سەرۆکایەتی کۆمار: هەواڵی برینداربوونی سەرۆک کۆمار دوورە لە ڕاستییەوە


وێستگەنیوز_

پاش ئەوەی دوێنێ لە چەند میدیایەکی عیراق  وا بڵاوبووەوە کە لە کاتی دابەزینی لە فرۆکە، سەرۆک کۆماری عیراق برینداربووە و ئازاری پێگەیشتووە، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا هەواڵێکی ناڕاستیان بڵاوکردەوە و باس ئەوە دەکەن کە "جەنابی سەرۆک کۆمار دکتۆر، لەتیف جەمال ڕەشید لە کاتی دابەزینی لە فڕۆکە ئازاری پێگەیشتوە و بریندار بووە، لەم ڕووەوە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە، و تەندروستی سەرۆک کۆمار لەبارێکی تەواو ئاساییە وەک هەمیشە لە سەرۆکایەتی کۆماردا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات."

لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆک کۆمار، "بەدرێژایی ڕۆژانی ڕابردوو، و تا ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی 5ـی 2023، چەندین چالاکیی ئەنجامداوە کە لەڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوکرانەوە و پەخشکراون، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەوەی لەلایەن هەندێک سۆشیال میدیاوە بڵاوکرایەوە  ڕاست نییە."

"شاراوە نییە کە سەرچاوەی ئەو دەنگۆیانە ناسراو و ئامانجەکانیان ئاشکران و ڕەفتارێکی نابەرپرسانەن، وەک چۆن کەسانی نابەرپرس لە ڕێگەیانەوە پشێوی و نادروستی لە کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دروست دەکەن، بۆ  ئەمەش ئێمە پابەند دەبین بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی تا ڕێگرییان لێبکات." فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار وا دەڵێت.

هاوکات داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات کە وردبین بن و "سەرنجیان ڕادەکێشین بۆ پێویستی پشتڕاستکردنەوەی ڕاستی هەواڵەکان پێش بڵاوکردنەوەیان و پابەندبوون بە ستانداردەکانی متمانەپێکردن و پیشەیی بوون لە بڵاوکردنەوەدا."


PM:03:30:23/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو