باڕکۆد تەمەنی بووە نیو سەدە


وێستگه‌نیوزـ

باڕکۆد کە بریتییە لە سیمبولێکی شیریتیی ژمارەیی و دەدرێت لە بەرهەم و کاڵا بازرگانییەکان و زانیاریی تێدایە سەبارەت بەو کاڵایەی لێ دراوە، تەمەنی بووە پەنجا ساڵ و یۆبیلی زێڕینی بەڕێ دەکات. باڕکۆد بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە و ئێستا شێواز و پێکهاتەی باڕکۆد گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە و لە سیمبولێکی چاپکراوی كاغەزییەوە بووە بە وێنەیەکی دیجیتاڵیی.


باڕکۆد، لەلایەن نۆرمان جۆزیف وودلاند و بێرنار سیلڤەر، لە ساڵی 1952دا مافی خاوەندارێتیی داهێنانی وەرگرتووە، بەڵام تەنیا وەکو بیرۆکەیەکی داهێنەرانە مایەوە تا ئەو دەمەی جۆرج لۆڕەر، ئەندازیاری ئەمریکیی، توانی بەشێوەیەکی پراکتیکیی بەکاری بهێنێت و بەبازاڕی بکات.

بەڵام هێشتا باڕکۆد هەر کۆرپەلەی ناو منداڵدان بوو و لەدایک نەبووبوو، تا لە 3/4/1973 و دوای ڕاوێژێکی زۆری ژمارەیەک پیشەساز و بازرگان، باڕکۆد وەکو سیستمی ناسینەوەی کاڵا و بەرهەمەکان ڕێکەوتنی لەبارەوە کرا و یەکەم جار بە ناوی (EAN13) کە مانای "ژمارەی ئەورووپی بۆ کاڵا"یە ناو نرا و لە 13 ژمارە پێک دەهات.

یەکەم بەرهەمیش کە باڕکۆدی خرایە سەر قوتوویەکی بنێشت بە تامی میوە بوو کە هەنووکە لە مۆزەخانەی نیشتیمانیی مێژووی ئەمریکا لە واشنتن پارێزراوە و لە 26ی یۆنیۆی 1974 باڕکۆدەکەی سکان کراوە.

لە دیدی هەندێک لە هونەرمەند و بیرمەند و فەیلەسووفدا کە زۆر ڕەخنە لە ئاکاری بەکاربەریی زیادەڕەو دەگرن لە سیستمی سەرمایەدارییدا؛ باڕکۆد وەکو شیشەکانی ژووری زیندان وایە، ئەوان پێیانوایە دونیای سەرمایەداریی هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی خەڵکی زۆرترین شت بەکار بهێنن و سەرەنجام زەوی ڕووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون بکەنەوە.

ئەمەش بانگەشەیەکی بەتاڵ نییە، باڕکۆد ئاسانکارییەکی زۆری کردووە بۆ بەرخۆریی و کاڵامەسرەفکردن، بۆ ئەوەی ئاستی بەرخۆریی دانیشتووانی جیهانیش بزانیت؛ گرنگە ئاگادار بیت کە ڕۆژانە شه‌ش ملیار باڕکۆد و لە هەر چرکەیەکدا 70 هەزار دانە سکان دەکرێن، ئەمەش ئاستی بەرخۆریی لە دونیادا پیشان دەدات.

سەرباری ئەوەی باڕکۆد سیستمێکی کۆدیی زۆر کارا و بەربڵاو و ئاسانە، بەڵام هەنووکە هاوشێوەیەکی بۆ قووت کراوەتەوە و ناوی کیو ئاڕ کۆد (QR Code)ـە. ئەم کیو ئاڕ کۆدە لەلایەن ماساهیرۆ هارا-ەوە داهێنراوە و زۆر لە باڕکۆد پێشکەوتووترە، چونکە بوارەکانی بەکارهێنانی زۆر هەمەڕەنگترە و توانای هەڵگرتنی زانیاری زۆر فراوان و زیاتری هەیە و لە ڕووی بەکارهێنانی دیجیتاڵیشەوە زۆر کاراترە.


PM:02:16:02/04/2023


ئه‌م بابه‌ته 1992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو