ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاتی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی دیاریکرد


وێستگه‌نیوزـ

بەپێی نووسراوێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 1ی نیوەڕۆ دیاریکراوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025ی عێراق.


بەپێی نووسراوەکە، دوو سبەی پێنجشەممە 8ی حوزه‌یرانی 2023، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە کۆدەبێتەوە و هیچ بڕگە و بابەتێکی دیکە باسناکرێت.

پرۆژەیاسای بودجە، بۆ ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 دارێژراوە و بودجەی ساڵی 2023ی عێراق گەورەترین بودجەی عێراقە و بڕەکەی 198 ترلیۆن و 683 ملیار و 719 ملیۆن و 472 هەزار دینارە و تیایدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە و نرخی 100 دۆلاریش بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە 1300 دینارە جێگیر کراوە، لەو بڕەش 64 ترلیۆن دیناری بە کورتهێنان دانراوە.

هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دا بە رێژەی لە 12.67٪ جێگیر کراوە و لە کاتی تێپەڕاندنی بودجەدا هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بۆ دەنێردرێت و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا بە شێوازێکە، هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت لە بانکێکدا دابنێت کە لەژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵیدا بێت و دەسەڵاتی بەکارهێنانیشی لەژێر دەستی سەرۆک وەزیرانی هەرێمدا دەبێت.



AM:11:45:06/06/2023




ئه‌م بابه‌ته 2932 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت