كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینێی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر بودجه‌ دواخرا


وێستگه‌ نیوزـ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ کۆبوونەوەی سبەینێ شه‌ممه‌ی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بودجە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوه‌.

ئەمڕۆ هەینی شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە كه‌ناڵی کوردستان24ی راگەیاند، "لەسەر کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان رەزامەند نەبووم، هەربۆیە کۆبوونەوەکە بەڕیوەناچێت بۆ کاتێکی نادیار دواخرا."

پێشتر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوو، سبەینێ پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە کۆدەبێتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان پێکهاتەی شیعە و سوننەکان لە سەر تێپەڕاندنی کۆی پرۆژەکە ناکۆکن.

ئه‌مرۆش حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێێدا هاتووە، "ئەو گۆڕانکاریانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێکەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی کوردستان، لەسەر پرۆژەیاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستوریین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر دراوە".

"بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە". حكومه‌تی هه‌رێم وای وتبوو

رۆژی 25ـی ئایاری 2023، لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی عێراق لە دوا کۆبوونەوەی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی په‌رله‌ماندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.


PM:10:46:26/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 2252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت