تۆمەتی ئەشکەنجەدان بەسەر ئەمریکییەکدا ساخکرایەوە لە هەرێمی کوردستان کارگەی نایاسایی چەکی دانابوو

‌رۆس رازیۆ

وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، تاوانی ئەوە بەسەر هاووڵاتییەکی ئەمریکیدا ساخبووەتەوە، کە دەگوترێت ئەو کاتەی کارگەیەکی قاچاخی چەکی لە هەرێمی کوردستان هەبووە، کارمەندێکی خۆی ئەشکەنجەداوە.

 
دوای ئەوەی کە لە دادگای فیدراڵیی پەنسلڤانیا، ئەشکەنجەدان و چەند تاوانێکی دیکەی بەسەردا ساخکرانەوە، رۆس رازیۆی تەمەن 54 ساڵ، رووبەڕووی ئەگەری سزای تاهەتایی دەبێتەوە.
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگه‌یاند، ساڵی 2015 رازیۆ سەرقاڵی دروستکردنی کارگەیەک بووە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی تفەنگی (ئێم فۆڕ) دروستبکات، کە وەک وەزارەتەکە دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستە، پارچەی چەکەکەی لە ئەمریکاوە بە قاچاخ بردووەتە هەرێمی کوردستان. لەو کاتەدا، یەکێک لە کارمەندەکانی کە بە رەچەڵەک ئیستۆنی بووە، گومانی لە پڕۆژەکە کردووە.
 
رۆزیۆ نەیویستووە کارمەندەکە دەستوەردان لە پڕۆژەکەدا بکات و گومانی لەسەر دروستبکات، بۆیە بە هاوکاریی ژمارەیەک سەربازی کورد، ئەوی فڕاندووە، ئەمە وەک دادگای فیدراڵیی پەنسلڤانیا رایگەیاندووە.
 
پیاوە ئیستۆنییەکە دواتر گوێزراوەتەوە بۆ سەربازگەیەکی هەرێمی کوردستان و بۆ ماوەی 39 رۆژ لەوێ هێڵدراوەتەوە، لەو ماوەیەدا رۆزیۆ چەندین جار لێپرسینەوەی لەگەڵ کارمەندەکەدا کردووە و ئەشکەنجەی داوە، داوای لە سەربازەکان کردووە بە سۆندە لێیبدەن، کیس بخەنە سەری بۆ ئەوەی هەناسەی ببڕن و هەڕەشەی لێکردووە پەنجەکانی بە کەتەر لێبکاتەوە، ئەمە وەک وەزارەتی دادی ئەمریکا روونیکردووەتەوە.
 
وەزارەتەکە هاوکات دەشڵێت: "لانیکەم جارێک، رۆزیۆ قایشی خۆی لە ملی قوربانییەکە ئاڵاندووە و ئەوی بە زەویدا کێشاوە، لە بەرزاییدا هەڵیواسیووە و وای لێکردووە لەهۆش خۆی بچێت".
 
رۆزیۆ و کۆمپانیاکەی لە ساڵی 2018، 37 تۆمەتی هەناردەکردنی چەکی نایاساییان درایە پاڵ.
 
ساڵی رابردوو، بە پشتبەستن بە یاسایەکی ساڵی 1994ی تایبەت بە ئەشکەنجەدان، وەزارەتی دادی ئەمریکا تۆمەتی ئەشکەنجەشی بۆ کەیسکە زیادکرد.
 
رۆژی هەینی، تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدان، پیلانگێڕی، هەناردەکردنی چەکی نایاسایی، سپیکردنەوەی پارە، قاچاخچێتی و چەندین تۆمەتی دیکە بەسەر رۆزیۆدا ساخکرانەوە. تەنیا یەک ئەمریکیی دیکە بەو یاسایە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە و تاوانبارکراوە.
 
لە ساڵی 2009، دادگایەکی ئەمریکا، هاووڵاتیێکی ئەمریکیی بە ناوی چارلس تایلۆر، بە 97 ساڵ بەندکردن سزادا لەسەر ئەشکەنجەدانی خەڵک لە لایبیریا لە ساڵانی 1999 بۆ 2003.


AM:10:31:23/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت