دیمەنی مزگەوتێک هەرا دەنێتەوە


وێستگەنیوز_

هەندێک وێنە پیشانی دەدەن مزگەوتی ئەلمەرجان' کە مزگەوتێکی دێرین و شوێنەوارییە و درووستکردنی بۆ سەردەمی عەبباسییەکان دەگەڕێتەوە بە هۆی ئەوەی زبڵ و خاشاکێکی زۆری تێدا کۆبووەتەوە بووەتە سەرەنوێلک. دوای ئەوەی وێنەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بڵاو کرانەوە هەرای نایەوە و بووە هۆی تووڕەکردنی ژمارەیەکی زۆر لەوانەی هەژمارەی سۆشیەڵ مێدیایان هەیە.

مزگەوتی ئەلمەرجان کە لە ناوەڕاستی شاری بەغداد و لەسەر شەقامی ئەلڕەشیدە، شوێنەوارێکی تەلارسازیی سەردەمی عەبباسییەکانە و ساڵی 1356ـی زایینیی درووست کراوە.
 
وەکو لە وێنەکاندا دەردەکەوێت دەرگای سەرەکی مزگەوتەکە کە توحفەیەکی تەلارسازییە؛ بۆتە سەرەنوێلک و زبڵێکی زۆری تێدا کۆبووەتەوە، هەروەها ئاوێکی زۆر چووەتە ناو مزگەوتەکە و بە وتەی شارەزایان ئاوەکە هەتا چینەکانی خواری خوارەوەی بناغەی دەروازەی مزگەوتەکە ڕۆچووە و پێدەچێت زیانی پێ گەیاندبێت و ئەگەر هەر وا بمێنێتەوە ڕەنگە لە داهاتوودا ببێتە هۆی ڕووخانی دەروازەکە و هەندێک بەشی دیکەی مزگەوتەکە 

دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا عێراقییەکاندا هەرای نایەوە و تووڕەیی بەدوای خۆیدا هێنا؛ دەستەی شوێنەوار و کەلەپووری عێراق؛ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە، ئەحمەد فکاک ئەلبەدرانیی، وەزیری ڕۆشنبیریی و گەشتوگوزار، وەقفی سووننی عێراقیی ڕاسپاردووە بە زووترین کات مزگەوتەکە پاک بکەنەوە. 

ڕاگەیەنراوەکەی دەستەی شوێنەوار ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەزارەتی ناوبراو لەگەڵ وەقفی سووننی ڕێککەوتووە کە دوای پاککردنەوە و خاوێنکردنەوەی دەست بە نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە بکەن بەپێی ستانداردە هونەریی و کەلەپووریی و شوێنەوارییەکان، چونکە بەوتەی وەزیرە عێراقییەکە مزگەوتی ئەلمەرجان یەکێکە لە شوێنە دیارەکانی بەغداد و دەبێت بپارێزرێت.

ئەلمەرجان؛ بە تەنیا مزگەوتێکی ئاسایی نییە، چونکە هاوکات قوتابخانەی زانستە ئیسلامییەکانە و مەزاری هەندێک پیاوچاک و زانای ناوداریشی تێدایە.
No description available.No description available.No description available.No description available.No description available.


PM:02:59:01/04/2023


ئه‌م بابه‌ته 6388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت