نوێترین زانیاری له‌ باره‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران


وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم داوای لەسەرجەم فەرمانگەکان کردووە بەزووترین کات، زانیاریی پاشەکەوتی مووچە و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست بەجیا لە ساڵانی 2015 تا 2021، بەکۆی گشتی رەوانە بکەن.


بوگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم کە واژۆی ئاوات جەناب وەزیری دارایی لەسەر داوا لەسەرجەم فەرمانگەکان کراوە کە لە زووترین کات، زانیاریی پاشەکەوتی مووچە و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست بەجیا لە ساڵانی 2015 تا 2021 بەکۆی گشتی رەوانە بکەن.

لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کۆی گشتی قەرزی ئاو و کارەبا و کرێی باڵەخانە بەهاوپێچ لەگەڵ زانیاری پاشەکەوت و لێبرینی مووچە رەوانەی وەزارەتی دارایی بکەن لەگەڵ کۆی گشتی قەرز و پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری و کڕینەوەی ئۆتۆمبێلی حکومییش.

هاوکات، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری راگەیاند، بە گوێرەی ئەو پلان و میکانیزمەی وەزارەتی دارایی گرتویەتیەبەر، سەرەتا کۆی قەرزی حکومەت لەسەر هاووڵاتییان هەژمار دەکات و بڕەکەی لە پاشکەوتی مووچە دەردەکات تا ئەو بڕە پارەی بۆ پاشکەوتی مووچە دابین دەکرێت کەم بێتەوە و وەزارەت بتوانێت پلان بۆ دانەوەی دابنێت.

هەروەها، نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لەبارەی پاشەکەوت و لێبڕینی مووچە و ناردنی زانیاری کۆی گشتی قەرز و پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیری و کڕینەوەی ئۆتۆمبێلی حکومی ئاشکرا نەکردووە.


PM:12:25:08/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 14388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت