حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گۆڕانکارییەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق له ههردوو ماددهی 13 و 14، راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوهو دهڵێت: "بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبول ناکەین و جگهلهو رێككهوتنهی كه كراوهن پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین".
ئهمڕۆ ههینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستکاریکردن و گۆڕانکاری لە ماددەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق لە لایەن چەند ئەندامێکی لیژنەکەوە، راگەیهندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، "ئەو گۆڕانکارییانەی لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ڕێککەوتی 2023/5/25 دژی هەرێمی کوردستان، لە سەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دران ، نادەستوریین و دژی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرالیە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی ڕێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەولەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لە سەر دراوە."
"ئێمە وەک حکومەتی هەرێم، بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبول ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی تریش نابین جگە لەو ڕێککەوتنەی پێشتر لە گەل حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە." راگهیهندراوهكهی حكومهتی ههرێم وا دهڵێت.
دوێنێ پێنجشەممە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ماددەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بە گۆڕانکارییەوە پەسهندکرد کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان و چەند ئەندامێکی کوردی لیژنەکەش کۆبووەنەوەکەیان جێهێشت. گۆڕانکارییەکان لەو دوو ماددەیە ئەوانە بوون کە ئەندامە شیعەکانی لیژنەکە پێشکێشیان کردبوو.
ئەو گۆڕانکارییانەن کە لە ماددەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان کراون لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بریتین له: دانەوەی پاشەکەوتی مووچە، رێگری لە دەرهێنانی نەوتی کەرکوک و نەینەوا، دەرفەتدان بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی پشکەکانیان لە بەغدا، ئهمه جگە لە ناچارکردنی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی نەوتەکەی بە کۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان بە هاوبەشی.
PM:04:43:26/05/2023
ئهم بابهته 3708
جار خوێنراوهتهوه