایکمم وت ئەم جارە و ئێستا ئیتر شتەکە بە تەواوەتیی کۆتایی هات".


PM:04:10:08/08/2023


ئه‌م بابه‌ته 2728 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو