ڕۆژنامەی ئەلمەدا لایەنە شاراوەکانی گروپی (اصحاب القضیة) یەکاڵا دەکاتەوە


وێستگەنیوز-

ڕۆژنامەی (المدی)، لە ژمارەی ئەمڕۆیدا، بابەتێکی لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکەدا بڵاو کردۆتەوە کە زانیاریی و بۆچوونی گرنگ و نوێی تێدایە سەبارەت بە گرووپی (اصحاب القضية) و پەیوەندییان بە موقتەدا سەدڕەوە، ڕاپۆرتەکەی ئەلمەدا پشتپەردەی ئەو گرووپە ئاشکرا دەکات و ڕەهەندە جیاوازەکانی یەکاڵا دەکاتەوە. لەبەر گرنگیی ڕاپۆرتەکە و زانیارییە وردەکانی ناواخنی (وێستگەنیوز) بەشێکی زۆری ڕاپۆرتەکەی کردووە بە کوردیی. 

لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە دەدرێت کە لەناو هێزە شیعییەکاندا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ڕەواج بدەن بەو بۆچوونەی کە گرووپی (اصحاب القضية) کە بانگەشەی ئەوە دەکەن موقتەدا سەدڕ (ئیمامی مەهدیی چاوەڕوانکراوە)، لەلایەن خودی موقتەدا خۆیەوە دنە دەدرێن و ئەوەش بۆ ئەوەی لەو گۆشەگیرییە سیاسییەی لە ساڵی ڕابردووەوە "تووشی خۆی کردووە"؛ دەربازی ببێت.

ئەم بانگەشەیە لە لایەن لایەنگرانی سەدڕەوە ڕەت دەکرێتەوە، ئەوان پێیان وایە گرووپی (ئەسحاب ئەلقەزییە)؛ گرووپێکی لادەر و گومڕان لەڕووی عەقیدەییەوە، لایەنگرانی سەدڕ پێیان وایە ئەو گرووپە لەلایەن نەیارانی سەدڕەوە دنە دەدرێن بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی سەدڕ درووست بکەن بەتایبەتیی ئێستا کە دەزانن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەبەردەرگایە.

ڕۆژنامەکە، لە دەرەوەی ئەم دوو تێڕوانینە، ئاماژە بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسیی دەدات، ئەوان کە پێیانوایە، ئەم گرووپە تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە نا، بەڵکو لەڕووی وجوودیشەوە مەترسیین بۆ سەر موقتەدا سەدڕ و ڕەنگە هەر ئەم گرووپە خۆیان پاکتاوی سەدڕ بکەن بە پاساوی ئەوەی "موقتەدا ڕەتی دەکاتەوە ئەو مەهدیی چاوەڕوانکراو بێت"، بەتایبەتیی کە ئێستا نەیارانی سەدڕ پلانی ئەوەیان هەیە بۆ هەتاهەتایە سەدڕ لە کایەی سیاسیی دوور بخەنەوە.

ڕۆژنامەی ئەلمەدا پێی وایە گرووپی (اصحاب القضية)  گرووپێکی گوماناویین و تەمومژێکی زۆر لەدەوریان هەیە کە ڕێگرە لەوەی بەباشی بناسرێن و ناسنامەیان دیاریی بکرێت، پێشتر و مانگێک لەمەوبەر، کاتێک ئەم گرووپە بۆ یەکەمجار دەرکەوتن و بانگەشەیان کرد موقتەدا سەدڕ (مەهدیی چاوەڕوانکراو)ـە، پاش چەند ڕۆژێک دەسەڵاتی دادوەریی ٦٥ کەسی لەو گرووپە دەستگیر کرد.

موقتەدا سەدڕ، بەتووندیی ڕووبەڕووی ئەو گرووپە وەستایەوە و چەند ڕێوشوێنێکی نوێی بۆ شوێنکەوتووانی ڕاگەیاند و داوی بەخۆداچوونەوەی لە شوێنکەوتووانی کرد، سەرباری ئەوەش، پاش یەک مانگ لە بێدەنگیی، دیسانەوە چەند کەسێک بەناوی گرووپەکەوە ڤیدیۆیەکی نوێیان بڵاوکردەوە، لە ڤیدیۆکەدا سێ کەسی دەمامکداری نەناسراو دەردەکەون و داوا دەکەن لەبەردەم ماڵەکەیدا بەیعەت بە موقتەدا سەدڕ بدرێت وەکو ئیمامی زەمان و کۆدەتا بەسەر دەوڵەتی (بەنی عەبباس)ـدا بکەن لە بەغداد.

ژمارەیەک ناوەندی سیاسیی بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە هەندێک ڕەوتی شیعە وای دەبینن گرووپەکە لەلایەن سەدڕەوە دنە دەدرێت هەتا بیکاتە دەروازەیەک بۆ گەڕانەوە ناو کایەی سیاسیی، ئەو سەرچاوانە پێیان وایە ڕەنگە سەدڕ سوودمەند بێت لە بانگەشەی ئەم گرووپە بۆ ئەوەی پێ بنێتە ناو هەڵبژاردنەکانی داهاتووەوە و پێشدەچێت لەڕێی ئەم گرووپەوە، متمانەی لایەنگرانی بەدەست بهێنێتەوە بەتایبەتیی دوای هەڵمەتی (پەیمانی خوێن) کە وەکو ڕاپرسییەکی لایەنگرانی سەدڕ چاوی لێ کرا.

هەندێک لە سەرچاوەکانی دیکەی ئەلمەدا، بە دووری نازانن کە لایەنە شیعەکانی نەیاری موقتەدا سەدڕ ئەم گرووپە بەکار بهێنن بۆ لێدان لە بنکەی جەماوەریی ڕەوتی سەدڕ. 

لە دواهەمین ڤیدیۆی گرووپی (اصحاب القضية)ـدا سێ کەسی دەمامکدار دەردەکەون کە ئاڵایەکیان بەدەستەوەیە و لەسەری نووسراوە "بەیعەت بە ئیمامی چاکسازی چاوەڕوانکراو موقتەدای مەهدی ئوممەتەکان دەدەین سەلامی خودای لێ بێت". 

هەر لەو ڤیدیۆیەدا یەکێک لە دەمامکدارەکان قسە دەکات و ئاماژە بەوە دەدات کە هەمووان دەبێت دوو کار بکەن: یەکەم بەیعەت بە موقتەدا سەدڕ بدەن وەکو (مەهدیی چاوەڕوانکراو)، دووەم؛ دواتر بەکۆمەڵ بەڕێ بکەون بەرەو بەغداد "پایتەختی خراپە و خراپەکاران بۆ کودەتا کردن بەسەر دەوڵەتی بەنی عەبباسدا کە محەممەد شیاع سوودانیی تاغووت سەرۆکایەتیی دەکات، ئینجا دەوڵەتی بەدیی و بەدکاران لەناو دەبەین و فەرمانڕەوایەتییەکەی دەگەڕێنینەوە بۆ خاوەنەکەی کە ئەویش چاکسازی ئەمینە (واتە موقتەدا سەدڕ)."

بە بڕوای هەندێک لە نزیکانی سەدڕ لە (حەنانە)ـی بارەگای سەرەکیی ڕەوتی سەدڕ لە شاری نەجەف؛ کە بە تایبەت بۆ ڕۆژنامەی ئەلمەدا لێدوانیان داوە؛ "پێداگریی ئەو گرووپە لەسەر بەیعەتدان بە سەدڕ سەرباری ئەوەی زیاد لە جارێک هۆشداریی پێ داون، چاوگێکە بۆ تەشویشخستنە سەر ڕەوتەکەی ئەگەر ویستی بەشداریی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات".

پێشتریش هەندێک لە نزیکانی سەدڕ جەختیان کردبووەوە کە گرووپی (اصحاب القضية) لە لایەن هەندێک لایەنی سیاسیی شیعە و بە کۆمەکیی ئێران دنە دەدرێن؛ بۆ ئەوەی دواتر ببنە "یەکەیەکی چەکدار یان ڕەوتێکی سیاسیی" هاوشێوەی ئەوەی پێشتر چەند لایەنێک لە ڕەوتی سەدڕ جیابوونەوە، ئەو کەسانە بەدووریشیان نەزانی "ئەو گرووپە توندوتیژیی بەکار بهێنن". 

حەیدەر جەلیل جابری؛ بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتی سەدڕ؛ پێی وایە گرووپی ناوبراو کە بوونە هۆی تووڕەبوونی موقتەدا سەدڕ؛ "فەقێگەلێکی گومڕای حەوزەی نەجەفن، ئامانجیشیان لەکەدارکردنی ناوبانگی ڕەوتی سەدڕ و لێدانیەتی و پیشاندانی موقتەدا سەدڕە وەکو کەسێک لە ڕووی عەقیدەوە گەمارە، سەرباری ئەوەی ئامانجیانە ئاگری فیتنەی ناوخۆیی لەنێوان لایەنگرانی ڕەوتی سەدڕدا بخوڵقێنن و سەرۆکەکەی سەرقاڵ بکەن بە کۆمەڵێک کێشەی لاوەکییەوە، هەروەها بۆ ئەوەی سەرنجی پەرت بکەن و لە کۆتاییشدا لاوازی بکەن".

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامە عێراقییەکە، کە لە سەرچاوەی جیاجیاوە بەدەستی هێناون، لە عێراق هەشت گرووپ هەن کە سەر بە رەوتی "مەهدییگەرایین"؛ واتە ئەوانەی باوەڕیان بە دەرکەوتنەوەی مەهدیی چاوەڕوانکراوە، هەموو ئەم گرووپانە دوای تێرۆرکردنی باوکی موقتەدا سەدڕ لە ساڵی ١٩٩٩ەوە دەرکەوتن، کە چوار لەوانە ئاشکران کە بریتیین لە: گرووپی "الصرخیة: سوورخییەکان"، "جند السماء: جەنگاوەرانی ئاسمان"، هەروەها گرووپی (اصحاب القضية) کە ئەویش لە دوو گرووپ پێک دێت: یەکەمیان (بزاڤی ڕووحوڵڵا؛ واتە ئەوانەی پێیانوایە ڕووحوڵڵا خومەینی (ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران)؛ ئیمامی مەهدییە، ئەوانە باوەڕیان بەوەیە خومەینی نەمردووە، بەڵکو دیار نەماوە و دەردەکەوێتەوە، دووەمیش؛ بزاڤی (النبأ العظیم) کە باوەڕیان بەوەی موقتەدا سەدڕ مەهدیی چاوەڕوانکراوە".

محەممەد نەعناع؛ توێژەر و چاودێری پرسە سیاسییەکانی عێراق، بە ڕۆژنامەی ئەلمەدای ڕاگەیاندووە گرووپی (اصحاب القضية)، پرۆژەیەکی سیاسیی دژە ڕەوتی سەدڕن، بە وتەی نەعناع، ناکرێت گرووپەکە بە ڕەوتێکی ئایدۆلۆجیی وەسف بکرێن. 
ئەو توێژەرە بۆ ئەلمەدای ڕوونکردۆتەوە کە گرووپی (اصحاب القضية)، لە پرسی باوەڕ بە (مەهدیی چاوەڕوانکراو)، دژی بنەماکانی مەزهەبی دوانزەئیمامی شیعەن، ئەویش لەبەر دوو هۆکار: یەکەمیان نهێنییپارێزیی؛ چونکە بەپێی عەقیدەی شیعەگەرایی هەر کەسێک نهێنیی ئیمام مەهدیی ئاشکرا بکات یان ئاماژە بە کەسایەتیی و شوێنەکەی بدات کارێکی حەرامی کردووە و بە بەدکار لەقەڵەم دەدرێت و لە هەندێک مەزهەبیاندا کوشتنی واجبە.

خاڵی دووەمیش بریتییە لەوەی ئیمامی مەهدی کەسایەتییەکی بێخەوش و کامڵە، لە کاتێکدا موقتەدا سەدڕ مرۆڤە و لە بواری سیاسەت و ئیجتیهاددا هەڵە و پەڵەی هەیە، هەربۆیە بە بڕوای نەعناع "هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن (اصحاب القضية) گرووپێکی سیاسیی دنەدراون لە لایەن نەیارانی موقتەدا سەدڕەوە".

نەعناع پێشیوایە نەیارانی موقتەدا سەدڕ وای دەبینن کە موقتەدا سەرباری پاشەکشەکردن و تەنانەت ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووشدا بەشداریی نەکات؛ هێشتا وەکو هەڕەشەیەکی جددی دەمێنێتەوە و هەرکاتێک بیەوێت دەگەڕێتەوە گۆڕەپانەکە و دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر هێزە سیاسییە شیعییەکانی عێراق.

نەعناع دەڵێت: "دوای ساڵی ٢٠١٤، سەدر گەڕایەوە مەیدانەکە و توانیی خەونی مالیکی بۆ ئەوەی بۆ سێیەم جار ببێتەوە سەرۆکوەزیران لەبار بەرێت، ئێستاش هەمان شتە و دەتوانێت لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکە بگەڕێتەوە. هەربۆیە نەیارەکانی دنەی (اصحاب القضية) دەدەن، زانیارییەکانیش ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم گرووپە لەکۆتاییدا ئەگەر سەدڕ هەر سوور بێت لەسەر ڕەتکردنەوەی گرووپەکەیان دەستبدەنە توندوتیژیی و سەدڕ لەناوبەرن".

لە پایانی لێدوانەکانیدا نەعناع باسی ئەوە دەکات کە ڕەوتە جیاوازەکانی شیعە وای دەبینن هەڕەشەی سەدڕ کۆتایی نایەت هەتا "بە یەکجاریی پاکتاو نەکرێت و نەکوژرێت"، ئاماژەش دەدات بەوەی "ڕنگە ئێستا کاتێکی گونجاو بێت بۆ نانەوەی ئاژاوە و لەناوبردنی یەکجارەکیی ڕابەری ڕەوتی سەدر".


PM:10:02:22/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت