راوێژکاری ئەمنی عێراق لەسەر دۆسیەی حزبە کوردییەکان سەردانی ئێران دەکات


وێستگەنیوز_

لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق سەردانی تاران دەکات و لەسەر پرسی سنورەکانی عێراق - ئێران؛ و کۆنتڕۆڵ کردنی چالاکییەکانی حزبی دیموکرات کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، میدیا عێراقییەکان ئاشکرایانکردووە، دوای ئەوەی جارێکی دیکە ئێران هەڕەشەی هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکەی هێزە چەکدارەکانی دژ بە ئێران کردووە، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی تاران دەکات و راپۆرت و زانیارى لەسەر چالاکی هێزەکان و ئارامی سنورەکان دەداتە ئێران.

ئاماژە بەوەشکراوە، جموجوڵێکی زۆر هەیە لە نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە کوردییەکان بۆ دورخستنەوەی هێزە چەکدارە کوردییەکانی دژی ئێران و جێگیر کردنی هێزی پاسەوانی سنوور.

ئەوەش خراوەتەڕوو، حکومەتی سوودانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکەوە کار دەکەن تاکو ئێران نەتوانێت بە هیچ پاساوێک هێرش بکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.

فەرماندەکانی ناو هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران پاڵپشتی لە دووبارە هێرشکردن دەکەن بۆ سەر بنکەکانی ئەو هێزانە و باسیان لەوەکردووە، بەغدا سستی نواندووە لە جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانیان بە رێگری کردن لە چالاکی ئەو هێزانە و بوونی میدیای ئاڕاستەکار بۆ جوڵانەوە لە دژی ئێران.

لە لایەکی دیکەوە، سەردانەکە بۆ پێدانی کۆتا راپۆرت دەبێت لەسەر بەرەوپێشچوونی ئارامی سنوورەکان و رێگری کردن لە دووبارە هێرش کردنەوەی ئێران بۆ سەر هێزە کوردییەکان. بەرپرسێکی کوردیش رایگەیاندووە، "شاندێکى کورد یاوەری شاندەکە دەکەن."

میدیا عیراقییەکان باس لەوە دەکەن، ئێران بەردەوام باس لە دزەکردن دەکات لە سنوورەکان دا بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، لە کاتێک دا عێراق لە پێکهێنانی لیوای نوێی پاسەوانی سنوور بەردەوامە کە بە درێژای 160 کیلۆمەتر سنووری نێوان عێراق و ئێران پڕ دەکەنەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلول، سوپای پاسداران بە 73 موشەک هێرشی کردە سەر بنکەکانی هێزە چەکدارییەکان لە ناو خاکی هەرێم و لە ئەنجام دا 13 کەس گیانیان لەدەستدا و 58 کەسی دیکەش برینداربوون. جێگەی ئاماژەیە هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی کۆیە و پردێ لە پارێزگاى هەولێر و ناوچەى زڕگوێز لە پارێزگاى سلێمانى بوون.


PM:04:52:25/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو