رووسیا بەتۆمەتی سیخوڕیکردن پەیامنێری واڵ ستریت جۆرناڵی دەستگیرکرد و ئەگەر هەیە 20 ساڵ زیندانی بکرێت


وێستگەنیوز_

رووسیا بەتۆمەتی سیخوڕیکردن پەیامنێری واڵ ستریت جۆرناڵی دەستگیرکرد. لە بەرامبەردا، رۆژنامەکە تۆمەتەکە رەتدەکاتەوە و داوای ئازادکردنی دەکات.

ئەمرۆ پێنجشەممە 30ـی 3ـی 2023، لەراگەیەنراوێکدا رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ دەستگیرکردنی ئیڤان گیرشکوفیتش، بەتۆمەتی سیخوڕیکردن لەلایەن دەزگای ئاسایشی فیدراڵی کە گەورەترین دەزگای ئەمنی نیشتیمانیی و روبەڕووبوونەوەی سیخوڕییە لە رووسیادا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، "کارێکی سەیر و جێگای سەرنجە ."

رۆژنامەکە دەڵێت، "زۆر نیگەرانین لە هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارانی رووسیا بەرامبەر رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکاران. بەتوندی تۆمەتەکان دەربارەی پەیامنێرەکەمان بە ئەنجامدانی کاری سیخوڕی رەتدەکەینەوە و داوادەکەین ئازاد بکرێت."

لای خۆیەوە حکومەتی رووسیا رایگەیاندووە، ئەو پەیامنێرە فەرمانەکانی ئەمریکای جێبەجێ کردووە و زانیاری لەسەر چالاکییەکانی یەکێک لە کۆمپانیاکانی تایبەت بە کۆمەڵگەی پیشەسازی و سەربازی رووسیا کۆکردووەتەوە و ئەوەش نهێنی تایبەت بە دەوڵەتە.

بەپێی زانیاریەکان، ئەگەر پەیامنێرەکە بەتۆمەتی ئەنجامدانی کاری سیخوڕی سزا بدرێت ئەوا 20 ساڵ سزای زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە پەیامنێرەکە هەڵساوە بە کاری رۆژنامەنووسی لە هەردوو وڵاتی رووسیا و ئۆکرانیادا و کاری بۆ نوسینگەی واڵ ستریت جورناڵ کردووە کە بنکەکەی لە شاری مۆسکۆیە و مۆڵەتی کارکردنی لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا وەرگرتووە بۆئەوەی وەک رۆژنامەنووس کار بکات.


PM:03:35:30/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 1252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو