به‌زمی پشوو؛ له وڵاتی تۆزقاڵه ده‌وامدا
وێستگه‌نیوز-
"تۆ شه‌و سه‌عات 12 خه‌وتوویت، جلت ئوتوو، پێڵاوت بۆیاخ و سه‌عاته‌كه‌ت میقات كردووه، به‌یانیی ئاسایی زوو هه‌ڵده‌ستیت، نان ده‌خۆیت و به‌ره‌و ده‌وامه‌كه‌ت به‌ڕێ ده‌كه‌ویت، ده‌بینیت و باوه‌ڕ به چاوی خۆت ناكه‌یت كه وه‌كو گۆرانییه‌كه ده‌ڵێت "جاده چۆڵه"، تۆش ده‌كه‌ویته گومانه‌وه، تۆ بڵێی سه‌عاته‌كه‌م له‌پێش نه‌بێت، ئاخر هه‌موو ڕۆژ ئه‌م كاته سه‌ر ئه‌و شه‌قامه فڕكان فڕكانێكه نه‌بێته‌وه، ئێستا بۆ وا چۆڵه!
ئیدی زوو زوو سه‌یری كاتژمێره‌كه‌ی ده‌ستت، هی ئۆتۆمبێله‌كه و ئه‌وه‌ی مۆبایله‌كه‌ش ده‌كه‌یت و ده‌بینیت هه‌موو شت ته‌واوه، له‌م فیكرانه ڕۆچوویت كاتێك ده‌گه‌یته به‌رده‌می فه‌رمانگه‌كه‌ت و ده‌بینیت ده‌رگا داخراوه و كه‌س له‌وێ نییه، ئینجا ده‌كه‌ویته سۆراغی ئه‌و ڕۆژه‌ی تێیدایت، ئایا هه‌ینیی یان شه‌ممه نییه، سه‌یری ڕۆژژمێری مۆبایله‌كه‌ت ده‌كه‌یت و هه‌موو شت ته‌واوه و ڕۆژ ڕۆژی ده‌وامه، ئه‌ی بۆ كه‌س له‌وێ نییه! تێناگه‌یت و ده‌ڵێیت له ئاسمانه‌وه فڕێ دراویته‌ته خواره‌وه، گومانت هه‌یه كه خه‌ون ببینێت.
ته‌له‌فۆن بۆ هاوپیشه‌یه‌كت ده‌كه‌یت، وه‌ڵام ناداته‌وه، بۆ یه‌كێكی دیكه، ئه‌ویش وه‌ڵام ناداته‌وه، بۆ سێیه‌م و ئه‌ویش هه‌ر هیچ، فه‌رمانگه‌كه‌شت كه‌سی لێ نییه و پاسه‌وانه‌كه‌ی ده‌مێكه ڕۆیشتووه، تۆ بڵێی چیی ڕووی دابێت، شه‌و خه‌وتوویت و هه‌موو شت ئاسایی بووه، هه‌زار غایه‌ڵه و ختووره دێت به دڵتدا، تۆ بڵێی به‌ڕێوه‌به‌ره ڕه‌زاگرانه‌كه‌تان نه‌مردبێت و هه‌موو له گۆڕستان بن بۆ ناشتنی! له‌رزێكی خۆشییهێن به‌ده‌نت داده‌گرێت، به‌ڵام باوه‌ڕ ناكه‌یت!!
ئه‌ی تۆ بڵێی چیی بووبێت! مێشكت تیژ ده‌كه‌یته‌وه و وه‌كو سۆكرات و ئه‌فلاتۆن و دیكارت و ئه‌نشتاین به‌دوای ڕاڤه‌یه‌كدا وێڵیت، هه‌تا ده‌گه‌یته گومانكردن له خۆت؛ تۆ بڵێی من خۆم بم؟ ئایا ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌یانییه له چه‌رپاكه هاته‌خوار، ده‌موچاوی شت، نانی خوارد، به‌ده‌م فیكه‌لێدانه‌وه خۆی گۆڕیی، سه‌یاره‌كه‌ی ئاژووت، تۆ بوویت یان له‌بری تۆ كه‌سێكی دیكه خه‌به‌ری بۆته‌وه؟؟!! تف له شه‌یتان ده‌كه‌یت، ئایه‌ته‌لكورسیی ده‌خوێنیت، خه‌ریكه سه‌ری بیركردنه‌وه‌یه‌كی دیكه دابمه‌زرێنیت كه زه‌نگی مۆبایله‌كه‌ت لێ ده‌دات.
یه‌كێكه له‌وانه‌یه كه كه‌مێك پێشتر ته‌له‌فۆنت بۆ كردووه، به ده‌نگێكی گرخن و خه‌واڵوو، ئه‌ڵێ: ها چی بووه به‌م شه‌به‌قییه؟ تێكچوویت؟! تۆش ئه‌ڵێیت: وه‌ڵا له شێت خراپترم لێ هاتووه، ئینجا باسی دۆخی ئه‌م به‌یانییه‌ی خۆتی بۆ ده‌كه‌یت، ئه‌ویش ده‌داته قاقای پێكه‌نین و پێت ده‌ڵێت هه‌تیو نه‌بی دیاره تۆ زوو خه‌وتوویت، شه‌و سه‌عات ١ی نیوه‌شه‌و وته‌بێژی حكوومه‌ت ڕایگه‌یاند كه به‌یانی پشووه... ئینجا تۆ له مه‌ته‌ڵه تێده‌گه‌یت و له‌وێدا سێ چوار قسه‌ی مزر و تووك و نزا به حكوومه‌ته ساواكه‌ت و وته‌بێژه‌كه‌یدا ده‌پرژێنیت و لاره‌مل به‌ره‌و ماڵه‌وه ده‌گه‌ڕێیته‌وه... ئه‌مه‌ش به‌زمی پشوو له وڵاتی كه‌مده‌وامدا".
ئه‌م چیرۆكه‌ی سه‌ره‌وه ڕاسته‌قینه‌یه و هاوڵاتییه‌ك له هه‌واڵێكی تایبه‌ت به ڕاگه‌یاندنی پشوو له هه‌رێمی كوردستان كه له دره‌نگانێكی شه‌ودا له (وێستگه‌نیوز) بڵاو كرابووه‌وه، نووسیویه‌تی. ئه‌و هاوڵاتییه فه‌رمانبه‌ره له یه‌كێك له به‌ڕێوه‌به‌رایتییه‌كانی شاری سلێمانی و باسی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یی پشووه‌كان ده‌كات له هه‌رێمی كوردستان و ڕه‌نگه تۆش چیرۆكێكی هاوشێوه و بگره سه‌مه‌ره‌تریشت هه‌بێت.
عێراق و ڕه‌نگه له‌ناویشیدا هه‌رێمی كوردستان؛ له هه‌ر به‌شێكی دیكه‌ی زیاتر، ڕۆژه‌كانی پشووی هێنده زۆرن كه هه‌ندێك كه‌س كردوویانه به نووكته و له‌بری ئه‌وه‌ی بڵێن ئێمه ده‌وام ده‌كه‌ین و جارجار پشوومان هه‌یه؛ ده‌ڵێن: "ئێمه له‌بری ده‌وام پشوو ده‌كه‌ین و جارجار ده‌وام ده‌ده‌ین"، ئه‌وه‌ش به هۆی ئه‌و هه‌موو پشووه‌ی له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا هه‌یه كه ده‌گاته زیاتر له ١٤٠ ڕۆژ له كۆی ٣٦٥ ڕۆژه‌كه‌ی ساڵ.
ئه‌م پشووانه، به‌تایبه‌تیی ئه‌وانه‌ی حكوومه‌ت "هه‌ربه‌هه‌وه‌س" ڕایانده‌گه‌یه‌نێت، زیانێكی زۆر به كه‌رتی خزمه‌تگوزاریی و په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا ده‌گه‌یه‌نێت، له ڕووی ئابوورییشه‌وه زیانێكی گه‌وره به خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت.
جگه له ڕۆژانی كۆتایی هه‌فته (هه‌ینیی و شه‌ممه) كه پشووی ڕه‌سمیین، له ڕۆژژمێری فه‌رمیی حكوومه‌تی عێراقدا نزیكه‌ی ١٥ جۆر پشووی فه‌رمیی هه‌ن، هه‌ر له پشووی سه‌ری ساڵه‌وه، هه‌تا ده‌گاته پشووی جه‌ژنه‌كان، هی بۆنه ئاینیی و نیشتیمانییه‌كان و چه‌ندان بۆنه‌ی دیكه، له‌ناو ئه‌وانه‌دا پشوو هه‌یه كه چه‌ندان ڕۆژ ده‌وام په‌ك ده‌خات: بۆ نموونه جه‌ژنی سه‌ری ساڵ و جه‌ژنه‌كانی قوربان و ڕه‌مه‌زان.
عێراق له ڕیزبه‌ندیی سه‌ره‌وه‌ی وڵاتانی جیهاندایه له زۆریی ڕۆژه‌كانی پشوو و بۆنه ئایینیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا، ئه‌مه جگه له‌و پشوو نافه‌رمییانه‌ی كه دۆخێكی تایبه‌تی وه‌كو كڕێوه و سه‌رما، باران و لافاو، یان بوومه‌له‌رزه (كه ئه‌مه‌یان زۆر سه‌مه‌ره‌یه و ته‌نیا له هه‌رێم هه‌یه و ڕه‌نگه له هه‌موو جیهاندا تاكه نموونه بێت)...
به‌پێی ڕاپۆرتێكی پێگه‌ی (السومریه نیوز)، ئه‌و پشووانه سه‌رباری هه‌موو لایه‌نه نـــه‌رێنییه‌كانی دیكه‌یان، ته‌نیا له یه‌ك ڕۆژدا زیانی ملیۆنان دۆلار به خه‌زێنه‌ی گشتیی ده‌گه‌یه‌نن، دیاره ئه‌مه به‌پێی زانیاریی ئابوورییناسان.
یه‌كێك له ئابوورییناسان به‌م جۆره ئاماژه‌ی به ئاماری ڕۆژه پشووه‌كان داوه له عێراق:
ساڵێكی ته‌واو: ٤٨ هه‌فته
كۆی پشووه ڕه‌سمییه‌كان (كۆتایی هه‌فته: هه‌ینیی و شه‌ممه): ٩٦ ڕۆژ
تێكڕای بۆنه ڕه‌سمییه‌كانی وڵات له ساڵێكدا: ٢٢ ڕۆژ
تێكڕای پشووه ڕه‌سمییه‌كان له یه‌ك ساڵدا: ١١٨ ڕۆژ
ئه‌مه جگه له بۆنه ئایینییه‌كان و پشووه ناچارییه‌كان به هۆی باران و به‌رزیی پله‌كانی گه‌رما و هی دیكه، ئه‌مه وا ده‌كات عێراق له ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا بێت كه زۆرترین ڕۆژی پشوویان هه‌یه، له‌كاتێكدا بۆ نموونه ئینگلته‌را و وێڵز له ساڵێكدا ته‌نیا ٨ ڕۆژی پشووی فه‌رمییان هه‌یه (بێ له ڕۆژانی پشووی كۆتایی هه‌فته) كه ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌و دوو وڵاته كه‌مترین ڕۆژی پشوویان هه‌بێت له‌ناو هه‌موو وڵاتانی جیهاندا.
به‌پێی خه‌مڵاندنێكی نه‌بیل ئه‌لمه‌رسوومیی؛ كه ئابوورییناسه، تێكڕای مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی گشتیی له یه‌ك ڕۆژدا ١٩٢ ملیار دیناره، واته هه‌ر ڕۆژێكی پشوو (جگه له هه‌ینیی و شه‌ممه) هێنده‌ی ئه‌و بڕه‌پاره‌یه زیان به خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام كۆی زیانه ئابوورییه‌كانی تێكڕای پشووه فه‌رمییه‌كان ئه‌گه‌ر ده‌قاوده‌ق وه‌كو ئه‌وه‌ی له ڕۆژژمێری ساڵانه‌ی حكوومه‌تدا دانراوه جێبه‌جێ بكرێن ده‌گاته (٤.٢٢٤.٠٠٠.٠٠٠.٠٠٠) چوار ترلیۆن و دووسه‌د و بیست و چوار ملیار دینار له یه‌ك ساڵدا، خۆ ئه‌گه‌ر پشووه نافه‌رمیی و ناچاریی و (هه‌ربه‌هه‌وه‌سه‌كان)ـی حكوومه‌تیشی بخه‌ینه پاڵ ئه‌وه ده‌گاته زیاتر له (٨.٤٤٨.٠٠٠.٠٠٠.٠٠٠) هه‌شت ترلیۆن و چوارسه‌د و چلوهه‌شت ملیار دینار له یه‌ك ساڵدا.
AM:11:07:17/04/2023
ئه‌م بابه‌ته 15488
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت