دادگای باڵای‌ فیدڕاڵی سه‌باره‌ت به‌ 400 ملیاره‌كه‌ بڕیارێكی نوێی دا


وێستگه‌ نیوز-
دادگای باڵای‌ فیدڕاڵی عێراق داواكاری په‌رله‌مانتارێكی عێراقی بۆ راگرتنی ناردنی‌ 400 ملیار دیناره‌كه‌ بۆ هه‌رێم ره‌تكرده‌وه‌.


له‌ نووسراوێكی فه‌رمیدا كه‌ ئیمزای‌ دادوه‌ر جاسم محه‌مه‌د عه‌بودی‌ له‌سه‌ره‌ و ئه‌مڕۆ بڵاوكرایه‌وه‌، دادگای باڵای‌ فیدڕاڵی عێراق بڕیاری‌ دا داواكاری راگرتنی ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هه‌رێم له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌ ره‌تبكاته‌وه‌.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "به‌ پشت به‌ستن به‌ دوو هۆكار ئه‌م داواكارییه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ و یه‌كه‌میان بریتییه‌ له‌وه‌ی دواكارییه‌كه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی به‌په‌له‌ی تێدا هه‌یه‌. دووه‌میان بریتییه‌ له‌ بڕیاردان له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ یاخود تێكه‌ڵكردنی رای پێشوه‌خته‌ به‌ دۆسیه‌كه‌".

ئه‌مه‌ش له‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، له‌ ماوه‌ی رابردوو مسته‌فا سه‌نه‌د په‌رله‌مانتاری عێراق داواكارییه‌كی ئاڕاسته‌ی دادگای فیدڕاڵی عێراق كردبوو و تێیدا داوای راگرتنی ناردنی 400 ملیار دینار له‌ وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ بۆ هه‌رێم كردبوو.


PM:04:14:22/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 16276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت