ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆم هۆشداریی ده‌دات
رافایل ماریانۆ گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم
وێستگه‌نیوزـ
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، له‌پێناو پاراستنی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا، بنەماکانی سەلامەتییان كه له پێنج مادده پێكهاتوون گه‌یاندووه‌ته روسیا و ئۆکرانیا و دەشڵێت، ئەگەر رووداوێکی ئەتۆمی یان پێشهاتێكی نەرێنی له وێستگه‌كه رووبدات جیاوازی لە نێوان ئه‌وه‌دا ناكات كه مرۆڤه‌كان سه‌ربه چ وڵاتێكن.
رافایل ماریانۆ گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاشكرایكرد، پێویسته وێستگەی وزەی ئەتۆمی نه‌بێته ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و نابێت هیچ هێرشێک بکرێتە سەر ریاکتۆرەکان، کارمەندان یان كۆگاكانی سووتەمەنی.
باسی لەوەشکرد، پێویستە چەکی قورس لەو دامەزراوەیەدا نه‌بێت کە وێستگەی ئەتۆمی لێیە و تیشكی خسته‌سه‌ر بەکارنەهێنانی ئەو چەکانە لەلایەن سەربازانه‌وه لە دژی نه‌یاره‌كانیان له دەرەوەی وێستگه‌كه.
راشیگەیاند، "به‌هۆی ئه‌و مه‌ترسییه‌ی له ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كان هاتووه‌ته ئاراوه به‌تایبه‌ت له ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا، ئەم بنه‌مایانه پێویستن. لە سەرەتای دەستپێکردنی جه‌نگه‌وه حەوت جار سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی ده‌ره‌كی وێستگەکە پچڕاوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگیی پێویستیی بەپەلەی پاراستنی ئەم سه‌رچاوه چاره‌نووسسازه‌ی كاره‌با".
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، له ده‌ستپێكی جه‌نگه‌كه‌وه تا ئێستا، بەهای پێنج ملیۆن یۆرۆ کەرەستەی سەلامەتی و ئەمنی ئەتۆمی بۆ ئۆکراینا رەوانە کراوە.
رافایل ماریانۆ گرۆس، لەمیانی وتارەکەیدا تیشكی خستە سەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئاشكرایكرد، دوایین راپۆرتی ئاژانسەکەیان له‌وباره‌یه‌وه نیشانی دەدات "یۆرانیۆمی پیتێنراوی كۆگاكراوی ئێران لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە چواریه‌ك زیادی کردووە".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، یەکەمجاره ئاژانسەکە سیستمی کامێرای لە هەردوو دامەزراوەی فۆردۆ و نەتەنز داناوە، بۆ ئەوەی باشتر چاودێریی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بکرێت.
AM:09:40:06/06/2023
ئه‌م بابه‌ته 1260
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت