رێكاره‌كانی خۆپارێزی بۆ كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوون راگه‌یه‌ندرا


وێستگه‌ نیوز-

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاوی‌ هه‌رێم رێكاره‌كانی خۆپارێزی و هۆشیاری بۆ كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوون بڵاوده‌كاته‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌  سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌ربڕخانه‌ فه‌رمییه‌كان قه‌ده‌غه‌ بكرێت.

وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌ رێككارەكانی خۆپارێزی و هۆشیاری بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشی تای خوێن بەربوونی به‌مشێوه‌یه‌ خستووه‌ته‌ڕوو:

1/جه‌ختكردنه‌وه‌ لە قه‌ده‌غه‌كردنی دیارده‌ی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سەربڕخانە فه‌رمیه‌كان بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندارەكان ، له‌ به‌رئه‌وه‌ی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌ رێگاكان و كۆلانه‌كان و مه‌یدانی ئاژه‌ڵان قه‌ده‌غه‌یه.

2/داخستنی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ئاژه‌ڵیان لێ سه‌رده‌بڕێت بەتایبەتی له‌ مه‌یدانی ئاژه‌ڵان و رێگا سه‌ره‌كیه‌كان وه‌ سزادانی یاسایی سه‌رپێچیكاران بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندارەكان.

3/پێویسته‌ سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌ سه‌ربڕخانه‌ فه‌رمیه‌كان بێت و گۆشت به‌ مۆری فه‌رمی ڤێتێرنه‌ری بچێته‌ بازار وە لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە ئەوشوێنانەی گۆشتی مۆر نەكراوی فەرمی دەفرۆشن دابخرێن وە سزابدرێن.

4/توندكردنه‌وه‌ی ڕێوشوێنی پرۆسه‌ی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌ سەربڕخانە فه‌رمیه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ ئه‌نجامدانی پشكنینی پێش سه‌ربڕین وه‌ پشكنینی دوای سه‌ربڕین به‌مه‌به‌ستی دڵنیایی له‌ ته‌ندروستی ئاژه‌ڵه‌كان وه‌ سه‌لامه‌تی گۆشتی به‌رهه‌م هاتوو.

5/گرتنه‌به‌ر و ره‌چاوكردنی گشت رێكکاره‌ خۆپارێزیه‌كان له‌ سه‌ربڕخانه‌كان ، له‌پۆشینی جلی تایبه‌تمه‌ند و ده‌ست كێش هه‌روه‌ها,پاك و خاوێن ڕاگرتنی سەربڕخانەكان و دەوروبەری سەربڕخانەكان وه‌ ڕشاندنیان به‌ ده‌رمانی‌ تایبه‌ت.

6/قەدەغەكردنی هاتووچۆی و گواستنەوەی ئاژەڵ (مانگا، مه‌ر و بزن) بۆ ناوەوە و دەرەوەی هەر ناوچەیەك یان پارێزگایەك ك ەنەخۆشیەكەی تیدا سەرهەڵبدات بەشێوەیەكی كاتی.

7/قەدەغەكردنی هاوردەكردنی گۆشت و پیستە و بەرووبومی ئاژەڵ لەو ناوچەیەی كە نەخۆشیەكەی تێدا سەرهەڵداوە بەشێوەیەكی كاتی.

8/جەختكردنەوە لە ڕێگریكردن له‌ هاورده‌كردنی ئاژه‌ڵ به‌ شێوه‌ی نافه‌رمی و بەڕێگەی نایاسایی و به‌ به‌بێ مۆله‌تی فه‌رمی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌سنوره‌كانی ده‌ره‌وه‌، وه‌ له‌نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ، هه‌روه‌ها، كۆنتڕۆڵكردنی خاڵە سنوریەكان بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندارەكان.

9/كه‌ره‌نتینه‌كانی ڤێتێرنه‌ری له‌مه‌رز و فرۆكه‌خانه‌كان پشكنینی وورد ئه‌نجامبده‌ن بۆ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی كه‌ دێنه‌ ناو هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی دڵنیایی له‌ ته‌ندروستی ئاژه‌ڵه‌كان.

10/ وه‌زاره‌تمان رێككاری پێویست ده‌گرێته‌به‌ر، به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی ده‌رمانی پێویست بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تی ڕشاندنی شوێنی ئاژه‌ڵ و سەربڕخانەكان و مەیدانی ئاژەڵان و شوشتنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ بۆ له‌ناوبردنی مشه‌خۆری ده‌ره‌كی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم.

11/بۆ گەیاندنی پەیامەکانی ئەم هەڵمەتە نیشتیمانیە وەزارەتمان داوا لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن دەکات کە هاوکارمان لە روماڵکردن و بلاوکردنەوەی ئەم رێنمایی و رێککارانەی سەرەوە بۆ هاووڵاتیانی بەڕێزی هەرێمی کوردستان بە گشتی.

جگە لەم رێككارانە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو داواكاره‌ لە خاوەن ئاژەڵ و گۆشت فرۆش و هاووڵاتیان بە گرتنەبەری هۆكارەكانی خۆپارێزی وە پابەندی رێنماییەكانی ڤێتێرنه‌ری‌ و تەندروستی بن .


PM:02:38:26/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 3316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت