ئومێد محه‌مه‌د: 66 ئیمزامان كۆكردووه‌ته‌وه‌ تا بڕگه‌ی پاشه‌كه‌وت بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز-
په‌رله‌مانتارێكی‌ فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ فراكسیۆنه‌كه‌یان 66 ئیمزای په‌رله‌مانتارانی‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌ تا بڕگه‌ی پاشه‌كه‌وت بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌.


ئومێد محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ هه‌ژماری‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك نووسیویه‌تی‌: "جارێكی تر وه‌ك نه‌وه‌ی نوێ 66 ئیمزای په‌رله‌مانتارانمان كۆكردۆته‌وه‌ كه‌ ڕێگا نه‌درێت بڕگه‌ی پاشه‌كه‌وت لاببرێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ فراكسیۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌و كاره‌یان بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا بڕگه‌ی پاشه‌كه‌وت بكرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌".

ئومێد محه‌مه‌د ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئیمزاكان دراوه‌ به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و چاوه‌ڕێی ئه‌نجام ده‌كه‌ین".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و هادی عامری و كوتله‌كان بڕگه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم لادرا.

سۆران عومه‌ر وتی‌: "به‌نده‌و كاك خالید شوانی له‌وێ زۆر دژی بووین، سروه‌ خانیش هات و  كاك هه‌رێمیش دژی ئه‌وه‌بووین".

وتیشی‌: "به‌ هادی عامریم وت ئه‌وه‌ مافی خه‌ڵكه‌ چۆن لایده‌به‌ن وتی حكومه‌تی هه‌رێم ته‌حه‌مولی ناكات، یوسف كلابی وتی من له‌كۆبونه‌وه‌ ده‌یخوێنمه‌وه‌ لایناده‌ین..".

له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ش فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند كه‌ "گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە پێشنیاری ئێمە بووە و داکۆکی لێ دەکەین".

هاوكات رێبوار ئه‌وڕه‌حمان وته‌بێژی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ رایگه‌یاند كه‌ "پارتی و یه‌كێتی رێككه‌وتن له‌سه‌ر لابردنی بڕگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم".

لای‌ خۆیه‌وه‌ د.موسەننا ئه‌مین ئەندامی ئە‌نجومە‌نی نوێنە‌رانی عێراق لە‌ فراکسیۆنی یەکگرتوو له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسیدا وتی‌: "ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی دوای ئەو ستەمەی لەخەڵکی کوردستانیان کرد، هاتن لەبەر جێگیرکردنی هەندێ بڕگە لە بەرژەوەندی خۆیان، بە نێوەندگیری چەند سیاسییەک، زەڕبیاندا لە بڕگەی پاشەکەوتی موچە".


PM:10:36:09/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 2464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت