ژنە وەرزشکارێکی ئیسپانیی 500 ڕۆژ لە ئەشکەوتێکی ژێر زەوییدا دەمێنێتەوە


وێستگەنیوز_زەگاردیەن

لە ئەزموونێکی دەگمەن و کەموێنەدا پیاتریس فلامینی؛ کە ژنە وەرزشوانێکی ئیسپانییە، لە ئەشکەوتێکی ژێر زەوی کە قوڵییەکەی 70 مەترە بۆ ماوەی 500 ڕۆژ (ساڵێک و چوار مانگ و پانزە ڕۆژ) بە تاقی تەنیا و دابڕاو لە دونیا دەمێنێتەوە. 

پیاتریس کە هەینیی ڕابردوو14ـی 4ـی 2023، کاتژمێر 09:00ـی سەرلەبەیانی لە ئەشکەوتە ژێرزەمینییەکەی هاتە دەرەوە، ڕۆژی شەممە 20ـی 11ـی 2021، سێ مانگ بەر لە هێرشی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا لە ناوچەیەکی دوور لە دەرەوەی شاری غەڕناتە، چووە ناو ئەشکەوتەوەکەوە و خۆی لە دونیا دابڕی بە ئامانجی ئەوەی تێبگات جەستە و عەقڵ چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆشەگیریی سەخت و بێبەشبووندا دەکەن.

پیاتریس کە شاخەوانێکی پیشەگەرە و تەمەنی 50 ساڵە، کاتێک چووە ناو ئەشکەوتەکەوە، لە لایەن تیمێک لە زانایانی زانکۆکانی (ئەلمیریا)، (غەرناتە) و (مۆرسیا)وە چاودێریی دەکرا، ئەویش تەنیا لە ڕێی کورتە نامەوە بە ئامانجی زانینی تەندرووستیی و دڵنیابوون لە سەلامەتییەکەی.. بەپێی خەمڵاندنەکان، پیاتریس ژمارەی پێوانەیەیی درێژترین مانەوەی بەتەنیای مرۆڤی لە ئەشکەوتێکدا شکاندووە.

سەبارەت بەوەی چۆن ئەو هەموو ماوەیە توانیویەتی خۆی ڕابگرێت و تەحەممول بکات؛ پیاتریس بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "من لەو ئەشکەوتەدا تەواو لەگەڵ خۆمدا تەبا بووم و لە هەماهەنگییەکی تەواودا بووم لەگەڵ خۆم". سەبارەت بەوەی چۆن کاتەکانی بەسەر بردووە؛ پیاتریس ڕوونی کردەوە کە بە خوێندنەوە و نووسین و وێنەکێشان و بەرگدروونەوە سەرقاڵ بووە لەگەڵ چێشتلێنان و وەرزشکردن بۆ ئەوەی توانای جەستەیی وەکو خۆی بمێنێتەوە، هەموو ئەوانەشی لەڕێی دوو کامێراوە تۆمار کردووە.
لەو ماوەیەدا پیاتریس بە تەواوەتیی لە هەموو هەواڵ و دەنگوباسێکی دەرەوە دابڕاوە، پەیمانیشی لە هەمووان (بەتایبەتیی تیمی زانستیی سێ زانکۆکە) وەرگرتووە کە لە دەرەوە هەرچییەک ڕووی دا پێی نەڵێن تەنانەت ئەگەر کەسی زۆر نزیکیشی گیانی لە دەستدا. 

"لەو ماوەیەدا 60 کتێبم خوێندەوە" پیاتریس وای وت، هەروەها دوای هاتنەدەرەوەی باسی وردەکارییەکانی ژیانی ئەو 500 ڕۆژەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد، ئاماژەی بە ئاستەنگەکانی دا و باسی ئەوەی کرد کە ئەگەر مرۆڤ بۆ ئەو ماوە زۆرە گۆشەگیر بێت چی بەسەر دێت، پیاتریس ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ئەزموونە بۆ ئەو چێژبەخش و واتادار بووە و ئامادە بوو 500 ڕۆژی دیکەش بمێنێتەوە و دڵتەنگیش بووە کاتێک هاتۆتە دەرەوە.

سەبارەت بەوەی بۆچی بە هاتنەدەرەوە لەو ئەشکەوتە و پاش ئەو ماوە درێژە هێشتاش دڵخۆش دیار بووە؟ پیاتریس وتی: "هەستی تۆ چۆن دەبێت ئەگەر خەونێکت هەبێت و بێتە دی؟ ئایا بە گریانەوە دێیتە دەرەوە؟".
Beatriz Flamini in her caveFlamini opening a food package in the darkFlamini at the press conference


PM:05:55:17/04/2023


ئه‌م بابه‌ته 5764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو