فارس عیسا: 200 ملیار دیناری دیكه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێم


وێستگه‌نیوزـ

حكومەتی عێراق بڕی 200 ملیار دیناری دیکەی خستە سەر هەژماری بانكی حکومەتی هەرێمی ‏كوردستان ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ 800 ملیار دینار كه‌ له‌م مانگه‌دا به‌غدا ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كردبێت.

 
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ی ئایاری 2023، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند: "حكومەتی عێراق بڕی 200 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانكیی هەرێمی ‏كوردستان".
 
ئەمە دەبێتە 800 ملیار دینار لەم مانگەدا لە بەغداوە رەوانەی هەولێر بکرێت، رۆژی 17ی ئایار 200 ملیار دینار لە رێگەی بانکی رەشیدەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی هەرێمی کوردستان.
 
هەروەها 9ی ئایار، حکومەتی عێراق 400 ملیار دیناری بۆ مووچە رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد.
 
دوای گەیشتنی یەکەم بڕە پارە لە بەغداوە، رۆژی یەکشەممە 14ی ئایاری 2023، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان کرا و یەکەم رۆژی دابەشکردنی مووچەش وەزارەتی تەندروستی و چەند شوێنێکی دیکە مووچەیان وەرگرت.
 
ناردنی پارە بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە رۆژی 26ی شوباتی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق گەیشتنە رێککەوتنی بەرایی لەبارەی پرسی بودجە؛ خوێندنەوە بۆ بودجەکە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تا ئەمڕۆ تەواو نەبووە؛ بۆیە حکومەتی عێراق ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت وەک قەرز هەژماری دەکات تا ئەو کاتەی بودجەکە پەسه‌ند دەکرێت.
 
ئێستا هەرێمی کوردستان پشتنی بە داهاتی ناوخۆ و ئەو پارەیە دەبەستێت حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دەینێرێت، لە ئەگەری نەناردنی پارە لەلایەن بەغداوە بۆ هەر مانگێک کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست دەبێت.


PM:12:13:22/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو